لە ڕاپۆرتێکیدا کە لە ٢٨/١٠/٢٠٢١دا بڵاوکراوەتەوە، هیومان ڕایتس وۆچ (HRW) چەند دەنگۆیەکی سەبارەت بە سنووردارکردنی جوڵەی هەندێک لە دانیشتوانی کامپەکان وروژاندووە.
لەم بارەیەوە، د. دیندار زێباری ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکانی حوکمەتی هەرێم ڕایگەیاند جێی ئاماژەیە لەکاتێکدا زۆرینەی ئاوارەکان دەیانەوێت بگەڕێنەوە شوێنە ڕەسەن و ئازادکراوەکانی خۆیان، بەڵام زۆرینەی ئەو ئاوارانە بەهۆی نەبوونی مەرجی پێویستەوە ناتوانن ئەو کارە بکەن، وەک خزمەتگوزارییە بنەڕەتییەکان و هەلی کار و ڕووخان و نۆژەننەکردنەوەی ماڵەکان، و نیگەرانییەکانی ئاسایش. ئەمانە پرۆسەکەیان قوڕستر کرد.
ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان هەروەها گوتی مانگی ١١ی ساڵی ٢٠٢٠، نزیکەی ٤٥٠ داعش لە زیندانەکانی هەرێمی کوردستان دەستبەسەرکرابوون: ٣٩٨ لە دەستگیرکراوان دادگایی کراون و سزادراون، ٢٩یان گەنجن و ٢٣ کەسیان ژنن. نزیکەی ٤٨ گومانلێکراو ئازادکران کاتێک لەلایەن دادگاوە بە بێتاوان ناسران. حکومەتی هەرێمی کوردستان هەماهەنگی بەردەوام دەبێت لەگەڵ تیمی لێکۆڵینەوەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ لێپرسینەوە لە تاوانەکانی داعش (UNITAD)، تا ئێستاش بەشێکی زۆری زانیاری داواکراوی ڕادەستی یونیتاد کردووە سەبارەت بە تاوانەکانی داعش تا دادگاییکردنەکان بە باشترین شێوە بەڕێوەبچن.
هەروەها، لە ساڵی ٢٠١٨، ٢٧٧ دەستگیرکراوی داعش بە شێوەی یاسایی گواسترانەوە بۆ دادگای لێکۆڵینەوەی نەینەوا و ٥٧٦ی تریش ڕەوانەی دادگای پێداچوونەوەی بەغدا کراون.
د. دیندار زێباری ڕوونیکردەوە کە نەبووە کەسێک کە پێشتر پەیوەندی لەگەڵ داعشدا هەبووبێت و دواتر دادگایی کرابێت و حوکمەکەی تەواوکردبێت لە کامپەکان دەستبەسەر کرابێت.
شاڵاوی ئاوارە و پەنابەران بۆ هەرێمی کوردستان کە لە سەرەتای شەڕی دژ بە تیرۆرەوە دەستی پێکرد، وای لە تیرۆریستانی داعش کرد کە بەشیکیان دزە بکەنە ناو خەڵکەکە و خۆیان بە ئاورە بناسێنن.
لێکۆڵینەوەکان لەسەر بنەمای لێدوانی شایەتحاڵەکان، زانیاری هەواڵگریی و بەڵگەی پشتڕاستکراوە لە دوای جێگیربوونی ئاوارەکان لە کەمپەکاندا دەستی پێکرد، تۆمەتبارانی سەر بە ڕێکخراوی تیرۆرستی داعش دەستگیرکران و گواسترانەوە بۆ دەسەڵاتی دادوەری.
هەروەها ئەوانەی بە تاوانی هەبوونی پەیوەندی لەگەڵ داعشدا تاوانباربوونە و بە چاودێری دەسەڵاتی دادوەری هەرێمی کوردستان بە ڕێکارە یاساییەکان تێپەڕبوونە، ناکەونە ژێر باری لێکۆڵینەوەی تر و چاودێری و جارێکی تر لە هەرێمی کوردستان و لەسەر هەمان تاوان حوکمنادرێنەوە.
لە کۆتایی لێدوانەکەیدا، ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان ڕایگەیاند کە ئەگەر داوا لەکەسە ئازادکراوەکان کرا بەڵگەی دادگاییکردنەکانیان بدەن یان ئەگەر دەسەڵاتی فیدراڵی لەم ڕووەوە بەڵگەیان ویست، دەزگا دادوەرییەکانی هەرێمی کوردستان ئامادەن دۆسیە داواکراوەکان ڕادەست بکەن، لە چوارچێوەی هەوڵەکان بۆ نەهێشتنی تیرۆر لە عێراق و جیاکردنەوەی حوکمدراوان وە گومانلێکراوەکان.