18 رێکاری نوێ لە وەزارەتی پەروەردەوە بۆ مامۆستایانی وانەبێژ

وەزارەتی پەروەردەی هەرێمی کوردستان رێکاری نوێی لەبارەی مامۆستایانی وانەبێژ دەرکرد و دەڵێت، بڕیارماندا بە پێدانی دەسەڵات بە بەڕێوەبەری پەروەردەی قەزاکان بە دادنانی مامۆستایانی وانەبێژی دانەمەزراو لە باخچەی منداڵان و قوتابخانە و خوێندنگەکان.

رێکارەکانی ئاراستەی بەڕێوەبەرایەتییە گشتییەکانی پەروەردەکانی (هەولێر، سلێمانی ، دهۆک، هەڵەبجە و گەرمیان) کراوە و لە 18 رێکار پێکهاتووە.

لە خاڵێکی رێکارەکاندا هاتووە، بڕیارماندا بە پێدانی دەسەڵات بە بەڕێوەبەری پەروەردەی قەزاکان بە دادنانی مامۆستایانی وانەبێژی دانەمەزراو لە باخچەی منداڵان و قوتابخانە و خوێندنگەکان. هەروەها پێدانی دەسەڵات بە بەڕێوەبەری پەیمانگە بۆ هەمان مەبەست بەپێی رێنمایی دارایی ژمارە 14ی ساڵی 2021 بەمەبەستی کەمکردنەوەی رۆتین.

لە خاڵی دووەمدا ئاماژە بەوە کراوە، هەر مامۆستایەکی وانەبێژی دانەمەزراو لەو کاتەوەی کە دەوامی ناوەندەکانی خوێندن کراوەتەوە بۆ ساڵی خوێندنی 2021 – 2022، وانەیان وتووەتەوە کە پێویستی ناوەندەکانی خوێندن بوون فەرمانەکانیان وەک خۆی جێبەجێ دەکرێت، بەڵام لەمەودوا لە دانانی مامۆستایانی وانەبێژی دانەمەزراو پێویستە خاڵەکانی رێنمایی دارایی ژمارە 14ی ساڵی 2021 وەک خۆی جێبەجێ بکرێت بە تایبەت بڕگەی سێیەمی خاڵی 6.

هەر لە رێکارەکان وەزارەتی پەروەردە ئاماژەی بەوە داوە، بڕیارماندا بە پێدانی دەسەڵات تایبەت بەو دەستەواژەیەی کەلە خاڵی ئاماژەپێکراو هاتووە (دانانی مامۆستای وانەبێژی دانەمەزراو لە پاش دەرچوونی ئەم رێنماییە دەبێت لەمەودوا ئەو مامۆستایانە دابنرێن کە دەرچووی کۆلێژەکانی پەروەردە و پەروەردەی بنیاتن. لە حاڵەتی پێویست وەزیری پەروەردە دەسەڵاتی هەیە ئەو کۆلێژ و بەشانە زیاد بکت کە پێویستە بە گوێرەی پسپۆرییەکان).

لە خاڵی چوارەمدا هاتووە، پاش ئەوەی مامۆستای میلاک لە پەیمانگە حکومییەکان بەشەوانەکانیان دەڵێنەوە بەشە وانەکانیان بە گوێرەی بڕوانامەکانیان بەمشیوەیە خوارەوە لەو پسپۆڕیانە دەبێت مامۆستای وانەبێژ پێویست بێت وە ئەو کات مامۆستای وانەبێژی دانەمەزراو دادەنرێت کە وانەی زێدەکی هەبێت کە لە بنەڕەتدا مامۆستای میلاکی نەبێت یان بەشەوانەی خۆیان تەواو کردبێت:

  • 22 بەشەوانە بۆ هەڵگرانی بڕوانامەی دبلۆم.
  • 18 بەشەوانە بۆ هەڵگرانی بڕوانامەی بەکالۆریۆس.
  • 14 بەشەوانە بۆ هەڵگرانی بڕوانامەی ماستەر.
  • 10 بەشەوانە بۆ هەڵگرانی بڕوانامەی دکتۆرا.

وەزارەتی پەروەردە ئاماژە بەوەش دەدات، نوێکردنەوەی فەرمانی مامۆستایانی وانەبێژی دانەمەزراو لەلایەن بەڕێوەبەرایەتیی پەروەردەی قەزاکان و پەیامنگەکان دەبێت ساڵانە لەسەر بنەمای پێویستی بێت و لەنێوان 20-8 بۆ 1-9 کۆتایی بێت و فەرمانی کارگێڕی دەرچووبێت بەپێی ئەحکامی رێنمایی دارایی ژمارە 14ی ساڵی 2021.

هەروەها دەبێت هەموو زانیارییەکانی مامۆستایانی وانەبێژی دانەمەزراو تۆماربکرێت لە سیستەمی E-Parwarda پڕکردنەوەی هەموو خانەکانی زانیارییەکان بە گوێرەی ئەو گشتاندنەی کە لە بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی پلاندانی پەروەردەیی دەردەچێت.


دەقی رێکارەکان

ھەواڵی زیاتر