شەممە, تشرینی دووه‌م 30, 2024

ژمارەی گیان لەدەستدان خەریكە نزیك دەبێتەوە لە شەش هەزار و نیو

بە گوێرەی ئاماری وەزارەتی تەندروستی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، تەنها لەماوەی دووهەفتەدا (18ی10-1ی11) 12 هەزار و 58 هاووڵاتی لە هەرێمی كوردستان تووشی كۆرۆنا هاتوون و 322 كەسیش گیانیان لەدەستداوە. بە گوتەی بەرپرسانی تەندروستی بەرزبوونەوە و هەڵكشانی توشبووانی كۆرۆنا بۆ ساردبوونەوەی هاووڵاتیان لەڕێكارەكانی خۆپارێزی دەگەرێتەوە.

بەرزبوونەوەی ژمارەی توشبووانی كۆرۆنا، بووە هۆكاری ئەوەی بەشێكی زۆری هاووڵاتیان ڕوو لە سەنتەرەكانی وەرگرتنیڤاكسین بكەن و پێكوتەكە لە خۆیان بدەن، لە نوێترین بڕیاری وەزارەتی تەندروستی حكوومەتی هەرێمیش، كە، د. سامان بەرزنجی، وەزیری تەندروستی حكوومەتی هەرێم بڵاویكردوە و ڕایگەیاند: پێدانی ڤاکسینی جۆری ڤایزەر-بایۆنتیک بۆ چین و توێژەکانی کۆمەڵگا لە تەمەنی 12 ساڵی و سەرووتر، وە پێویستە پێشینە بۆ کەسانی گروپی مەترسیدار بێت لەنێو ئەو تەمەنانە.
وەزیری تەندروستی ئاماژەی بەوەداوە كەبڕیارەكەیان لەسەر ڕاسپاردەکانی لێژنەی باڵای ڕاوێژکاری بەرنامەی کوتان و ڕاسپاردەی ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی WHO وە لەپێناو کەمکردنەوەی ترسناکی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆڕۆنا و زیادکردنی بەرگری کۆمەڵگا پەیوەست بۆ بەرەنگاربوونەوەی پەتای کۆڕۆنا دراوە.
هاوكات دوای ئەنجامدانی چەند تاقیكردنەوەیەك لەلایەن دامەزراوەی ئاژانسی دەرمانی ئەمریكی (FDA)، حكوومەتی ئەمریكا رەزامەندی دربڕی كە پێكوتەی دژە پەتایڤایرۆسی كۆرۆنا لەو منداڵانە بدرێت كە تەمەنیان لە نێوان 5 تاكو 11 ساڵیدایە.
بە گوێرەی دوا ئاماری وەزارەتی تەندروستی حكوومەتی هەرێم لە سەرەتای سەرهەڵدانی پەتای كۆرۆنا لە 1ی 3ی 2020 تا سەرەتای ئەم مانگە ژمارەی تۆماركراوی كۆرۆنا بەم شێوەیەیە:
پشکنین ٣٣٦١٤١٣ (١٢٠٣٢٠٣ هەولێر، ٨٣٠٣٢٩ سلێمانی، ١٣٠٣٥٧٦ دهۆك، ٢٤٣٠٥ هەڵەبجە)
تووشبوون ٣٦٢٢٥١ (١٠٦٤٣٨ هەولێر، ١٢٥٨٧٢ سلێمانی، ١٢٢٨٢٢ دهۆك، ٧١١٩ هەڵەبجە)
چاکبوون ٣٤٤٢٦١ ( ١٠٠٤٨٣ هەولێر، ١١٩٥٨٠ سلێمانی، ١١٧٦٤٣ دهۆك، ٦٥٥٥ هەڵەبجە)
لەژێر چارەسەر ١١٥٣٢ (٤١٠٣ هەولێر، ٣٥١٦ سلێمانی، ٣٥٦٧ دهۆك، ٣٤٦ هەڵەبجە)
مردن ٦٤٥٨ (١٨٥٢ هەولێر، ٢٧٧٦ سلێمانی، ١٦١٢ دهۆك، ٢١٨ هەڵەبجە).