سەقامگیریی سیاسیی عێراق بەندە بە هەڵبژارنێکی پاک و بێگەردەوە

کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی سەقامگیریی سیاسیی عێراق لە هەڵبژاردنێکی بێ ساختەدا دەبینێت و بۆیەش لەم هەڵبژاردنەدا زۆرترین چاودێر لە لایەن رێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکان دەستنیشان کراوە وێڕای سەدان رۆژنامەنووسی نێودەوڵەتی کە رووماڵی هەڵبژاردن دەکەن.

یەکشەمی داهاتوو ١٠ی تشرینی یەکەم خولێکی تری هەڵبژاردنی پەرلەمانی لە عێراق بەڕێوە دەچێت و دەرەنجامی ئەو هەڵبژاردنەش دەسەڵاتی چوار ساڵی داهاتوو دەستنیشان دەکرێت. هەڵبژاردنی عێراق دەبوایە لە ساڵی ٢٠٢٢ بەڕێوە بچێت بەڵام دۆخی نالەباری سیاسی و ئابووری و ئەمنی عێراق و ناڕازیبوونی خەڵک و سەرکەوتوونەبوونی کابینە یەک لە دوای یەکەکان هۆکار بووە لەوەی بڕیاری هەڵبژاردنی پێشوەختە بدرێت.
ئەمە پێنجەم هەڵبژاردنی پەرلەمانە کە لە مێژووی عێراقی فیدراڵ بەڕێوە دەچێت و هەڵبژاردنیش تا بێگەردتر بێت ئەوا کاریگەری باشتری لەسەر سەقامگیریی سیاسیی وڵات دەبێت. بەشێک لە چاودێرانی سیاسی یەکێک لە هۆکارەکانی سەرکەوتوو نەبوونی هەڵبژاردنی ساڵی ٢٠١٨ بۆ رێژەی بەرزی ساختەکاری دەگەڕێننەوە. هەژموونی سەربازی میلیشیاکان و ساختەکاری وای کرد هەندێک لایەن بە دەنگی خۆیان نەچنە پەرلەمان.
گۆڕانکاری گەورە لە سیستمی ئەم خولەی هەڵبژاردن رووی داوە و ژمارەی بازنەکانی هەڵبژاردن لە ١٨ بازنەوە بۆ ٨٣ بازنە زیادیان کردووە. دەنگدەران راستەوخۆ دەنگ بە کاندیدەکانی بازنەی دیاریکراوی خۆیان دەدەن بە پێچەوانەی هەڵبژاردنی پێشوو کە دەنگدەران دەنگیان بە لیستی کاندیدەکانی حزبێک یان هاوپەیمانییەک دەدا.
پێشتر پارێزگایەکی وەک بەغدا یەک بازنەی هەڵبژاردن بوو بەڵام ئێستا بووەتە ١٧ بازنەی هەڵبژاردن. لە عێراق ٢٥ ملیۆن کەس بۆی هەیە بەشداری لە هەڵبژاردن بکات و بە گشتی ٣٢٩ کورسی پەرلەمان هەڵدەبژێرن. لە کورسییەکانی پەرلەمان ٧١ کورسییان هی بەغدان و لە دوای بەغداش پارێزگای نەینەوا بە ٣٤ کورسی لە ریزبەندی دووەمدا دێت. هەولێر ١٦ کورسی، سلێمانی ١٨ کورسی و دهۆک ١٢ کورسی و کەرکووک ١٣ کورسی هەیە.
بە گشتی ١٦٧ حزب و پارتی سیاسی لە هەڵبژاردنی ئەمجارە بەشدارییان کردووە و لەوانەش ٥٨ حزبیان لە چوارچێوەی هاوپەیمانی بەشدارن. ژمارەی گشتی کاندیدەکان بە هەموو حزب و هاوپەیمانی و سەربەخۆکانەوە سێ هەزار و ٢٤٩ کاندیدن و لەو ژمارەیەش ٩٥١ کەسیان ژنن. ٧٨٩ کەس وەک سەربەخۆ بەشدارییان کردووە.
کۆمەڵگەی عێراق و هەرێمی کوردستان و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیش بە بایەخەوە دەڕواننە ئەم هەڵبژاردنە و پێیان وایە ئەگەر بێ ساختەکاری و کێشە بەڕێوە بچێت کاریگەریی لەسەر سەقامگیریی سیاسیی عێراق لە داهاتوودا دەبێت و پێچەوانەکەشی عێراق بەرەو دۆخێکی نەخوازراو و نادیار دەبات.
جنین پلاسخارتنوێنەری تایبەتیی سکرتێری گشتی رێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکان لە عێراق لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەنووسیدا رای گەیاند ٨٠٠ چاودێری رێکخراوەکە چاودێریی هەڵبژاردنی عێراق دەکەن. ئەو ئەم هەڵبژاردنەی بە یەکێک لە گرنگترین هەڵبژاردنەکان هەژمار کردووە و بە پێویستی زانیوە هەڵبژاردنەکە بە بێ هیچ جۆرە ساختەکارییەک بەڕێوە بچێت.
باس لەوە دەکرێ لە ساڵی ٢٠١٨ ئەوەندەی دابینکردنی ئاسایش بۆ حکوومەتی عێراق و رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان گرنگ بوو، ئەوەندە گرنگ نەبوو لە رووی تەکنیکییەوە چاودێری بکرێ و رێکارێک بگیرێتە بەر هیچ کێشەیەک بۆ رەوتی هەڵبژاردن روو نەدات، هەر بۆیەش دەرگای ساختەکاری زۆر کراوە بوو.
رۆڵی ژنان لەم هەڵبژاردنەدا گرینگ و بەرچاوە و هەر بە پێی دەستووری عێراق نابێت ژمارەی کورسییەکانی ژنان لە پەرلەمان لە ٢٥٪ کەمتر بێت.
لە هەڵبژاردنی پێشوو گرنگییەکی کەمتر بە ژنان دەدرا چونکە بازنەکان گەورەتر بوون بەڵام ئێستا بایەخپێدان بە ژنان زۆر زیاتر بووە. هەر بازنەیەکی هەڵبژاردن کە سێ تا پێنج کورسی هەبێ ئەوا لانی کەم کورسییەک بۆ ژنان تەرخان کراوە.
دابەشکردنی پۆستە باڵاکانی وەک سەرۆک کۆمار و سەرۆک وەزیران و سەرۆکی پەرلەمان هەرچەندە بە دەقی یاسایی باس نەکراوە بە کام لیست و پێکهاتە بدرێت بەڵام هەر لەسەرەتای دامەزراندنی عێراقی فیدراڵەوە بەسەر سوننە و شیعە و کورددا دابەش بووە. کورد سەرۆکایەتی کۆمار، سوننە سەرۆکی پەرلەمان و شیعەش سەرۆکوەزیرانی پێ دراوە.
لەبەر ئەوەی سەرۆکوەزیران دەسەڵاتی جێبەجێکردنە ململانێ ئەوەندەی لە نێو ماڵی شیعە بەهێزە لە نێو پێکهاتەکانی تر بەهیز نییە و لایەنە شیعەکان کە هەندێکیان لە رۆژئاوا نزیک و هەندێکی تر لە ئێران نزیکن دەیانەوێت ببنە خاوەنی پۆستی سەرۆکوەزیران، هەرچەندە بۆ ئەو مەبەستەش پێویستییان بە کورد و سوننە هەیە بۆ ئەوەی لە پەرلەمان متمانەیان پێ بدرێت.