هه‌ینی, تشرینی دووه‌م 29, 2024

ئەو ناسەقامگیرییەی کەشوهەوا کە ئێستا هەیە، پێشبینی دەکرێت بەردەوام بێت

کەشناسیی هەرێمی کوردستان رایدەگەیێنێت، لە ماوەی 24 کاژێری رابردوودا نزیکەی 73.3 میلیمەتر باران لە سنووری پارێزگای هەولێر باریوە کە دەکاتە 40%ـی بارانبارینی ساڵی رابردوو. 

ئەمڕۆ یەکشەممە 31/10/2021 فازڵ ئیبراهیم، بەڕێوەبەری گشتیی کەشناسیی هەرێمی کوردستان لە ڕاگەیەنداوێکدا ڕایگەیاند: “ئەو ناسەقامگیرییەی کەشوهەوا کە ئێستا هەیە، پێشبینی دەکرێت بەردەوام بێت؛ بەپێی پێشبینییەکان، رۆژی دووشەممە بارانی پچڕپچڕ دەبارێت، بەڵام پێشبینی بارانبارینی بەخوڕ ناکرێت”. 

فازڵ ئیبراهیم دەڵێت: “رۆژی سێشەممە کەشوهەوا سەقامگیری بەخۆیەوە دەبینێت، بەڵام رۆژی چوارشەممە دووبارە پاشماوەکانی ئەو پاڵەپەستۆیەی دروستبووە دەستپێدەکاتەوە و بارانی پچڕ پچڕ دەبارێتەوە؛ دواتر کەشوهەوا ئاسایی دەبێتەوە و رەوشەکە سەقامگیریی تەواو بەخۆیەوە دەبینێت”. 

سەبارەت بە هەفتەی داهاتوو، بەڕێوەبەری گشتیی کەشناسی دەڵێت: “هەفتەی داهاتوو پێشبینی دەکرێت پلەی گەرما دابەزێت، بەڵام بارانبارین روونادات و سەرمایەکی وشک روو لە ناوچەکە دەکات”.

 بەهۆی بارانی بە لێزەمەوە، رۆژی شەممە 30-10-2021، لافاوێکی زۆر لە چەند ناوچەیەکی هەرێمی کوردستان دروستبوو و زیانی ماددیی لێکەوتەوە. یەکێک لەو ناوچانەی زۆرترین زیانی پێگەیشتووە شاری زێڕینی سەر بە پارێزگای هەولێرە.  

ئەمڕۆ یەکشەممە رۆژێک دوای لافاوەکە، مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لەگەڵ ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر و چەند بەرپرسێکی دیکە لە هەولێر سەردانی شاری زێڕین و گوندی کۆرییان کرد. هەروەها نێچیرڤان بارزانی، سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان له‌ په‌يوه‌ندييه‌كى ته‌له‌فۆنيدا له‌گه‌ڵ پارێزگارى هه‌ولێر، به‌دواداچوونى بۆ زيانه‌كانى لافاو له‌ هه‌ولێر و چه‌ند ناوچه‌يه‌كى سنوورى پارێزگاكه‌ كرد. بەپێی راگەیێندراوی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان، نێچیرڤان بارزانی لايه‌نه‌ په‌يوه‌ندیداره‌كانى را‌سپاردووه‌ بۆ هاوكاريكردن و يارمه‌تيدانى لێقه‌ومان و دابينكردنى پێداويستييه‌كانيان.