باشترین بژاردەی لەناوبردنی داعش سەربەخۆیی کوردستانە

” کاتی ئەوەیە، ستراتیژیەتێکی نوێ بۆ سەقامگیریی ناوچەکە دابنرێت”

لەکاتێکدا سەرهەڵدانەوەی داعش و دەستبەسەرداگرتنی ئەفغانستان لەلایەن تاڵیبانەوە بوونەتە مایەی نیگەرانی؛ پێویستە بیرمان بێت هێشتا هەزاران چەکداری داعش لە عێراق و سووریا چالاکن و خۆیان حەشار داوە، هەڕەشەکانیان زیاتر بووە و خەریکە دەگاتەوە ئاستی هەڕەشە لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیش
لەسەر بنەمای هەوڵەکانی پێشوو بۆ سەربەخۆیی کوردستان، وا پێدەچێت چی دیکە عێراق، ئێران، توركیا و سووریا و رووسیا بەرهەڵستی لە سەربەخۆیی کوردستان نەکەن، دۆخەکە ئێستا بە جۆرێکە گرەوی لەسەر ناکرێت، هیچ چارەسەرێکی دیکەیش هێندەی بوونی کوردستانێکی سەربەخۆ کاریگەر نابێت بۆ نەهێشتنی هەڕەشەی چەکداران و داعش . ئێستا داعش لە ناوچەکانی باکووری عێراق و لە رۆژهەڵاتی سووریاش هەن، ئەوان لەژێر تونێلەکان و لە شاخەکان خەریکی جموجۆڵن، هێرش دەکەن و هەوڵی بەهێزتركردنی خۆیان دەدەن، ئامادەکارییش بۆ هێرشی سەر رۆژئاوا دەکەن. داعش لە عێراق لە ناوچە جێناکۆکەکان خەریکی چالاکییە، ناوچەیەکی فراوانە لە نێوان هەردوو حكوومەتی هەرێمی کوردستان و بەغدا و بۆشایی ئەمنی هەیە.
سەربەخۆیی کوردستان دەکرێت سەقامگیری بۆ ئەو ناوچانە بێنێت، سنوورێکی فەرمی هەبێت و هێزی لێ جێگیر بکرێت، لە جێگەی هێزی نافەرمی لەو ناوچانە و گرووپی چەکدار.
لە سووریا داعش بەشێوەیەکی بەرچاو چالاکییەکانی کەمبووەتەوە ئەوەش بەهۆی دەسەڵاتێکی کوردییەوە لەو ناوچەیە لە رۆژهەڵاتی وڵاتەکەدا، لە راستیدا ئەمریکا پشتیوانی هێزەکانی سووریای دیموکرات دەکات کە زۆربەیان کوردن، بۆیە داعش لەو ناوچەیە تاک و تەرا جموجۆڵ دەکەن و توانای ئەوتۆیان بۆ کۆنتڕۆڵکردنی ناوچەکان نییە، بەڵام لەگەڵ ئەوەش واقیعی تاڵ ئەوەیە هێشتا هەوڵەکان بۆ قۆناغی گواستنەوە لە سووریا ئەنجامی نەبووە و جێگرەوەیەکیش نییە بۆ بەشار ئەسەد کە تاوانبارە بە تاوانی جەنگی و هێشتا لە دەسەڵاتدا ماوە، لە هەندێک حاڵەتدا بە پشتیوانیی رووسیا و ئێران، ئەسەد رەنگە دەست بەسەر ئەو ناوچانەشدا بگرێتەوە کە هەسەدە کۆنتڕۆڵی کردوون، ئەوەش سوود بە داعش دەگەیەنێت، بۆیە پشتیوانیی هەسەدە کە رۆژهەڵاتی سووریای کۆنتڕۆڵ کردووە و بەشێکە لە گەلی کورد، دەبێتە هۆی هاوکاری بۆ سەقامگیریی ناوچەکە و گوشار لەسەرداعش، ئەوە ئەرکێکی ئاسان نییە، ئێران و عێراق لەمێژە لەگەڵ بوونی دەوڵەتێکی کوردی نین و ترسیان هەیە کوردی ئەو دوو وڵاتەش هەمان داوا بکەن، بەڵام پێچەوانەی ئەوەش دەکرێت روو بدات، بوونی دەوڵەتێکی کوردی رەنگە ببێتە هۆی کەمبوونەوەی داوای کورد لەو دوو وڵاتە بۆ کوردستانێکی یەکگرتووی سەربەخۆ لە چوارپارچەوە .
لە عێراقیش بەغدا لەبەر چەند هۆکارێک دژی ئەو پرسەیە، بەڵام سەربەخۆیی کورد لە عێراق دەبێتە هۆی هێنانەپێشەوەی پرۆژەیەک بۆ چارەسەری کێشەی خاک و ناوچە جێناکۆکەکان کە دەستووری عێراق ئاماژەی پێ داوە و تاوەکو ئێستاش چارەسەر نەکراوە، لەگەڵ ئەوەش جیابوونەوەی کورد لەعێراق رەنگە لە بەرژەوەندی هەندێك لایەنی عێراقیش بێت، هەرچەندە لە ڕوالەتدا وا دەردەکەوێت زۆر دەوڵەت لەگەڵ سەربەخۆیی کوردستان نەبن بەڵام بوونی هەڕەشەی داعش و گۆڕینی شێوازی کارکردنی وای کردووە چی دیکە بوونی دەوڵەتێکی کوردی نەک ئەرکێکی ئەخلاقی بێت بەڵکو پێویستییەکی ئاساییشیشە . هەموو گوشارەکان لەو دۆخەدا رەنگە مەترسی گۆڕانکارییەکان و نەبوونی سەقامگیری وا بکات داعش دۆخەکە بقۆزێتەوە و خۆی رێک بخاتەوە، چونکە لە عێراق گفتوگۆی پێکهێنانی حكوومەت هەیە، حكوومەتی داهاتووی عێراق رەنگە پەیوەندی لەگەڵ کورد و ئەمریکا بگۆڕێت، کورد لە عێراق، سەربەخۆیی کوردساتان پێویستی بە بوونی کۆمیسیۆنێکی پشتیوانیکراو لەلایەن نەتەوەیەکگرتووەکانەوە هەیە بۆ ئەوەی دەست بە گفتوگۆ بکات لە پێناو تێگەیشتن لە دۆخەکە و گۆڕینی هەست و بیرکردنەوەی ئەوانەی دژایەتیی ئەو پرسە دەکەن، پێویستیشی بە تێگەیشتن و گفتوگۆی گرنگ هەیە لەبارەی نیگەرانییەکان لە پرسە جیاوازەکاندا بەتایبەت سەرچاوەی سرووشتی.
ئەو رێگایە دوور و درێژە، بەڵام ئایا جێگرەوەی دیکە هەیە؟ ئێستا هەڵمەتی رووبەڕووبونەوەی داعش لە عێراق کارێکە لەسەر بنەمای گفتوگۆی لەرزۆک و نەبوونی تێگەیشتن و مشتومڕ بنیات نراوە، ئێستا کاتی ئەوەیە ستراتیژیەتی نوێ دابنرێت بۆ ئەوەی ناوچەکە سەقامگیر بکات و دڵنیایی هەبێت کە هێزە کوردییەکان لە پێشمەرگە و هەسەدەوە وەکو چۆن لە رابردوودا سەرکردایەتی شەڕی داعشیان کرد بە هەمان شێوە بەردەوام بن و داعش لە ناو ببەن .
*شۆن د.هیڵ نووسەری سیاسەتی دەرەوە و ئاسایشی نیشتمانییە، دامەزرێنەری ناوەندی تەیمەنی وەنە، ئەو پێشتر لە وەزارەتی بەرگری ئەمریکا کاری کردووە لە هۆبەی لێکۆڵەری گشتی کە تێیدا راپۆرت دراوەتە کۆنگرێس لەبارەی ئۆپەراسیۆنەکانی دەرەوەی سنوور.