کەبابخانەیەکی هەولێر ئێوارەخوانێک بۆ زیانلێکەوتووانی لافاو ڕێکدەخات

خاوه‌نی‌ یه‌كێك له‌ كه‌بابخانه‌كانی‌ هه‌ولێر، وەک نیشاندانی هاوسۆزی ئێواره‌خوانێك بۆ دانیشتووانی‌ گوندی‌ كۆری‌ و گه‌ڕه‌گی‌ زێڕین رێكده‌خات كه‌ له‌ چه‌ند رۆژی‌ رابردوودا به‌هۆی‌ دروستبوونی‌ لافاو، زیانی زۆری ماددیان بەرکەوت و هێشتا تیمه‌كانی‌ شاره‌وانی‌ سه‌رقاڵی‌ رێكخستنه‌وه‌ی‌ شوێنه‌كانیانن.

به‌هۆی‌ شه‌پۆلێكی‌ خێرای باران بارینەوە، شەممەی ڕابردوو لافاو له‌ گوندی‌ كۆریی‌ هه‌ولێر و گه‌ڕه‌كی‌ زێڕین و چەند ناوچەیەکی دیکە دروست بوو كه‌ به‌هۆیه‌وه‌ سه‌دان ماڵ پڕ ئاو بوون و زیانی‌ زۆری‌ مادییان پێ گه‌یشت. دوای ڕووداوەکەش نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان هاتە سەر هێڵ و لایەنە پەیوەندیدارەکانی ڕاسپارد بۆ هاوکاریکردنیان و، مەسرور بارزانی، سه‌رۆك وه‌زیرانی‌ هەرێمی كوردستانیش ماڵ به‌ماڵی‌ ئه‌و گه‌ڕه‌كانه‌ی‌ به‌سه‌ر كردووه‌ و بەڵێنی هەموو هاوکارییەکی پێدان.

ئەم ڕووداوە تەنیا بە لایەنە حکوومیەکانەوە نەبەستراو و چەندین هاووڵاتی و دەزگا و کۆمپانیاش بەڵێنی هاوکاری کردنی لێقەوماوانیان ڕاگەیاند، لەو چوارچێوەیەدا، بەهۆی نەمانی ماڵ و حاڵیانەوە كه‌بابخانه‌ی‌ نه‌جاڕ له‌ هه‌ولێر، ئێواره‌خوانێك بۆ دانیشتووانی‌ ئه‌و دوو گه‌ڕه‌كه‌ رێكده‌خات.
ئه‌میر كه‌ خاوه‌نی‌ كه‌بابخانه‌كه‌یه‌، بۆ “ھـەولێر‌” گوتی‌؛ 500 نه‌فه‌ر كه‌باب ده‌نێرێته‌ گوندی‌ كۆری‌ و گه‌ڕه‌كی‌ زێڕین بۆ ئه‌و هاووڵاتییانه‌ی‌ كه‌ ئێستا لێیان قه‌وماوه‌.

روونیشی‌ كرده‌وه‌ كه‌ ئه‌ركی‌ ئه‌وان له‌ شاره‌كه‌دا هاوكاری‌ خه‌ڵكه‌ له‌ هه‌ر كاتێكدا.
كه‌بابخانه‌ی‌ نه‌جاڕ له‌ ساڵی‌ 1936 له‌ قه‌یسه‌ریی‌ هه‌ولێر كراوه‌ته‌وه‌، دواتر فراوان كراوه‌ و ئێستا چه‌ند لقێكی‌ هه‌یه‌. به‌ یه‌كێك له‌ كه‌بابخانه‌ به‌ناوبانگه‌كانی‌ هه‌ولێر داده‌نرێ‌.