به‌پێی ڕاسپارده‌ی ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیران پلانی گونجاو بۆ دروستكردنی چه‌ند به‌نداوێك دانراوە‌

فه‌رمانگه‌ی میدیا و زانیاری حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان بڵاویكرده‌وه‌، یه‌كێك له‌ كاره‌ له‌ پێشینه‌كانی كابینه‌ی نۆیه‌می حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، گرنگیدانه‌ به‌ سه‌رچاوه‌كانی ئاو، ئه‌ویش له‌ ڕێگه‌ی دروستكردنی به‌نداو كه‌ به‌ گرنگ و ستراتیژی داده‌نرێت، به‌هۆیه‌وه‌ له‌ چه‌ند ڕووێكه‌وه‌ ده‌توانرێت سوودی لێ وه‌ربگیرێت.

فه‌رمانگه‌ی میدیا و زانیاری حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان رایگه‌یاند، به‌رنامه‌ و پلانی گونجاو بۆ دروستكردنی چه‌ند به‌نداوێك دانراوە‌، کە یه‌كێك له‌و به‌نداوانه‌ “به‌نداوی گۆمه‌سپان”ـه‌  ده‌كه‌وێته‌ باكووری رۆژهه‌ڵاتی پارێزگاى هه‌ولێر، كه‌ كاره‌كانی له‌ سه‌دا 22 ته‌واو بووه‌.

راشیگه‌یاند، پرۆژە‌ی به‌نداوی گۆمه‌سپان له‌ لایه‌ن هه‌ردوو كۆمپانیای “سێنكی خۆماڵی” و “ئه‌تاكی توركی”ـیه‌وه‌ دروست ده‌كرێت، له‌ ڕێكه‌وتی 1-10-2021 به‌ ڕاسپارده‌ی ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیران ده‌ست بە جێبەجێکردنى کرا کە پێشتر کارەکانى ڕاگیرا بوو و تا ئێستا له‌ سه‌دا 22ـی كاره‌كانی بەم شێوەیەى خوارەوە ته‌واو بووه‌:

یەکەم: كاره‌كانی لاشه‌ی به‌نداو ـ Dam Body، له‌ سه‌دا 10 ته‌واو بووه.‌

دووەم: گه‌له‌ری گوێزه‌ره‌وه‌ی ئاوەکەى، له‌ سه‌دا 90 ته‌وا‌و بووه‌.

سێیەم: دروستكردنی ڕێگاى هاتوچۆکردن لەسەرى، له‌ سه‌دا 95 ته‌واو بووه‌.

چوارەم: سیسته‌می ئاو و چاكسازیی بۆ خانووه‌كانی به‌نداوەکە له‌ گوندی حاجی ئه‌حمه‌د لەگەڵ 9 خانوو ته‌واو بووه.‌

فه‌رمانگه‌ی میدیا و زانیاری روونیشیكرده‌وه‌، حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان بۆ قۆناغی ئێستا 10ملیار دیناری له‌ كۆی 102 ملیار دینار گوژمەى گشتیی ئه‌م پرۆژە‌یه‌ دابین کردووە و بڕیار وایه‌ له‌ ساڵی 2024 ئەو به‌نداوه‌ ته‌واو ببێت.

جه‌ختیكرده‌وه‌، ئه‌م به‌نداوه‌ به‌ یه‌كه‌م به‌نداوی له‌م شێوه‌یه‌ داده‌نرێت له‌ سه‌ر ئاستی عێراق، چونكه‌ به‌ شێوه‌ی كۆنكرێتی RCC دروست ده‌كرێت كه‌ تێیدا به‌ردی گه‌وره‌ به ‌كار دێت و ده‌بێته‌ هۆکار بۆ پته‌وكردنی به‌نداوه‌كه‌ و تێچووی دروستكردنیشی كه‌متر ده‌كاته‌وه‌ و تا ئێستا به‌نداوی به‌م شێوه‌یه‌ له‌ عێراق دروست نه‌كراوه‌

روونیكرده‌وه‌، سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان زۆر ڕژده‌ له‌ سه‌ر جێبەجێکردن و زوو تەواوکردنى ئەم بەنداوە، چونکە بە دروستكردن و ته‌واوبوونی له‌ چه‌ندین ڕووه‌وه‌ بایه‌خ و سوودی لێ ده‌كه‌وێته‌وه‌ وه‌كو گلدانه‌وه‌ی 80 ملیۆن مه‌تر سێجا ئاو، و بووژانەوەى کەرتى گه‌شتیاری ناوچەکە و برەودان بە بواری سامانی ماسی و هەروەها به‌رهه‌مهێنانی 7.83 گێگا كاره‌بای ساڵانه‌ كه‌ ته‌نها بۆ به‌نداوه‌كه‌ به ‌كار دێته‌وه‌، ئه‌مه‌ جگه‌ له‌وه‌ی كه‌ ئه‌م به‌نداوه‌  400 مه‌تر له‌ هه‌ولێر بەرزترە، بۆیه‌ وه‌كو سه‌رچاوه‌یه‌كی گرنگی دابینكردنی ئاوی پاكیش داده‌نرێت بۆ شارەکە.

ئاماژه‌یپێكرد، سه‌رچاوه‌ی سه‌ره‌كی ئاوی ئه‌م به‌نداوه‌ ته‌نها باران و كانی و ڕووباره‌ وه‌رزییه‌كانی ئه‌م ناوچه‌یه‌یە، به‌ گشتیی بۆ گلدانه‌وه‌ی ئاو له‌م به‌نداوه‌دا سوود له‌ ڕووبه‌ری 132.5 كیلۆمەترى چوارگۆشه‌ زه‌وی ئه‌م ناوچه‌یه‌ وه‌رده‌گیرێت، واتا له‌م ڕووبه‌ره‌ زه‌وییه‌وه‌ ئاو بۆ ئه‌م به‌نداوه‌ دێت، سه‌ره‌ڕای هه‌موو ئه‌مانه‌ مه‌ترسی وشكه‌ ساڵی له‌م ناوچه‌یه‌ ناهێڵێت.

به‌نداوی گۆمه‌سپان به‌رزییه‌كه‌ی 70 مه‌تره‌ و توانای گلدانه‌وه‌ی 80 ملیۆن مه‌تر سێجا ئاوی هه‌یه‌، درێژی به‌نداوه‌كەش‌ له‌ سه‌ره‌وه‌ 512 مه‌تره‌ و له‌ خواره‌وه‌ش 140 مه‌تره‌، پانییەکەشى له‌ سه‌ره‌وه‌ 10 مه‌تره‌ و له‌ خواره‌وه‌ش ده‌بێته‌ 70 مه‌تر و ده‌ریچه‌یه‌كیشی هه‌یه‌ كه‌ تیره‌كه‌ی 2 مه‌تره‌ بۆ به‌ردانه‌وه‌ی ئاو به‌ كار دێت له‌ كاتی پێویستدا و له‌ كاتی زۆربوونی ئاو و سه‌رڕێژ بوونیدا ئاوه‌كه‌ ده‌چێته‌ به‌ستۆڕە‌ و له‌وێشه‌وه‌ دەڕژێتەوە نێو سه‌نحاریب و زێی گه‌وره‌.