وەزارەتی پێشمەرگە: لیوای 20ی پێشمەرگە دەچێتە ناوچە کوردستانییەکان

وەزارەتی پێشمەرگە رایگه‌یاند، لیوای 20ی وەزارەتی پێشمەرگە لەگەڵ لیوایەكی دیكەی سوپای عێراق تێكەڵ دەكرێن بۆ ئەوەی دوو لیوای ھاوبەشیان لێ دروستبكرێت، بۆ كۆنترۆڵكردنی ناوچە كوردستانییه‌كان كە لە سنووری مووسڵ و كەركووك و مەخموور و خانەقین جێگیردەكرێن.
لە نووسراوێكیشدا كە واژووی مستەفا كازمی، سەرۆك وەزیرانی عێراقی لەسەرە، رەزامەندی داوە لەسەر گواستنەوەی لیوای 20ی وەزارەتی پێشمەرگە بۆ سەر وەزارەتی بەرگری عێراق.

قارەمان شێخ كەمال، جێگری  سوپاسالاری پێشمەرگە، بۆ كوردستان24 ئاشكرای كرد، لە چوارچێوەی رێككەوتنی وەزارەتی پێشمەرگە و سوپای عێراق بۆ دروستكردنی دوو لیوای ھاوبەش وەزارەتی پێشمەرگە لیوای 20ی ھاوبەشی بۆ ئەم مەبەستە دیاریكردووە، بۆ ئەوەی ئەم دوو لیوا ھاوبەشە پێكبھێنرێت، دەبێت بچنە سەر وەزارەتی بەرگری عێراق دواتر لەگەڵ لیوایەكی دیكەی وەزارەتی بەرگری دوو لیوای ھاوبەشیان لێدروست دەكرێت، لە سنووری كەركووك و دەشتی مووسڵ و مەخموور و خانەقین جێگیردەكرێن.

گوتیشی بۆ رێككەوتن لەسەر چۆنیەتی ئەرك و مووچە و دابەشكردنی ھەیكەلیەتیان لەم نزیكانە وەزارەتی پێشمەرگە و سوپای عێراق كۆدەبنەوە و دەگەنە رێككەوتنی كۆتایی.