شەممە, تشرینی دووه‌م 30, 2024

پێداچوونەوە بە دۆسیەی فەرمانبەران تەواو بووە, هەموو ئەوانەی بە ناهەق پلەیان وەرگرتووە لێیان وەردەگیرێتەوە

پڕۆسەی چاكسازی لە كابینەی نۆی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بەردەوامە، دیارترین دۆسیەش كە كاری لەسەر كراوە و بە كۆتا هاتووە، دۆسیەی فەرمانبەرانی حكوومەتی هەرێمی كوردستانە، كە پێداچوونەوەی تەواوی بۆ كراوە.

سەرۆكی فەرمانگەی هەماهەنگی و بەدواداچوون لە ئەنجوومەنی وەزیران رایدەگەیەنێت، پێداچوونەوە بە دۆسیەی فەرمانبەرانی مەدەنی تەواو بووە.
د. عەبدولحەكیم خەسرەو، سەرۆكی فەرمانگەی هەماهەنگی و بەدواداچوون لە ئەنجوومەنی وەزیران رایدەگەیەنێت: “لە چوارچێوەی جێبەجێكردنی یاسای چاكسازیدا، پێداچوونەوە بە دۆسیەی فەرمانبەرانی مەدەنی تەواو بووە، دۆسیەی زیاتر لە ٣٦٥هەزار فەرمانبەری مەدەنی پێداچوونەوەی بۆ كراوە، واتە ١٠٠٪ پێداچوونەوە بە دۆسیەی فەرمانبەراندا كراوە”.
پێداچوونەوە بەو دۆسیانە، بەو مانایە دێت، كە هەر كەسێك پلەی بە ناعەدالەتی و لە دەرەوەی یاسای وەرگرتبێت، لێی وەردەگیرێتەوە و هەركەسێك بڕوانامەكەی ساختە بێت، بۆی حیساب ناكرێت و هەڵدەوەشێتەوە و زۆر شتی تریش.
یەكێك لەو فەرمانبەرانەی لە یەكێك لە وەزارەتەكاندا ئەندامی ئەو لیژنەیەی وەزارەتەكەیانە، كە بە دۆسیەی فەرمانبەراندا هاتووەتەوە، دەڵێت كارەكەمان زۆر بە وردی كردووە و هەموو ئەو فەرمانبەرانەی پلەی نایاسایییان وەرگرتووە، روونمان كردووەتەوە و داومانەتەوە سەرۆكی فەرمانگەی هەماهەنگی و بەدواداچوون.
ئەو ئەندامە نەیویست ناوی خۆی ئاشكرا بكات، چونكە ئاماژەی دا كە چەند هاوڕێیەكی خۆی لەناو وەزارەتدا پلەكەیان نایاساییە و داوا كراوە لێیان وەربگیرێتەوە، بۆیە دەڵێت دڵنیا بن كارەكانی لیژنە لەناو وەزارەتەكەیاندا زۆر بە وردی كراوە و ماف بۆ ئەو فەرمانبەرانە دەگێڕدرێتەوە كە شایانی پلەوەرگرتنن و ئەوانەشی بە نایاسایی وەریانگرتووە لێیان وەردەگیرێتەوە.
لە ساڵی رابروودا، بەپێی یاسای چاكسازی، هەموو وەزارەتەكان راسپێردران، كە لە رێگەی لیژنەی تایبەتەوە پێداچوونەوە بە هەموو دۆسیەی فەرمانبەراندا بكەن و بڕیارەكەش چووە بواری جێبەجێكردن و بە وردی كاری لەسەر كرا.
سەرۆكی فەرمانگەی هەماهەنگی و بەدواداچوون لە ئەنجوومەنی وەزیران دەڵێت ”پێداچوونەوە بەو دۆسیانە بۆ ئەوەیە، تا ستەم و غەدر لە كەس نەكرێت و بە یەكسانی كاری لەسەر بكرێت و دادپەروەری تێدا بێت. هەروەها دۆسیەی كارمەندانی سەربازیش رێكدەخرێتەوە، ئەویش بەپێی رێنوێنی دارایی ژمارە ٣١“
لەو ماوەیەدا، دۆسیەی ٢٢هەزارو٤٢٤ كەس لەسەر میلاكی وەزارەتی پیشمەرگە بەڕێوەبەرایەتی خانەنشینی و كەمئەندامی، گواسترایەوە سەر بەڕێوەبەرایەتی گشتی خانەنشینی وەزارەتی دارایی، كە ئەمەش هەنگاوێكی گرنگی حكوومەت بوو بۆ چاكسازی.