وه‌زیری سامانه‌ سروشتییه‌كان: دابه‌زاندنی نرخی به‌نزین كاتی پێویسته‌

دكتۆر كه‌مال ئه‌تروشی، وه‌زیری سامانه‌ سروشتییه‌كانی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان راگه‌یاند، بەرهەمهێنانی رۆژانەی نەوت 400 بۆ 420 هەزار بەرمیله‌، بەتەنها به‌رهه‌می به‌نزینی ناوخۆ پێداویستی رۆژانه‌ پڕ ناكاته‌وه‌.

وه‌زیری سامانه‌ سروشتییه‌كان لە ڕاگەیەندراوێکدا رایگه‌یاند، به‌غدا له‌ دابینكردنی به‌نزین هاوكاری كردووین، چه‌ند به‌نزینیش بێته‌ بازاڕ ئه‌وه‌نده‌ نرخیش داده‌به‌زێت.

راشیگه‌یاند، دابه‌زاندنی نرخی به‌نزین كاتی پێویسته‌، ئێمه‌ ئه‌و به‌نزینه‌ به‌ 650 دینار له‌ حكومه‌تی عێراق ده‌كڕین.

روونیكرده‌وه‌، ناتوانین نه‌وت به‌ پاڵاوگه‌كان بده‌ین، ئێمه‌ وه‌كو وه‌زاره‌تی سامانه‌ سرووشتییه‌كان ده‌سه‌ڵاتی یه‌كخستنی نرخی به‌نزینمان نییه‌.

جه‌ختیكرده‌وه‌، پێش چه‌ند ساڵێك به‌ ئێمه‌یان گوت كه‌ به‌نزینخانه‌كان بده‌ین به‌ كه‌رتی تایبه‌ت، ئێمه‌ وامان كرد، جیا له‌وه‌ش بڕیاری دروست ئه‌وه‌یه‌ پاڵاوگه‌كانیش بدرێته‌ كه‌رتی تایبه‌ت، چونكه‌ دروستكردنی پاڵاوگه‌ دوو ملیار دۆلاری پێویسته‌.

ئاماژه‌یپێكرد، گرانبوونی به‌نزین و غازی ماڵان شتێكی كاتییه‌، له‌ ماوه‌یه‌كی كورت نرخه‌كان ئاسایی ده‌بنه‌وه‌، ئێمه‌ سیاسه‌تێكی تایبه‌تمان بۆ مامه‌ڵه‌كردن له‌گه‌ڵ غازی سرووشتی په‌یڕه‌و كردووه‌، چونكه‌ غاز شتێكی سه‌ره‌كییه‌ و رۆژانه‌ به‌كار ده‌هێنرێت.

گوتی: هه‌رێمی كوردستان پێویستی به‌ 250 ملیۆن لیتر نه‌وتی سپییه‌، به‌غدا ئه‌مه‌ دابین ده‌كات، دابەشکردنی نەوتی سپی هەموو شوێنێک دەگرێتەوە.