نێچیرڤان بارزانی: پارتی به‌رده‌وام نوێ ده‌بێته‌وه‌.. كه‌ پارتی سه‌ركه‌وت كوردستان سه‌رده‌كه‌وێ

 نێچیرڤان بارزانی، جێگری سه‌رۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان، له‌ سلێمانی و له‌ كه‌رنه‌ڤاڵێكی جه‌ماوه‌ریدا، سڵاوی سه‌رۆك بارزانیی به‌ خه‌ڵكی ده‌ڤه‌ره‌كه‌ گه‌یاند و ڕایگه‌یاند ئه‌و ده‌ڤه‌ره‌، لای پارتی خۆشه‌ویسته‌ و هه‌میشه‌ له‌ یادی پارتیدایه‌.

ئه‌مڕۆ نێچیرڤان بارزانی، جێگری سه‌رۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان، له‌ سلێمانی و له‌ كه‌رنه‌ڤاڵێكی جه‌ماوه‌ریدا، گوتارێكی پێشكه‌ش كرد، سه‌ره‌تا له‌باره‌ی گوتاره‌كه‌ی دوێنێی له‌ بانگه‌شه‌ی پارتیدا، كه‌ بۆ خه‌ڵك و ده‌نگده‌رانی ده‌ڤه‌ری كه‌ركووك و گه‌رمیان هه‌یبوو، گوتی: ناوی هه‌ندێك شه‌هیدم هێنا، هه‌ندێك دڵگرانی دروست بووه‌، لێره‌وه‌ داوای لێبوردن له‌ بنه‌ماڵه‌ی سه‌ربه‌رزی شه‌هیدانی كه‌ركووك و گه‌رمیان ده‌كه‌م، مه‌به‌ست له‌ ناوهێنان یان ناونه‌هێنان، هیچ مه‌به‌ستێك نه‌بووه‌، ته‌نیا وه‌كوو نموونه‌ بووه‌، ئه‌گه‌رنا هه‌موویان ئازیزی كوردستانن و ئه‌وه‌ی هه‌مانه‌ له‌ سایه‌ی خوێنی شه‌هیدان و خه‌باتی پێشمه‌رگه‌ و ماندوبوونی ئێوه‌یه‌ و سه‌ری رێزیش بۆ بنه‌ماڵه‌ی شه‌هیدان داده‌نه‌وێنم. من داوای لێبوردن له‌ هه‌موو كه‌سوكاری شه‌هیدان ده‌كه‌م.

گوتیشی: خه‌ڵكی ده‌ڤه‌ری پارێزگای سلێمانی و هه‌ڵه‌بجه‌، ئیداره‌كانی گه‌رمیان و راپه‌رین، خۆشحاڵم له‌ سلێمانییه‌وه‌ له‌ شاره‌ حه‌یاته‌كه‌ و هه‌ڵمه‌ت و قوربانی، سڵاوی جه‌نابی سه‌رۆك بارزانیتان پێ ڕاده‌گه‌یه‌نم، بۆ هه‌موو سنووره‌كانی ئه‌م ده‌ڤه‌ره‌، ئێوه‌ خۆشه‌ویستی ئیمه‌ن، ئیمه‌ به‌ ئێوه‌وه‌ سه‌ربه‌رزن.

ڕاشیگه‌یاند: به‌هۆی كۆرۆنا زۆر خۆشه‌ویستمان له‌ده‌ست دا، سه‌ره‌خۆشیی خۆمیان پێ راده‌گه‌یه‌نم و هیوای چاكبوونه‌وه‌ بۆ ئه‌وانه‌ ده‌خوازم كه‌ تووشی ئه‌م په‌تایه‌ بوون، هه‌موو خۆشه‌ویستان به‌ خۆشی و ته‌مه‌ندرێژی ببینم و دوور بن له‌ هه‌موو به‌ڵایه‌ك.

سوپاسی خۆم بۆ كارمه‌ندانی ته‌ندروستی له‌م ده‌ڤه‌ره‌ و هه‌موو كوردستان، بۆ ئه‌رك و ماندووبوونی شه‌و رۆژیان، ده‌ستیان ده‌گوشم و سوپاسیان ده‌كه‌م.

نێچیرڤان بارزانی، گوتیشی: من كه‌ سلێمانی ده‌بینم و دێمه‌ سلێمانی، زۆر دڵخۆش ده‌بم، چونكه‌ سلێمانی شاری دایك و باپیر و خزمه‌كانمه‌، چونكه‌ شاری ئه‌ده‌ب و كوردایه‌تی و هونه‌ر و رۆشنبیری و هه‌ڵمه‌ت و قوربانییه‌، ئێوه‌ سلێمانین، ئه‌و هه‌قه‌شم بده‌نێ منیش نیوه‌م سلێمانی، سڵاو له‌ هه‌موو سلێمانییانی خۆشه‌ویست و ئه‌م ده‌ڤه‌ره‌، سڵاو له‌ گه‌رمیانی خۆڕاگر و ڕانیه‌ی ده‌روازه‌ی ڕاپه‌ڕین، خۆشه‌ویستیی ئیمه‌ن و ئیمه‌ هه‌میشه‌ یادیان ده‌كه‌ین، وه‌كوو هه‌مووتان بۆ هه‌ڵه‌بجه‌ و ئه‌نفال گریاوم.

له‌ به‌شێكی دیكه‌ی گوته‌كانیدا، نێچیرڤان بارزانی، گوتیشی: ئێمه‌ ئێستا بۆ بانگه‌شه‌ لێره‌ین، به‌ڵام دڵنیاتان ده‌كه‌مه‌وه‌ دوای هه‌ڵبژاردن له‌ داهاتووی نزیك، بۆ بینینی هه‌موو تێكۆشه‌رانی ئه‌م ده‌ڤه‌ره‌، سه‌ردانتان ده‌كه‌ین له‌ نزیكه‌وه‌ هه‌موویان ده‌بینین، له‌وه‌ دڵنیا بن.

وه‌بیری هێنایه‌وه‌، كه‌ تێكه‌ڵاویی بنه‌ماڵه‌ی بارزانی له‌گه‌ڵ سلێمانی و ئه‌م ناوچه‌یه‌، بۆ مێژوویه‌كی  كۆنتر له‌ دامه‌زراندنی پارتی ده‌گه‌ڕێته‌وه‌، مێژووی خه‌بات و ئه‌رشیڤی بنه‌ماڵه‌ی بارزانی و شێخ مه‌حموود و بنه‌ماڵه‌كانی بتوێن و گه‌رمیان، شاهێدی ئه‌و په‌یوه‌ندییه‌مانن.

ڕاشیگه‌یاند: بارزانیی نه‌مر زۆر بایه‌خی به‌م ناوچه‌یه‌ داوه‌، له‌سه‌ره‌تای دامه‌زراندین پارتی، راسپارده‌ی ئه‌وه‌بووه‌ شێخ له‌تیف حه‌فید، هاوكار و جێگری بێ له‌ سه‌رۆكایه‌تییی پارتی.

دووپاتیشی كرده‌وه‌: كه‌ ئه‌وه‌ به‌سه‌ر چوو، كه‌ قسه‌ به‌ پارتی بڵێی و ده‌نگی پێ كۆ بكه‌ێته‌وه‌، خه‌ڵك هۆشیاره‌ و خه‌ڵك به‌و قسانه‌ هه‌ڵناخه‌ڵه‌تێ، هێرشكردنه‌ سه‌ر پارتی و په‌لاماردانی پارتی بۆ كۆكردنه‌وه‌ی ده‌نگ، ڕێگه‌یه‌كی هه‌ڵه‌یه‌، خه‌ڵك ده‌زانێ كه‌ به‌رگری كردووه‌ و كێ خزمه‌تی كردووه‌.

ئاماژه‌ی به‌وه‌ش كرد: په‌یامی سه‌رۆك بارزانی بۆ هه‌موومان ئه‌وه‌یه‌، نه‌رم بین و ئارام بین، ده‌زانم و ده‌بیستم، هه‌ندێ كه‌س و لایه‌ن، هه‌موو توانا و ته‌كنیكیان بۆ هێرشكردنه‌ سه‌ر پارتی به‌كار ده‌هێنن، به‌ڵام ده‌ڵێم ده‌بێ هه‌موومان ئارام بین و له‌ قسه‌ی سه‌رۆك بارزانی ده‌رنه‌چین.

گوتیشی: هاتووین پێتان بڵێین، هه‌مووتان پێكه‌وه‌ پارتی سه‌ربخه‌ن، كه‌ پارتی سه‌ركه‌وت، واته‌ كوردستان سه‌رده‌كه‌وێ و پارێزراو ده‌بێ، واته‌ كوردستان به‌هێز و ئاوه‌دانتر ده‌بێ.

نێچیرڤان بارزانی، گوتیشی: هه‌ڤاڵینه‌ داوا ده‌كه‌م به‌ وردی ته‌ماشای مێژووی پارتی بكه‌ن، له‌ بنه‌ماكانی بیر و به‌رنامه‌ و كاری پارتی ورد ببنه‌وه‌ به‌هێمنی، ئه‌وكات به‌ راستی بۆ هه‌مووتان ده‌رده‌كه‌وێ، كه‌ پارتیبوون شانازییه‌. پارتی، حزبی كه‌سانی خاوه‌ن باوه‌ڕ و كاری هاوچه‌رخه‌، له‌به‌ر ئه‌وه‌شه‌، پارتی به‌رده‌وام نوێ ده‌بێته‌وه‌ و پێش ده‌كه‌وێت، هه‌ر له‌به‌ر ئه‌وه‌شه‌ له‌ كاتی ئاشتیدا پارتی زیاتر پێش ده‌كه‌وێ و ده‌توانێ ئاوه‌دانیی زیاتر به‌ كوردستان بگه‌یه‌نێ، پارتی حزبی ده‌ستكه‌وته‌كان و ئاوه‌دانی و ئارامییه‌، پارتی حزبی دروستكردنی ده‌رفه‌تی كار و خۆشگوزه‌رانییه‌ بۆ كوردستانه‌. پارتی هه‌موو ئه‌وانه‌ی به‌ تاقیكردنه‌وه‌ سه‌لماندووه‌ و خه‌ڵكی كوردستان ئه‌وانه‌ی به‌ ئه‌زموون له‌ حوكمڕانیی پارتی بینیوه‌. به‌ هه‌موو لایه‌كی ده‌ڵێین، چیتر به‌ بڕیاری پێشینه‌ی بنیاتنراو له‌سه‌ر رقی كوێرانه‌ و كۆنه‌قین، سه‌یری پارتی بكه‌ن، چونكه‌ شوكر بۆ خوا شار وشیاره‌ و تێ ده‌گه‌ن دنیا چ باسه‌. ئێمه‌ باری قورس و ئێش و ئازاری پارتییه‌كانی ئه‌م سنووره‌ باش ده‌زانین و هه‌میشه‌ دڵمان له‌گه‌ڵیانه‌، جارێكی تریش وتوومه‌،  ئێوه‌ دوو جار پارتین، نه‌ك یه‌ك جار.

جێگیری سه‌رۆكی پارتی، گوتیشی: نامانه‌وێ بچینه‌ سه‌ر ئازاره‌كانی رابردوو، چاومان له‌ داهاتوویه‌كی باشتر و گه‌شتره‌، كه‌ هه‌موومان پێكه‌وه‌ به‌ ته‌بایی بنیاتی بنێین و بۆ داهاتوویه‌كی وه‌هاش، خه‌ڵكی ئه‌م ده‌ڤه‌ره‌ كۆكن له‌گه‌ڵمان، دووپاتی ده‌كه‌ینه‌وه‌، پارتی له‌ پێناو ئه‌و داهاتووه‌، ئاماده‌ی هه‌موو هاوكارییه‌كه‌، بانگی ئێمه‌ پێكه‌وه‌یی و ته‌بایی و هاوبه‌شییه‌.