نووسەری بەناوبانگی باكوور و توركیا : كورد هیچ كاتێك ئەوەندەی ئێستا لە دەوڵەتبوون نزیك نەبوەتەوە

كارزان گلی – هه‌ولێر

نووسەری بەناوبانگی باكووری كوردستان (ئایدن دەرە)، پێی وایە، پێویستە كورد بیر لە دروستبوونی دەوڵەتی كوردی بكاتەوە، چونكە لە ١٠٠ ساڵی رابردوو، شەمەندەفەری دەوڵەتبوون بەجێ هێشتین، بەڵام ئێستا ئەو شەمەندەفەرە دەیەوێت بێتەوە، جا ئەگەر ئەمجارەش بەجێمان بهێڵێت، ئەوكات دەبێت ١٠٠ ساڵی تر چاوەڕێ بكەین.

دەرەوە، لە دیمانەیەكی تایبەتدا، بە گرنگی دەزانێت هەموو لایەنێكی سیاسی لە هەرچوار پارچەی كوردستان، پشتگیری لە دەوڵەتی كوردی بكەن.

*لە 25ی ئەیلوولی 2017، هەرێمی كوردستان ریفراندۆم بۆ سەربەخۆیی ئەنجامدا، بەڵام هەندێك پارتی سیاسی و وڵاتان پێیانوایە كاتی ریفراندۆم نەبوو، تۆ چی دەڵێیت لەوروەوە؟
ــ لەم جوگرافیایە گەورەیەدا هیچ نەتەوەیەك نییە كە وەكو كورد گەورەبێت و خاوەن دەوڵەتی خۆی نەبێت، بە درێژایی مێژوویش هەر كۆمەڵكوژییەك و تاوانێك بەرامبەر بە كورد كرابێت، هۆكارەكەی نەبوونی دەوڵەت بووە. پارتە سیاسییە كوردییەكان نابێت بڵێن ئێستا كاتی دەوڵەتی كوردی نییە، بەڵكو پێویستە بڵێن زۆر دواكەوتوین بۆ دروستكردنی دەوڵەت، بەڵام ئەم بۆچوونەیش شتێك نییە تازە بیێت بە لای كوردەوە. ئێمە باش دەزانین كۆلۆنیالیستی ئەو 3 وڵاتەی دەوروبەرمان چۆن بە ناوی سەروەری نەتەوەوە ئێمەیان دواخستوە لەدروستبوونی دەوڵەت و بێڕێزیان بەرامبەرمان كردوە بەوەی گوتویانە وا بكەن و وا مەكەن و هێزی خۆیان بەسەرماندا سەپاندوە، بۆیە هەرێمی كوردستان مافی ڕەوای خۆیانە خۆیان بڕیار لەچارەنووسی خۆیان بدەن نەك لایەنێكی تر، ئەوەی لەسەر پارتە سیاسییەكانی تری پارچەكانی كوردستانیشە پاڵپشتیكردنی ئەو پڕۆسەیەیە.
مافی چارەی خۆنووسین یەكێكە لەپڕەنسیپەكانی (ویلسۆن) كە نەتەوە یەكگرتوەكانیش بە رێزەوە لەو مافە دەڕوانێت. ئەو وڵاتانەیشی كە لەگەڵ سەربەخۆیی باشووردا نین، ئایە تا چەند لەنەتەوە یەكگرتوەكان خاوەن بڕیارن و دەتوانن دژی ئەو مافەی كورد بوەستنەوە؟ لەلایەكی ترەوە لەسەر هەموو پارتە سیاسییەكانی هەر 4 پارچەی كوردستان پێویستە پشتگیری لەسەربەخۆیی كوردستان بكەن، چونكە ئەم هەنگاوە بوێری دەداتە كوردانی پارچەكانی تر و ئینكاربوونی كۆلۆنیستەكان بۆ دەوڵەتی كوردی رەتدەكەنەوە و سەربەخۆیی بوونی خۆیان دەسەلەمێنن.

*بۆچی ئەگەر هەرێمی كوردستان ببێتە دەوڵەت، توركیای پێسەغلەت دەبێت؟ لەكاتێكدا لەم ساڵانەی دواییدا توركیا و هەرێمی كوردستان پەیوەندی زۆر بەهێزیان لەگەڵ یەكتریدا هەیە. باشە بۆ توركیا دەوڵەتی كوردستان دراوسێی بێت باشترە یان عێڕاقێكی نائارام و پارچە پارچە؟
ـ ئەگەر بە بیرتان بێت كاتێك هەرێمی كوردستان لە 1991 بووە خاوەن حوكمی زاتی، هەولێر و سلێمانی بۆردومان دەكرا، ئەمەیش بەو مانایە دێت ئەوان لەگەڵ ئەو هەنگاوەی كورددا نین، بەڵام پاشان ئەمریكا بە توركیای گوت : “تۆ تەنیا ئەوەندەت لەسەرە پەیوەندی بازرگانی لەگەڵ هەرێمی كوردستاندا دروست بكەیت، ئەگەر بەردەوامیش بن لەبۆردومانی هەرێمی كوردستان، ژهەرتان بەسەر دەبارێنین” دوای ئەم هەڕەشەیەی ئەمریكایش توركیا و هەرێمی كوردستان بوونە دراوسێ. ئەم بابەتە بابەتێكی بازرگانییە و لەوە زیاتر ەیچ شتێكی تر هەڵناگرێت، بەڵام بەداخەوە لەتوركیا نەژادپەرست و كوردفۆبییەكان و تاكڕەوەكان دژی سەربەخۆیی كوردستان لێدوان دەدەن و دەڵێن لەگەڵی نین، بەڵام توركیا ناچارە واز لەو هەڵویستە نەژادپەرستییەی خۆی بەێنێت بەرامبەر بە كورد، ئەمەیش دەوەستێتەوە سەر كورد كە چۆن بتوانێت لەگەڵ كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی پەیوەندی خۆی بەهێز بكات و لەیەكتری نزیك ببنەوە.
دڵنیام لەوەی ئەگەر هەرێمی كوردستان ببێتە دەوڵەت ئاشتییەكی بەردەوام لەناوچەكە دێتە كایەوە، چونكە توركیا و ئێران و سووریا ئەو نائارامییەی چەندین ساڵە دووچاریان بوەتەوە هۆكارەكەی نەبوونی دەوڵەتی كوردییە و بە دروستبوونی دەوڵەتی كوردی ئارامی بۆ ئەوانیش دەگەڕێتەوە. ئەو 4 دەوڵەتەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست كە پێیانوایە كورد نابێت دەوڵەتی هەبێت و ئینكاری كورد دەكەن، دەبێت بزانن كە ئەو هەڵوێستەیانە وای كردوە رێگری بكرێت لەوەی ببنە دەوڵەتێكی دیموكرات و خاوەن سەروەری و دەوڵەتێكی یاسایی. دووبارەی دەكەمەوە ئەگەر هەرێمی كوردستان ببێتە دەوڵەت، رۆژهەڵاتی ناوەڕاست ئارامی بەخۆیەوە دەبینێت و دەبێتە هەنگاوێكی گەورەیش لەناوچەكەدا.

*ئەگەر لەهەرێمی كوردستان دەوڵەتی كوردی دروست ببێت، كاریگەری دەبێتە سەر باكوور بەوەی بوێربن بۆ زیاتر داواكردنی مافی خۆیان؟
ـ بەڵێ وەكو ئەوە وایە راهێنانیان پێ بكرێت. ئێمە ئێستا لەسەردەمی دەوڵەتی نەتەوەین و ئەوە نەتەوەشی ئێستا ماوەتەوە و نەتواوەتەوە دەوڵەتی خۆی دروست كردوە، ئەو نەتەوانەیش هەموویان بەمانای دەوڵەتبوون دەیانەوێت زیاتر بەهێز بن. دەبێت واز لەدوژمنایەتی تورك، عەرەب، عەجەم بهێنین، بەڵكو هەموو هەوڵێكمان بۆ ئەوەبێت یەكگرتوو بین و خۆمان بەهێز بكەین.

*پێتوایە سەرۆك مەسعوود بارزانی، وەكو سەركردەیەكی نەتەوەیی بتوانێت ئەو بەربەستانەی بۆ دروستبوونی دەوڵەت بشكێنێت و سەركەوتن بەدەست بەێنێت؟
ـ بۆچی سەركەوتن بەدەست ناهێنێت دەیەێنێت، بەڵام ئەگەرێك هەبێت كە سەركەوتوو نەبێت تێیدا سەرچاوەكەی هێزی دەرەوە نییە، بەداخەوە سەرچاوەكەی لەهێزی ناوەخۆییەوە دەبێت، ئەم ئەگەرەیش بە لای منەوە لاوازە. بڕوابەخۆبوون گرنگە، بەڵام دەبێت كۆمەڵگەی نێودەوڵەتیش رەزامەندی لەسەر بدات، دەبێت هەموو ئەو دەوڵەتانەی لەنەتەوەیەكگرتوەكان ئەندامن قسەیان لەگەڵ بكرێت تا كورد بناسێنن، كە من پێموایە قۆناغە زەحمەتەكە لێرەوە دەست پێدەكات.
بۆ كورد قۆناغی دواكەتوویی كۆتایی پێهاتووە، ئەو ناكۆكی و وێرانەییەی رووی لەناوچەكە كردوە هەلێكی گرنگە بۆ كورد تا ببێت بە دەوڵەت. ئەگەر ئێمە خۆمان خۆمان ئازاد نەكەین، ناتوانین رزگارمان ببێت، دەبێت بە گوێرەی ئەو واقیعەی ئێستای دنیا هەنگاوەكانمان بهاوێین. داواكاری كوردیش لەچەند رستەیەك پێكەاتەوە (میللەتی كورد وەكو هەر میللەتێكی تری دنیا ئازادبێت، بگات بە وڵاتی خۆی لەچوارچێوەی دەوڵەتدا، بەگوێرەی سەرچاوەكانی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بۆ نەتەوە ئازادییەكانی خۆی پەیڕەو بكات، دیموكرات بێت، كەرتی پەروەردەشی بەگوێرەی ئەو پەروەردەیە بێت كە دنیا ئێستا بە كاری دەهێنێت.
بە درێژایی مێژوو ئێمەی كورد هیچ كاتێك ئەوەندەی ئێستا لە ئازادی نزیك نەبووەتەوە، هیچ كاتێك ئەوەندەی ئێستا زانست لەناوماندا بڵاو نەبووەتەوە، جا با لە بایەخی بزانین.

ھەواڵی زیاتر