هه‌ینی, تشرینی دووه‌م 8, 2024

حەوت ساڵ بەسەر چوونی پێشمەرگە بۆ کۆبانێ تێدەپەڕێت

حەوت ساڵ لەمەوبەر و لە ڕۆژێکی وەکو ئەمڕۆ و ڕێکەوتی 28/10/2014 بە فەرمانی سەرۆک بارزانی سەرۆکی ئەوکاتی هەرێمی کوردستان، هێزێ پێشمەرگە بە مەبەستی ئازادکردنی شاری کۆبانێی ڕۆژئاوای کوردستان لەدەستی داعش، ڕەوانەی کۆبانێ کران.

ئەم بڕیارە و ڕۆیشتنی شکۆمەندانەی هێزی پێشمەرگە و بەشداریی قارەمانانەیان لە شەڕی ئازادکردنی کۆبانێدا لە ئاستی میدیای ناوچەیی و جیهانیدا دەنگی دایەوە و وەک دەسکەوتێکی نەتەوەیی و سیاسی بۆ هەرێمی کوردستان و هێزی پێشمەرگە لەقەڵەم درا.

لە کۆتایی ساڵی 2014، داعش هێرشێکی فراوانی کردە سەر شاری کۆبانێ لە رۆژئاوای کوردستان و زۆرینەی ناوچەکانی شارەکەی داگیر و وێران کرد و ژمارەیەکی زۆر هاووڵاتیی شارەکە و شەڕڤان لەو شەڕ و بەرەنگارییەدا شەهید بوون و زۆربەی هاووڵاتییانی شارەکە ئاوارەی هەرێمی کوردستان و تورکیا و دەرەوەی وڵات بوون.

شاری کۆبانێ لە ڕۆژئاوای کوردستان کە لەلایەن چەکدارانی داعشەوە داگیر و خاپوور کرابوو، پاش 133 رۆژ شەڕ و بەرەنگاری سەرەنجام ڕێکەوتی 26/1/2015 بە یەکجاری و بە یارمەتیی هێزی پێشمەرگی هەرێمی کوردستان ئازاد کرا.

لە رۆژی 28/10/2014 بە بڕیاری سەرۆک مەسعود بارزانی و پەسەندکردنی بڕیارەکە لە پەرلەمانی کوردستان، هێزێکی پێشمەرگە بەناو خاکی باکووری کوردستان و تورکیاوە چوونە کۆبانێ و بەشداریی شەڕی دژی داعشیان لە رۆژئاوای کوردستان کرد و لەو شەڕ و بەرەنگارییە قارەمانێیەدا پێشمەگەیەک بەناوی زێرەڤان ئەکرەم شەهید و چەندین پێشمەرگەی دیکەش بریندار بوون.

كاروانی یەكەمی هێزی پێشمەرگە لە 28 ی تشرینی یەكەمی 2014 لە هەولێرەوە بەرەو كۆبانێ بەڕێ كەوت، ماوەی 35 رۆژ لەوێ مانەوە و پاشان گەڕانەوە، كاروانی دووەمیش لە سێی كانوونی یەكەمی 2014 بەڕێ كەوت، كاروانی سێیەمیش 15-1-2015 بۆ کۆبانێ بەڕێ كەوت.