گرووپه‌كه‌ی گۆڤه‌ند ده‌ستگیركران

ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان دانپێدانانی گرووپێكی لەژێر ناوی (CTS) بڵاو كرده‌وه‌، كه‌ بە سەرپەرشتی کەسێك بە ناوی گۆڤەند، کاریان بریتی بووە لە دروستکردنی تۆڕی بەرفراوان و مەترسیدار لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بۆ خەڵەتاندنی گەنجانی شارەکانی هەرێمی کوردستان.

له‌ تۆمارێكی ڤیدیۆییدا، كه‌ كوردستان24 په‌خشیكرد، ئه‌نجوومه‌نی ئاسایشی هه‌رێمی كوردستان رایگه‌یاند، له‌ ماوه‌ی رابردوو له‌ تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان و راگه‌یاندنه‌كان كۆمه‌ڵێك زانیاری له‌ باره‌ی گرووپێك به‌ ناوی سی تی ئێس، به‌ سه‌رپه‌رشتی كه‌سێك به‌ ناوی گۆڤه‌ند بڵاوكرانه‌وه‌. كه‌ كاریان بریتی بووه‌ له‌ درووستكردنی تۆڕی به‌رفراوان و مه‌ترسیدار له‌ فه‌زای ئینته‌رنێت بۆ هه‌ڵخه‌ڵه‌تاندنی كچ و كوڕ و گه‌نجه‌كانی شاره‌كانی هه‌رێمی كوردستان به‌ مه‌به‌ستی به‌ده‌ستهێنانی وێنه‌ و ڤیدیۆی ئابڕووبه‌ر و نهێنییه‌ تاكه‌ كه‌سییه‌كانی خه‌ڵك و بڵاوكردنه‌وه‌یان ئامانجی ئه‌و گرووپه‌ وه‌رگرتنی پاره‌ و باج و ناچاركردنی گه‌نجان بووه‌ بۆ ئه‌نجامدانی كاری نه‌شیاو له‌ رێگه‌ی گوشار هێنان و هه‌ڕه‌شه‌ی بڵاوكردنه‌وه‌ی وێنه‌ و ڤیدیۆكانیان.

وه‌ك له‌ تۆماره‌ ڤیدیۆییه‌كه‌دا بڵاوكرایه‌وه‌، ژماره‌یه‌ك له‌و كه‌سانه‌ی بوونه‌ته‌ قوربانی گرووپه‌كه‌ی گۆڤه‌ند قسه‌یان كرد و ژماره‌یه‌ك ئه‌دمینی چه‌ناڵ و هه‌ژماره‌كانی ده‌ستگیركراون و دانیان به‌ تاوانه‌كه‌یاندا ناوه‌.

ئه‌نجوومه‌نی ئاسایش روونیكرده‌وه‌، له‌گه‌ڵ ده‌ستگیركردنی تۆمه‌تباره‌كان ده‌ستیش گیراوه‌ به‌سه‌ر كۆمه‌ڵێك به‌ڵگه‌نامه‌ و مۆبایل و كۆمپیوته‌ردا، كه‌  هه‌زاران وێنه‌ی نه‌شیاویان تێدا بووه‌ و به‌ مه‌به‌ستی درووستكردنی فشار له‌سه‌ر هاووڵاتیان و هه‌ڕه‌شه‌كردن به‌كارهێنراوون.

له‌ دانپێدانانه‌كاندا ژماره‌یه‌ك له‌ قوربانییه‌كان باسیان له‌وه‌ كردووه‌، كه‌ له‌ لایه‌ن گۆڤه‌نده‌وه‌ فشاریان له‌سه‌ر درووست كراوه‌ و كاریان پێكراوه‌ بۆ ئه‌وه‌ی وێنه‌ی ناشیاوی هاوڕێكانیان بده‌نه‌ گۆڤه‌ند.

ژماره‌یه‌كیشیان باسیان له‌وه‌ كردووه‌، ئه‌و گرووپه‌ ئه‌و دۆسیانه‌یان به‌كارهێناوه‌ بۆ وه‌رگرتنی پاره‌ و شكاندنی كه‌سایه‌تی تاكه‌كان.