عێراق لە دادگای لاهای سکاڵا لەسەر ئێران تۆمار دەکات

سلێمان تاشان – هه‌‌ولێر

بەهۆی ئەوەی کە ئێران ژمارەیەکی زۆر بەنداوی لەسەر ئەو رووبارە هاوبەشانە دروست کردووە کە دەڕژێنە خاکی عێراق و هەرێمی کوردستانەوە و بە رووباری هاوبەش هەژمار دەکرێن، وەزارەتی سەرچاوەکانی عێراق خوازیارە لە دادگای نێودەوڵەتیی لاهای سکاڵا دژی ئێران تۆمار بکرێت. پێشتر لەسەر پرسی ئاو، عێراق و تورکیا رێککەوتوون و عێراق خوازیارە رێککەوتنی هاوشێوە لەگەڵ ئێران واژۆ بکات بەڵام ئێران گوێی بە عێراق نەداوە.

وەک ئاشکرایە عێراق لە ئاودا پشت بە رووبارە نێودەوڵەتییەکان دەبەستێت و بە پێی یاساکانی پێوەندیداریش پشکی خۆی لەو ئاوانەدا هەیە، بەڵام وڵاتانی دراوسێ ئاویان وەک کارتی گوشار لە دژی عێراق بەکار هێناوە. تورکیا لەسەر دیجلە و فورات دەیان بەنداوی دروست کردووە و ئێرانیش جگە لە دروستکردنی بەنداو لەسەر ئەو رووبارانەی دەڕژێنە هەرێمی کوردستان و عێراقەوە، تەنانەت ریڕەوی رووبارەکانیشی گۆڕیوە و زیانی بە کشتوکاڵ و سامانی ئاژەڵ و ژینگەی عێراق و هەرێمی کوردستان گەیاندووە.
مەهدی حەمدانی، وەزیری سەرچاوەکانی ئاوی عێراق گوتوویەتی: حکوومەتی عێراق لەگەڵ تورکیا رێککەوتننامەیەکی واژۆ کردووە کە بە گوێرەی رێککەوتنەکە لە هەر دوو رووباری دیجلە و فورات، پشکی ئاوی عێراق بەردەەدرێتەوە و ئەو پشکەش لە لایەن تورکیاوە بە فەرمی ناسێنراوە و پەسند کراوە. هەروەها ئاماژەی داوە رێککەوتنەکە لە سەرەتای ئەم مانگەوە دەست بە جێبەجێکردنی کراوە.
عون دیاب، راوێژکاری تەکنیکی وەزارەتی سەرچاوەکانی ئاوی عێراق بە میدیاکانی راگەیاند، وەزارەتەکەیان نامەیەکی فەرمیی رەوانەی بەرپرسانی باڵای عێراق و لەوانەش ئەنجوومەنی وەزیران، نووسینگەی سەرکۆمار و نووسینگەکانی سەرۆکوەزیران و وەزارەتی دەرەوەی عێراق کردووە و، داوای کردووە بەهۆی ئەوەی کە ئێران مافی عێراقی لە ئاو پیشێل کردووە و پێشی رووبارەکانی گرتووە، لە دادگای لاهای سکاڵا تۆمار بکرێت.
ناوبراو روونی کردەوە، حکوومەتی عێراق پێی باشە رێککەوتننامەیەکی هاوشێوە لەگەڵ ئێرانیشدا واژۆ بکرێت، بەڵام پرسی هەڵبژاردن و دامەزراندنی حکوومەتی نوێ لە ئێران وای کردووە، هیچ بەرەوپێشچوونێک لە گفتوگۆ و دانوستانەکانی روو نەدات.
ئەمە یەکەم جار نییە کە حکوومەتی عێراق هەڕەشەی بەرزکردنەوەی سکاڵا بۆ دادگایەکی نێودەوڵەتی، لە ئێران دەکات. چەند مانگ لەمەوبەر دوای ئەوەی ئێران رێڕەوی یەکێک لەو رووبارانەی کە لە رۆژهەڵاتی کوردستانەوە دەڕژێتە پاریزگای دیالەی، بە تەواوی گرتەوە، عێراق هەڕەشەی سکاڵای کرد.
عێراق لە کاتێکدا هەڕەشەی سکاڵا دەکات کە لە ئێران دۆخی سەرچاوەکانی ئاو زۆر خراپە و ئەو وڵاتە تووشی وشکەساڵی و کەمبوونەوەی سەرچاوەکانی ئاو بووە، دۆخەکە لە ئێران ئەوەندە نالەبارە کە لە نیو سەدەی رابردوودا بێوێنەیە. وەرزی بارانی رابردوو لە ئێران قەبارەی باران بە رێژەی ٥٠٪ کەمی کرد و بەشێک لە بەنداوەکان ئاوەکانیان ئەوەندە دابەزی نەیانتوانی بەشی کشتوکاڵ و تەنانەت ئاوی خواردنەوەش دابین بکەن.
ئێران پێی وایە ئەوەی عێراق دەیکات زیاتر رەهەندێکی سیاسیی هەیە و داوای کردووە عێراق رەچاوی دۆخی ئێران بکات چونکە ئێران ١٥ ساڵە تووشی دیاردەی وشکەساڵی بووە، لە کاتێکدا عێراق دوو رووباری گەورەی دیجلە و فوراتی هەیە و دەتوانێت پێداویستییەکانی خۆی لەو دوو رووبارەوە دابین بکات.
هەروەها گلەیی ئەوەیان لە عێراق کردووە کە نەیتوانیوە ژێرخانی سەرچاوەکانی ئاوی خۆی پەرە پێ بدات و لە ٦٠ ساڵی رابردوودا حکوومەتەکانی عێراق نەیانتوانیوە بەنداوی بەهێز و ستراتیجی بنیات بنێن. لە ساڵی ١٩٦٠ەوە عێراق کە ژمارەی دانیشتووانی عێراق ١٠ ملیۆن کەس بوو و ئێستەش کە ژمارەکە چوار هێندەیە هەمان ئەو بەنداوە ستراتیجییانەی هەن کە تا ئەو کات دروست کرابوون.
هەرێمی کوردستان بەشێک لە پێداویستییەکانی ئاوی عێراق دابین دەکات و رووبارەکانی هەرێمی کوردستان دواجار دەڕژێنە دیجلەوە. کێشەکە لەوەدایە ئەگەر لە هەریمی کوردستان ژمارەی بەنداوەکان زیاتر بان و لە وەرزی باراندا ئاوی زیاتریان گل دابایەوە ئەوا عێراقیش سوودی زیاتری لە ئاو وەردەگرت.
لە هەرێمی کوردستان دیزاینی چەندین بەنداوی گەورە کێشراوە، بەڵام لەبەر نەبوونی بودجە و پشتگوێخرانی لە لایەن حکوومەتی عێراقەوە جێبەجی نەکراون.

ھەواڵی زیاتر