هەمووڕێگە گشتییەکان دەکرێنە دووساید

ڕائیب جادر – هە‌ولێر

وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن، رێگە دووسایدەکانی نێوان پارێزگاکان لە کارە پێشینەکانی پڕۆژەکانی داناوە و بەشێکیش لە رێگەوبانەکان ئێستا لە ژێر جێبەجێکردندان.

رێگەی دووسایدی نێوان پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکان و دروستکردنی شوێنی نیشتەجێبوون بۆ هاووڵاتیانی کەمدەرامەت، لە کارە لە پێشینەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستانە، ئێستا کار لەسەر 229 پڕۆژەی رێگەوبان دەکرێت و 800 کم رێگەی گوندەکان کاری تێدا دەکرێت، کاریش لە 62 پڕۆژەی نیشتەجێکردن بەردەوامە، بۆ ئەوەی لە ئایندەیەکی نزیکدا بەسەر خەڵکدا دابەش بکەن.
ئاگرین عەبدوڵڵا، بریکاری وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن، بۆ “هەولێر” دەڵێت: “ئەمساڵ کۆمەڵێک رێگەی نوێ دروست کراون، لەگەڵ ئەوەی کۆمەڵێک رێگەی کۆن نۆژەن کراونەتەوە، هەندێک رێگەی نوێش کاریان تێدا بەردەوامە، هەوڵ دراوە ئەو رێگەنەی کە خراپن نۆژەن بکرێنەوە، بەتایبەتی رێگە سەرەکییەکان، لە کام شوێن کێشەی رێگەمان هەبێت نۆژەن کراوەتەوە، ئێستا رێگەی رووڤیا – بەردەڕەش لە قۆناغی کۆتایی دایە، هەروەها هەندێک رێگە لە سنووری سلێمانی کاریان تێدا دەکرێت، بەتایبەتی رێگەی دووکان – چوارقوڕنە، قۆناغییەکەم و دووەم کاری تێدا دەکرێت.
بریکاری وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن، دەشڵێ: “نۆژەنکردنەوە و دروستکردنی رێگەی نوێ زۆر گرنگە، هێشتا چاوەڕوانیمان زیاترە، هەر بۆیە داوای باشترکردنی بارودۆخی رێگەوبانەکان دەکەین، بۆ ئەو مەبەستە داوای بودجەی زیاترمان کردووە، بەتایبەتی دووسایدکردنی رێگە گشتییەکان، لە پلانیش دایە و ئامادەکاری کراوە، هەر کاتێک بودجە دابین کرا دەست بە دووسایدکردنی ئەو رێگەوبانە دەکەین کە ماون”.