هه‌ینی, تشرینی دووه‌م 8, 2024

مه‌سرور بارزانی سه‌ره‌خۆشی له‌ بنه‌ماڵه‌ی كه‌سایه‌تی دیار و تێكۆشه‌ری ناسراوی زاخۆ عه‌ریف ده‌روێش ده‌كات

مه‌سرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان سەرەخۆشی لە بنەماڵەی پێشمەرگەی تێکۆشەر و کەسایەتیی ناسراوی شاری زاخۆ عەریف دەروێش سندی دەکات.

ئه‌مڕۆ شەممە 30ی ئۆکتۆبەری 2021 مەسرور بارزانی، سه‌رۆکی حکومەتی هه‌رێمی کوردستان، له‌ په‌یوه‌ندییه‌کی ته‌له‌فۆنیدا، سەرەخۆشی له‌ بنەماڵەی پێشمەرگەی هەردوو شۆڕشی ئەیلوول و گوڵان و هەڵگری میدالیای بارزانیی نەمر و کەسایەتی ناسراوی زاخۆ، عەریف دەروێش سندی کرد.

سه‌رۆکی حکومەت، هاوخه‌می خۆی بە بنەماڵەی ئەو پێشمەرگە خەباتکار و نیشتمانپەروەرە گەیاند و هیوای خواست، خوای مه‌زن، گیانی خوالێخۆشبوو، به‌ بەهەشت شاد بکات و ئارامییش بە کەسوکار و بنەماڵە و هەڤاڵەکانی ببەخشێت.

لە بەرامبەردا، بنەماڵەی عەریف دەروێش سندی، سوپاس وپێزانینی خۆیان بۆ په‌یوه‌ندی و هاوخه‌می سەرۆکی حکومەت دەربڕی. 

عه‌ریف ده‌روێش سندی، كه‌سایه‌تی ناسراوی زاخۆ و پێشمه‌رگه‌ی هه‌ردوو شۆڕشی ئه‌یلوول و گوڵان و هه‌ڵگری مه‌دالیای بارزانی، به‌ره‌به‌یانی ئه‌مڕۆ له‌ رێوڕه‌سمێكدا له‌ زاخۆ به‌ خاك سپێردرا.