شەممە, تشرینی دووه‌م 30, 2024

سیروان بارزانی: داعش هێشتا هەڕەشەیەکی جیدییە

چیرۆکی سەردانی رۆژنامەنووسێکی بەریتانی بۆ بەرەکانی پێشەوەی شەڕی داعش

18ساڵ دوای پرۆسەی ئازدیی عێراق، وڵاتەکە هێشتا لەنێو دابەشبوون و ململانێی قووڵدایە و داعشیش هەڕەشەیەکی جیدییە لە عێراق. بۆ بەدواداچوونی هەڕەشەکانی داعش دەیڤید پرات رۆژنامەڤانێکی بەریتانییە و هاتووەتە هەرێمی کوردستان قسەی لەگەڵ فەرماندەکانی پێشمەرگە کردووە .

رۆژنامەنووسەکە بەوشێوەیە رووداوەکان دەگێڕێتەوە؛ پێش پێنج ساڵ چاوم بە جەنەڕاڵ سیروان بارزانی کەوت، ئێستا تووشی سەرسووڕمان بووم لەوەی شتێکی کەم گۆڕاوە لە شەڕی داعش، ئەو بە جلی سەربازییەوە لەبەرەی پێشەوەی سەنگەرەکانی شەڕی دژی داعشە. ناوبراو لەگەڵ ئەوەی شەڕی داعش دەکات بزنسمانێکی سەرکەوتووشە، خاوەنی هێڵی تەلەفۆنیی کۆرەکە، کە ٧ ملیۆن بەشداربووی هەیە لەعێراق. سیروان بارزانی برازای سەرۆک مەسعود بارزانییە کە دەیان ساڵە بنەمالەکەیان خەبات بۆ کورد دەکەن، بەڵام وەکو رۆژنامەنووسەکە دەڵێ نە لەبارەی سیاسەت نە لەبارەی بزنس قسەی لەگەڵ سیروان بارزانی نەکردووە، بەڵکو ئەوەی باسی کردووە لەگەڵی هەڕەشە و هێرشەکانی داعشە، بەردەوامیی رووبەڕووبوونەوەی پێشمەرگە لەگەڵ داعش، پاش ١٨ ساڵ لە پرۆسەی ئازادیی عێراق هێشتا کۆمەڵێک هەڕەشە بەرۆکی عێراقی گرتووە .
هەڵبژاردنی ئەم دواییەی عێراق، کە خولی پێنجەم بوو لەوەتەی پرۆسەی ئازادیی عێراقەوە بەلای هەندێك ئەنجامەکە قبووڵکراو و بەلای هەندێکی دیکەش تەنیا درێژەدان بووە بە حوکمی شیعە لە عێراق، رەوتی سەدر کە خاوەنی هەژموونێکی ئایینیی فراوانە لە نێو شیعەکان زۆرترین کورسیی لە هەڵبژاردن بردەوە و پێش رکابەرەکانی کەوت، ئەو لایەنانەشی نزیکی حەشدی شەعبی بوون کە تۆمەتبارن بە کوشتنی ٦٠٠ خۆپێشاندەری خۆپێشاندانەکانی ساڵی 2019، پاشەکشەی تەواویان کرد، لەکاتێکدا بەغدای پایتەختی عێراق و بەسرە لە باشوور لە نێو ئەو ململانێی شیعەکان چەقیان بەستووە، لە هەرێمی کوردستان، هەرێـمەکە گیرۆدەی سیاسەتی ناوچەکە بووە و لە هەندێك هێڵدا پێوەی دەناڵێنێت .
سیروان بارزانی و پێشمەرگەکانی لە سەنگەرەکانی پێشەوەی شەڕی داعش وەستاون و بەردەوامن لە رووبەڕووبوونەوەی هەڕەشەکانی داعش و، نیگەرانیشن لە زیادبوونی هەژموونی گرووپە چەکدارە شیعەکان. نەک تەنیا زیادبوونی هەژموونی حەشدی شەعبی بەڵکو بەردەوامیی هەڕەشەکانی داعشیش. تاوەکو ئێستا هزر و بیری پێشمەرگە و فەرماندەکانی داگیر کردووە و نایانەوێت ئەو هەڕەشانە لەسەر هەرێمی کوردستان کاریگەرییان هەبێت. وشەی بارزانی هێشتا لەو تەلانەی رادیۆوە دێنە گوێم کە چەندین ساڵە ئەوان بە پێشمەرگەکانیانەوە خەباتی پارتیزانییان کردووە دژی رژێمی سەدام حوسێن لە چیاکاندا .
لە دیدارمدا لەگەڵ سیروان بارزانی ئەو یەکێک لە دروشمەکانی پێشووی داعشی پێ نیشان دام، ئەو ئاماژە بەو ساتە سەختانە دەکات پێشمەرگە لە رووبەڕووبوونەوەی داعش دەیبینێت. دە خولەک دواتر بە ئۆتۆمبێلێک چووینە یەکێک لە ستراتیژیترین ناوچەکان لە چیای مەخموور. ئێمە لەگەڵ کاروانێکی پێشمەرگە چووینە ئەو شوێنە تێبینیم کرد ئۆتۆمبێلە سەربازییەکان بە چەکی قورس و سووکەوە بۆ هەر پێشهاتێک ئامادە بوون. سیروان بارزانی لەبارەی داعش هۆشداری دەدات کە داعش هێشتا زۆر چالاکە لەو ناوچەیە. زۆر کەس لە دەرەوەی ئەو ناوچەیە پێی وایە داعش بووەتە بەشێک لە رابردوو، پاش ئەوەی لە مووسڵ دەرکران و خەلافەتەکەیان لە رەقەی سووریا رووخێنرا، بەڵام بێگومان زۆر جار لە باکووری عێراق، بەتایبەت لە ناوچەی کۆنی مووسڵ و کەناراوەکانی روباری دیجلە، هێشتا بۆمب و پاشماوەکانی داعش ژیانیان لە خەڵك تاڵ کردووە و دۆخێکیان دروست کردووە کە قورسترینە لە دوای جەنگی دووەمی جیهان، بەو هیوایەی دەرکردنی داعش لە مووسڵ کۆتاییەکەی بێت، بەڵام وا دەرنەچوو .
سیروان بارزانی لەو ناوچەیەی چووین بۆ روونکردنەوەی شوێن و پێگەی هەڕەشەکانی داعش رایگەیاند : “نزیکەی ٢٠٠ چەکداری داعش لەو ناوچە شاخاویانە چالاکن، بۆمب دادەنێن و خاڵی پشکنینی درۆ دروست دەکەن و جلوبەرگی پۆلیس دەکەنە بەریان و خەڵک دەڕفێنن. ناوبراو دەڵێ : “ئێرە تۆرابۆرای عێراقە” ( تۆرابۆرا زنجیرە چیایەکی سەختە لە ئەفغانستان). ئەو رۆژە کە پێ دەچوو رۆژێکی پڕ ئیش بێت، سیروان بارزانی دەبوو بچێتە بەرەیەکی دیکەی رووبەڕووبوونەوەی داعش، لەگەڵ دابینکردنی سەلامەتی و پاراستنم لەو ناوچەیە. سیروان بارزانی بە ڕێزەوە ماڵئاوایی لێ کردم و منیش بەردەوام بووم لە وێنەگرتنم، چونکە لەگەڵ تاریکداهاتن و ئێوارە ئیدی ناوچەکە دەبێتە هەل بۆ داعش تاوەکو ئەوەی دەیەوێت بیکات، پێشمەرگەکانی سیروان بارزانی چەندین جار رووبەڕووی داعش بوونەتەوە، بۆیە بەلای سیروان بارزانی و پێشمەرگەکانیش هێشتا داعش هەڕەشەیەکی جیدییە لە ناوچە کوردستانییەکان، هەرچەندە حەشدی شەعبی لە دەشتی نەینەوا و ناوچەی دیکە دەڵێن بۆ شەڕی داعش لەو ناوچانەن، بەڵام بوونیان بەشێکی عێراقییەکانی نیگەران کردووە و ترسیان هەیە لەهەژموونی ئەو گرووپە چەکدارانە، ئێستا کە هەڵبژاردن کراوە و گرووپەکانی نزیکی حەشدی شەعبی دۆڕاون مەترسییەکە لە جاران زیاترە ، نزیکەی دوو دەیە دوای پرۆسەی ئازادیی عێراق ئێستا عێراق هێشتا دابەش بووە و گۆڕەپانی شەڕی بریکارییە، هەڕەشەی داعشیش لەولاوە بوەستێت، بۆیە ئەو مەترسییانە جیددین و هێشتا ماون .
نووسینی: دەیڤد پرات
سەرچاوە: رۆژنامەی هێڕاڵد