پارتی هەمیشە خۆی بە خاوەنی کەسوکاری ئەنفاکراوان و شەهیدان و جینۆسایدکراوان زانیوە. کەسوکاری ئەنفالکراوان و شەهیدانیش، دەڵێن، تاکە حزب کە بتوانێت بەرگری لە خوێنی شەهیدان و کەسوکاری شەهیدان بکات و مافەکانی ئێمە بە دەست بهێنێت پارتییە، بۆیە بەڵێن دەدەین رۆژی هەڵبژاردن روو لە سندووقەکانی دەنگدان بکەین و دەنگ بە کاندیدانی پارتی بدەین.
پەیامی پارتی دیموکراتی کوردستان، وەک هەمیشە پەیامی دیموکراسی و خەباتە لە پێناو وەدیهێنانی ئازادی و مافە نەتەوەییەکانی گەلی کوردستان، پەیامێک ڕۆچوو بەنێو ئەزموونە مێژووییەکاندا، گرنگیدان بە کەسوکاری شەهیدان کارنامەی پارتییە کە هەمیشە پێداگری لەسەر مافەکانی کەسوکاری شەهیدان و ئەنفالکراوان کردووەتەوە، هاوکاریی دادپەروەرانە و دانپێدانان بە پێشمەرگە و دابینکردنی ماف و پێداویستییەکانی لە هەموو روویەکەوە، کە بە ئازایەتی و خۆڕاگری و پێشکەشکردنی هەزاران شەهید و بریندا، کوردستان و عێڕاق و جیهانیشیان لە تیرۆریستان پاراست، هەر بۆیە کەسوکاری شەهیدان بە گرنگییەوە دەڕوانە بەرنامەی پارتی و بەڵێن دەدەن رۆژی هەڵبژاردن دەنگ بە کاندیدەکانی پارتی بدەن.
نەسرین محەمەد، دایکی شەهید، بۆ “هەولێر” دەڵێت: “من ئازیزترین کەسم پێشکەش بە کوردستان کرد کە جەرگی خۆم بوو، چۆن ئەو ڕۆژە جەرگی خۆم پێشکەش بە کورد و کوردستان کرد، لە ڕۆژی 10ی مانگیش بە هەمان شێوە ئامادەم دەنگ بە کاندیدانی پارتی بدەم، چونکە پێم وایە هەر پارتییە پارێزەری خاکی کوردستان و حزبی قوربانیدان و شەهیدانە، داواش لە خانەوادەی سەربەرزی شەهیدان دەکەم دەنگ بە کاندیدانی پارتی بدەن، چونکە پارتی زامنی دەستکەوتەکانی کوردستانە، چەندین کەسمان بەخشیوە، بۆ ئەوەی بگەین بە ئامانج، بێگومان ڕێگایەکی زۆرمان بڕیوە و زۆریشمان لەبەردەمدا ماوە، بۆ ئەوەی بگەین بە سەرکەوتنی یەکجارەکی، کە خۆی لە سەربەخۆییدا دەبینێتەوە، بۆیە پێویستە پاڵپشتی پارتی بین.”
شاکر ئەسعەد، باوکی شەهید، بۆ “هەولێر” دیارکرد: “ئەوەندە ساڵە باب و باپیرانی ئێمە لەگەڵ پارتیدان، خۆشم لە ساڵی شەستەکان تا ئێستا پێشمەرگەی پارتی و بارزانیم شەهیدمان داوە، لەسەر ئەو رێبازەش بەردەوام دەبین، چونکە پارتی حزبی پارێزگاریکردنە لە مافە ڕەواکانی گەلی کورد، خۆ بە خاوەنی کورد دەزانێت، بۆیە وەکو کەسوکاری شەهیدان دەنگ بە کاندیدانی پارتی دەدەین و داواکارین لە هەموو کەسوکاری شەهیدان و پێشمەرگە قارەمانەکان پارتی لە بیر نەکەن و دەنگی پێ بدەن.
حەیات کۆڤان، کە دوو برای شەهیدن، بۆ “هەولێر” روونی کردەوە: “تاکە حزب کە بەرگری لە مافی کەسوکاری شەهیدان و گەلی کورد بکات، پارتییە، تاکە حزب کە بتوانێت نوێنەرایەتیی ڕاستەقینەی ئێمە بکات، حزبی بەرخودان و خۆڕاگرییە، هیوادارم کەسوکاری شەهیدان و ئەنفالکراوان دەنگ بە کاندیدانی پارتی بدەن کە بە خوێنی شەهیدان دروست بووە و کوردستانی پاراستووە، تەنیا پارتی دەتوانێت ئێمە بپارێزێت و مافەکانی ئێمەش بە دەست بهێنێت، بۆیە بە هەموو شێوەیەک پشتگیری لە کاندیدانی پارتی دەکەین و بە حزبی خۆمان دەزانین، چونکە سەرکەوتنی ئەو حزبە، سەرکەوتنی کوردستان و بە فیڕۆنەچوونی خوێنی شەهیدانە.
عوسمان عەلی، مامی شەهید، بۆ “هەولێر” ئاشکرای کرد: “پارتی بەرگری لە ماف و ئیمتیازاتی کەسوکاری شەهیدان دەکات، لیستی پارتی بە زامنی مافەکانمان دەزانین، بۆیە بە هەموو شێوەیەک پاڵپشتی خۆمان بۆ کاندیدانی پارتی دووپات دەکەینەوە، چونکە سەرکەوتنی ئەو حزبە دەستکەوتی زیاتر بۆ کوردستان بە دەست دەهێنێت و رۆحی شەهیدەکانیشمان ئاسوودە دەکات، بۆیە هۆکاری دەنگدانم بە پارتی و کاندیدەکانی ئەو حزبە بۆ تەمەنێکی پڕ لە شانازی و بەرخودان و سەروەریی ئەو حزبە دەگەڕێتەوە”.
خورشید رەجەب، باوکی شەهید، بۆ “هەولێر” درکاندی: “بۆ پاراستنی دەستکەوتەکان و دەستکەوتی زیاتر و رێزگرتن لە قوربانیدانی پێشمەرگە قارەمانەکان و شادبوونی رۆحی شەهیدەکانمان داوا لە هەموو کەسوکاری شەهیدان و ئەنفالکراوان دەکەم دەنگ بە کاندیدانی پارتی بدەن”.