شاخەوان عەبدوڵا: بۆشاییە ئەمنییەکان پڕ نەکرێنەوە هێرشەکان بەردەوام دەبن و قوربانییەکانیش زیاتر دەبن

شەوی شەممە لەسەر یەکشەمی رابردوو لە بەرزاییەکانی زورگەزراو لە نزیک شارۆچکەی پردێ، تیرۆریستانی داعش هێرشیان کردە سەر پێشمەرگە و بەهۆیەوە دوو پێشمەرگە له‌ لیوای ١٠ی پیاده‌ی سه‌ر به‌ وەزارەتی پێشمەرگەی شەهید بوون. ئەم رووداوە تاڵە لە کاتێکدا دووبارە دەبێتەوە، کە حکوومەتی هەرێمی کوردستان و حکوومەتی عێراق لەسەر پرسی ئەمنیی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم رێککەوتنیان هەیە بۆ بەیەکەوە پاراستنی ناوچەکە و پڕکردنی بۆشایی ئەمنی، بەڵام رێککەوتنەکە بە تەواوی نەکەوتووەتە بواری جێبەجێکردنەوە و نوێنەرێکی کەرکووکیش پێی وایە دەبێ رێککەوتنەکە پەلەی تێدا بکرێت.

وەک ئاشکرایە لە رووداوەکانی ئۆکتۆبەری ساڵی ٢٠١٧ەوە لە کەرکووک و سەرجەم ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان، دوای کشانەوەی هێزەکانی پێشمەرگە، بۆشایی ئەمنی دروست بووە وئەو ناوچانە بوونەتە شوێنێک بۆ دووبارە زیندووبوونەوەی داعش و دەستپێکردنەوە هێرشە تیرۆریستییەکانیان.
ئەوانەی دوای کشانەوەی هیزی پێشمەرگە جێگیر بوون میلیشیاکان بوون بەڵام هەرگیز نەیانتوانی ئاسایشی ئەو ناوچانە بپارێزن و بگرە خۆیان بوونەتە بەشێک لە هۆکاری تێکدانی دۆخی ئەمنیی ناوچەکە.
حکوومەتی هەرێمی کوردستان و بەرپرسانی باڵای هەرێم بەردەوام ئەوەیان بیر حکوومەتی عێراق هێناوەتەوە کە چارەسەری ئەو بۆشاییە ئەمنییە تەنیا بە گەڕانەوەی پێشمەرگە و هاوبەشیکردنیان لەگەڵ سوپای عێراق بۆ پاراستنی ئەم شوێنانە دەبێ و پێویستە هەرچی زووە هەنگاوی گونجاوی بۆ بنرێت.
حکوومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ حکوومەتی بەغدا بە تایبەتی لەسەر پرسی ئەمنی و سەربازی، چەند رێککەوتنێکیان کردووە بۆ پڕکردنەوەی ئەم بۆشاییانە و هەندێک هەنگاویش لەم بارەیەوە نراوە، بەڵام تەواوکەر نەبوون و داوا دەکرێت پەلە لە جێبەجێکردنی تەواوەتیی رێککەوتنەکە بکرێت.
لە مانگی ئابی ئەمساڵدا، لیژنەی سەربازی لە سوپای عێراق رێککەوتنی نێوان حکومەتی عێراق و هەرێمی کوردستانی لەسەر پێکهێنانی شەش ناوەندی هەماهەنگی هاوبەش راگەیاند بۆ پڕکردنەوەی بۆشایی ئەمنی ناوچە کوردستانییەکان. بەگوێرەی رێککەوتنەکە ناوەندەکان ئەفسەرانی پێشمەرگە و سوپا لەخۆ دەگرن و هەر ناوەندەی دوو فەرماندەی دەبێت، یەکێکیان لەبەغدا و ئەوەی تریان لە هەولێر و چوارەکەی تریش لە شارەکانی دیالە و خانەقین و کەرکووك و مەخموور و نەینەوا دەبن.
هەرچەندە چەند چالاکییەکی هاوبەشی نێوان پێشمەرگە و سوپا هەبووە، بەڵام ئەمانە تەواوکەری ئامانجەکە نەبوون و هێشتا رووبەرێکی زۆر هەیە کە دەبێت هێزی لێ جێگیر بکرێت.
یەکێک لە هۆکارە هەرە سەرەکییەکانی هێرشی تیرۆریستی بۆ سەر پێشمەرگە و دانیشتووانی بەشێک لە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم بە گوتەی شاخەوان عەبدوڵا کاندیدی براوەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق لەکەرکووک، بۆ بۆشایی تەناهی و ئەمنی ناوچەکە دەگەڕێتەوە. ئەو پێی وایە تا ئەو بۆشاییە ئەمنییە پڕ نەکرێتەوە هێرشەکانیش بەردەوام دەبن و قوربانییەکانیش زیاتر دەبن.
وەک شاخەوان عەبدوڵڵا خستیە ڕوو هێزی پێشمەرگە لە شوێنێک جێگیرە کە بەرانبەرەکەی گوند و ئاوایی و کۆمەڵیک ناوچەن کە بۆشایی ئەمنییان هەیە و زۆر دوورتر لە ئەوان سوپای عێراق هەیە و لە رێککەوتنەکە دەبێ هیزی هاوبەش ئەو ناوچانە پڕ بکاتەوە بەڵام هەنگاوەکان بە سستی دەچنە پێش.
ئەوەی بەرانبەر هیزی پێشمەرگەیە کۆمەڵێک گوند و ناوچەن کە سوپای عێراقیش لەو ناوچانە نییە و ئەمەش بووەتە دەرفەت بۆ تیرۆریستان تا خۆیان رێک بخەن و جاروبار هێرش بکەنە سەر پێشمەرگە و دانیشتوانی ناوچەکە. ئەو بۆشاییە وای کردووە کۆمەڵێک گوند چۆل بکرێن یان هەڕەشەی چۆلکردنیان لەسەر بێت، وەک نوێنەرەکەی کەرکووک ئاماژەی دا ئەگەر هێزی پێشمەرگە و سوپای عێراق لەم ناوچانە هەبن ئەوا هاوشێوەی پێش رووداوەکانی ٢٠١٧ تیرۆریستانی داعش ناتوانن هیچ جۆرە جووڵەیەکیان هەبێت و هیچ رووبەرێک نامێنێتەوە کە ئاسایشیان نەپارێزرابێت.
لەبارەی هەماهەنگی پێشمەرگە و حەشدی شەعبی، شاخەوان عەبدوڵڵا گوتی، رێککەوتنەکەی هێزی پێشمەرگە تەنیا لەگەڵ سوپای عێراقە و ئەگەر لە جێبەجێکردنی رێککەوتنەکە کات بکوژرێت و هەر بەم شێوەیە بمێنێتەوە ئەوا دەکرێ هیزی پێشمەرگە گومانی لەوە هەبێت کە ئەوەی روو دەدات دروست کراوە و شتی تری لە پشتە.
جێی باسە پێشتر ئەو هێڵەی پێشمەرگە تێیدا جێگیر ببوو هیچ بۆشاییەکی تەناهی نەمابووەوە لە نێوان پێشمەرگە و سوپای عێراق و هەرکامێکیان ئاسایشی ئەو ناوچانەیان دەپاراست کە پێیان سپێردرابوو، بەڵام ئێستە هیچ کامێکیان خۆیان لە پاراستنی بۆشاییەکە بە بەرپرسیار نازانن و ناوچەکە بووەتە گۆڕەپانی رمبازێنی تیرۆریستان.

ھەواڵی زیاتر