هه‌ینی, تشرینی دووه‌م 29, 2024

دۆسیەی شەهیدانی شەڕی داعش، دەگوازرێتەوە سەر وەزارەتی شەهیدان

بەڕێوەبەری شەهیدان و ئەنفالکراوانی سۆران، رایگەیاند، چاکسازی لە وەزارەتی شەهیدان قۆناغی باشی بڕیوە، فایلەکانیەک بەیەک هەڵدەدرێنەوە، بۆ ئەوەی چاکسازی لە لیستی شەهیداندا بکرێت، بەشێکی زۆر لەو کەسانەی کە بە شەهید تۆمار کراون، یاسا و رێنماییەکان نایانگرێتەوە و مووچەکانیان بڕاوە. دەشڵێ: “دۆسیەی شەهیدانی شەڕی داعش دەگوازرێتەوە سەر وەزارەتی شەهیدان.

ئەشقی مەلا، بەڕێوەبەری شەهیدان و ئەنفالکراوانی سۆران، بۆ “هەولێر” دەڵێت: “لە سنووری ئیدارەی سۆران 125 شەهیدی شەڕی داعش هەن، رێکاری خزمەتکردن بە کەسوکاری ئەو شەهیدانە لەلایەن وەزارەتی شەهیدان و ئەنفالکراوانەوە دەکرێت، بۆ نموونە قوتابییەک لە قوتابخانە و زانکۆکان بخوێنێت، خوێندنەکەی بێ بەرامبەرە و وەزارەتی شەهیدان پارەکەی دابین دەکات، بەڵام لە بابەتی مووچە تا ئێستا لە وەزارەتی کاروباری پێشمەرگەیە و نەگوازراوەتەوە بۆ وەزارەتی شەهیدان و ئەنفالکراوان، ئێستا کار لەسەر ئەو دۆسیەیە دەکرێت و شەهیدانی شەڕی داعش لەسەر میلاکی وەزارەتی پێشمەرگەوە دەگوازرێنەوە سەر میلاکی وەزارەتی شەهیدان.
سەبارەت بە تاپۆکردنی زەوی بەسەر کەسوکاری سەربەرزی شەهیدان، بەڕێوەبەری شەهیدان و ئەنفالکراوانی سۆران، دیار کرد، تا ئێستا لە لایەن وەزارەتی شەهیدان و ئەنفالکراوانەوە بۆ حەوتەمین جار زەوی بەسەر کەسوکاری شەهیدان دابەش کراوە، ئێستا بۆ 700 کەسوکاری شەهید لە سنووری سۆران لەڕێگەی بەڕێوەبەرایەتی گشتی شەهیدان و ئەنفالکراوانی هەولێر و بە هەماهەنگیی وەزارەتی شارەوانی دەست کراوە بە تاپۆکردنی زەویەکانیان، کە تەنیا لە سنووریئیدارەی سۆران تا ئێستا نزیکەی 3 هەزار پارچە زەوی بە سەر کەسوکاری شەهیدان دابەش کراون.
سەنتەری تۆڕی چاودێری لە فەرمانگەی تەکنەلۆژیای زانیاری، ئەو شوێنەی بە وردی مووچە نایاساییەکانی لیستی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستانی لێوە دیاری دەکرێت، لەوێوە کە میحوەرێکی سەرەکیی جێبەجێکردنی یاسای چاکسازییە، دەرکەوتووە لە کەرتی گشتی 106 هەزار و 839 کەس دوو مووچە و زیاتر وەردەگرن، لەکاتی بڕینی ئەو مووچە نایاساییانە پێشبینی دەکرێت مانگانە زیاتر لە 35 ملیار دینار بۆ خەزێنەی حکوومەت بگەڕێتەوە، بەو پارەیەش دەتوانرێت مانگانە مووچەی ژمارەیەک لە وەزارەت، دەستە و فەرمانگەی حکوومەت دابەش بکرێت، لە داهاتوودا بەتەواوی لیستەکە لە مووچەی نایاسایی پاکدەکرێتەوە و بۆ کارکردن لەسەری دەخرێتە بەردەم ئەنجوومەنی وەزیران، سەبارەت بەو پرۆسەیە، ئەشقی مەلا، گوتی:” بەپێی یاسای ژمارە 2ی چاکسازیی ساڵی 2020 و پەیڕەوی جێبەجێکردنی یاساکە، مووچەی شەهیدان ناچێتە چوارچێوەی دوو مووچەیی، لە وەزارەتی شەهیدان لیژنەیەک پێک هاتووە، لە بەڕێوەبەرایەتییەکانیش لیژنە پێک هاتوون، ئەو لیژنانە تایبەت کراون بە چاکسازی، بە هەماهەنگی لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتی گشتی چاکسازی، فایلەکانیەک بەیەک هەڵدەدرێنەوە، بۆ ئەوەی لە هەموو بەڕێوەبەرایەتییەکان چاکسازی لە لیستی شەهیدان بکرێت، دەست کراوە بە چاکسازی و بەشێکی زۆر لەو کەسانەی کە بە شەهید تۆمار کراون یاسا و رێنماییەکان ناگرێتەوە، مووچەکانیان بڕاوە، پرۆسەکە بەردەوام دەبێت، ئێمەش لای خۆمانەوە بە گرنگییەوە دەڕوانینە چاکسازیەکانی کابینەی نۆیەم.
بەڕێوەبەری شەهیدان و ئەنفالکراوانی سۆران، جەخت لەوەش دەکاتەوە، لە سنووری ئیدارەی سۆران چەندین گەڕەکی تایبەت بە خانەوادەی سەر بەرزی شەهیدان دروست کراون، لەوانە پێنج گەڕەک لە سەنتەری سۆران، هەروەها گەڕەکێک لە سیدەکان لە قەزای رواندز گەڕەکێک و چۆمانیش گەڕەکێک هەیە، سەرجەم ئەو خانووانە بۆ کەسوکاری سەربەرزی شەهیدان دروست کراون، لەلایەن حکوومەتەوە هەموو پرۆژەیەکی خزمەتگوزاری بۆ ئەو گەڕەکانە دابین کراوە.
ئەشقی مەلا، بەڕێوەبەری شەهیدان و ئەنفالکراوانی سۆران، رایگەیاند، بەداخەوە بەهۆی بوونی پەکەکە لە ناوچە سنووریەکانی ئیدارەی سۆران بە دەیان هاووڵاتیی سڤیل بەر بۆردومانی تورکیا و ئەو مینانەی لەلایەن پەکەکەوە دانراون زامار بوون یان شەهید بوونە، هەر هاووڵاتییەک بەو هۆیەوە شەهید بێت بە شەهیدی هاووڵاتی تۆمار دەکرێت، بەڵام ئەگەر پێشمەرگەیەک لە کاتی ئەرکدا لەو سنوورانە شەهید بێت، بە شەهیدی سەنگەر تۆمار دەکرێت”.