نێچیرڤان بارزانی سەرۆکى هەرێمى کوردستان لەگەڵ باڵیۆزى هندستان کۆبووەوە

نیوەڕۆى ئەمڕۆ دووشەممە 2021/10/25 بەڕێز نێچیرڤان بارزانى، سەرۆکى هەرێمى کوردستان، پێشوازى لە بەڕێز پراشانت پیسێ باڵیۆزى هندستان لە عیراق کرد.

لە کۆبوونەوەیەکدا سەرۆک نێچیرڤان بارزانى پیرۆزباییى دەستبەکاربوونى لە بەڕێز باڵیۆز کرد و هیواى سەرکەوتنى بۆ خواست، هەموو پشتگیرییەکیشى بۆ سەرخستنى ئەرک و کارەکانى نیشان دا، هەروەها خواستى هەرێمى کوردستانى بۆ برەودان بە پەیوەندییەکان و بەتایبەتیش ڕەخساندنى دەرفەتى وەبەرهێنان و سەرمایەگوزاریى هندستانی دووپات کردەوە و سوپاس و ئەو دەرفەتانەى کرد کە تا ئێستا لەم بوارەدا لە هەرێمى کوردستان پێشکەشیان کردوون.

لاى خۆیەوە بەڕێز باڵیۆزى هندستان جەختى لەوە کردەوە کە هندستان بە بایەخ و گرنگییەوە لە پەیوەندییەکان و دەرفەتەکانى وەبەرهێنان و سەرمایەگوزارى لە عیراق و هەرێمى کوردستان دەڕوانێت و لەگەڵ تیمى کونسولخانەیان لە هەولێر بەرنامەیەکى چالاکیان بۆ برەودان بە پەیوەندییەکان و بوارەکانى هاریکاریى هاوبەش هەیە و کارى لەسەر دەکەن. هەروەها ئاماژەى بە کۆرسەکانى مەشق و ڕاهێنانى پیشەیى کرد کە لە عیراق و هەرێمى کوردستان پێشکەشیان دەکەن.

تاوتوێکردنى هەڵبژاردنەکانى عیراق و ئەنجامەکانى و چاوەڕوانى و هەوڵەکان بۆ پێکهێنانى حکوومەتى داهاتووى فیدراڵى عیراق، تەورێکى دیکەى کۆبوونەکە بوو. تیایدا هەردوولا هاوڕا بوون لەسەر ئەوەى کە بنیاتنانى سیستمى دامەزراوەیى بۆ پاراستنى دیموکراسى، هەروەها پێگەیشتنى سیاسى و بەشداریى دەنگدەر لە پرۆسەى دەنگداندا بۆ گۆڕانکاریى ئاشتیانە پێویستە و جەختیان لە گرنگیى ئارامى و سەقامگیریى عیراق بۆ تەواوى ناوچەکە کردەوە.

کولتوورى پێکەوەژیان و لێبوردەیى لەنێوان پێکهاتەکاندا وێڕاى جیاوازیی ئایینى و نەتەوەیى لە هندستان و هەرێمى کوردستان، هەڵگرتنى کۆتوبەندى سەفەر بۆ هندستان، پەتاى ڤایرۆسى کۆرۆنا و لێکەوتەکانى لەگەڵ پرۆسەى ڤاکسین، گرنگیى گەشتى ڕاستەوخۆى ئاسمانیى نێوان هەردوولا و سەردانى هاووڵاتیانى هەرێمى کوردستان بۆ چارەسەرى پزیشکى لە هندستان، کارى ڕەوندى هندستانى لە هەرێمى کوردستان و چەند پرسێکى دیکەش لە کۆبوونەوەکەدا خرانە بەر باس کە بەڕێز کونسولى گشتیى هندستان لە هەرێمى کوردستان، ئامادەى بوو.