سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان ئیدانه‌ی هێرشه‌كه‌ی داعش ده‌كات

نێچیرڤان بارزانی له‌ تویتێكدا هاوخه‌می خۆی بۆ كه‌سوكاری قوربانییانی هێرشه‌كه‌ی دوێنێ شه‌وی میقدادیه‌ ده‌ربڕی و نووسیویه‌تی: به‌ توندی هێرشه‌ خوێناوییه‌كه‌ی داعش شه‌رمه‌زار ده‌كه‌ین، كه‌ به‌ ناحه‌ق كرایه‌سه‌ر كه‌سه‌كانمان له‌ دیاله‌.

سه‌رۆكی هه‌رێم ئاماژه‌ی به‌وه‌ كرد، ئه‌م هێرشه‌ جارێكی دیكه‌ ئه‌مه‌ دووپات ده‌كاته‌وه‌، كه‌ گرنگه‌ هه‌مووان به‌یه‌كه‌وه‌ پشتیوانی هێزه‌ ئه‌منییه‌كانمان بكه‌ین له‌ دژی ئه‌و مه‌ترسییه‌ی كه‌ تا ئێستا له‌سه‌رمان هه‌یه‌ و به‌ ئامانجی گرتووین.

نێچیرڤان بارزانی راشیگه‌یاند، داواكارم شه‌هیدان به‌ر ره‌حمه‌ت بكه‌ون و برینداره‌كانیشمان چاكببنه‌وه‌، دڵمان له‌گه‌ڵ خه‌ڵكی میقدادیه‌یه‌، به‌شداری خه‌مه‌ قوڵه‌كه‌یانین.

دوێنێ شه‌و، چه‌كدارانی داعش هێرشیان كرده‌‌ سه‌ر گوندی ره‌شادی سه‌ر به‌ قه‌زای میقدادییه‌ له‌ باكووری رۆژهه‌ڵاتی پارێزگای دیاله‌، به‌ پێی زانیارییه‌‌كان، له‌ ئه‌نجامی ئه‌و هێرشه‌دا 12 كه‌س كوژراون و 11 كه‌سی دیكه‌ش بریندار بوون. كه‌ له‌ ریزی كوژراو و برینداره‌كان ئافره‌تان هه‌ن.