بە گوتەی پەرلەمانتاران و شارەزایانی بواری دەستوور، هەرێمی کوردستان پێویستی بە دەستوورە، چونکە لە رووی سیاسی و ئیدارییەوە رێکدەخرێتەوە و کەمترین تەنگەژەی سیاسی بەرۆکی هەرێمی کوردستان دەگرێت، بۆیە دەبێت ناکۆکییەکان بەلاوەبنرێن و هەرچی زووە لەم خولەی پەرلەماندا پڕۆژەی دەستوور بنووسرێتەوە.
پرۆژەیاسای دەستووری هەرێمی کوردستان لە ساڵی 2009وە ئامادەکراوە، کە لە 122 ماددە پێکهاتووە، لیژنەی نووسینەوەی دەستووری خولەکانی پێشتر، زیاتر لە 70 ماددەیان نووسییەوە، بەڵام بەهۆی نەبوونی کۆدەنگی نووسینەوەی دەستوور بەردەوام نەبوو.
د. عومەر مەجید، شارەزا لە بواری دەستوور، بۆ “هەولێر” دەڵێت:” زۆر پێویستە هەرێمی کوردستان ببێتە خاوەن دەستووری خۆی، چونکە لە رووی سیاسی و ئیدارییەوە رێکدەخرێتەوە و کەمترین تەنگەژەی سیاسی بەرۆکی هەرێمی کوردستان دەگرێت، هەروەها قەوارەی دەستووریی هەرێمی کوردستان پارێزراو دەبێت، هەروەها بۆ چەسپاندنی کەلتوور و میکانیزمەکانی دیموکراسییەتە، بۆ ئەوەی هەر چوار ساڵ جارێک هەڵبژاردنەکان لە کوردستاندا بکرێن، بۆیە زۆر پێویستە لایەنە سیاسییەکان لەم خولەدا هەوڵی نووسینەوەی دەستوور بدەن”.
خەدیجە عومەر، ئەندامی لیژنەییاسایی لە پەرلەمانی کوردستان، بۆ “هەولێر” دیارکرد:” دەستوور چەترێکە بۆ هەمووان، دەستوور رەنگدانەوەی بیروبۆچوونی هەموو لایەنەکان دەبێت، باسی ماف و ئازادی هەموو کەسێک دەکات، باسی سیستەمی سیاسی دەکات، ئەگەر ئێستا کێشەمان لەسەریاسایەک هەبێت چەندین بیروبۆچوونی جیاواز دەبێت، بەڵام ئەگەر دەستوورمان هەبێت، ئەگەر ناکۆکیش هەبێت، دەگەڕێینەوە بۆ دەستوور و ئەو حوکم دەکات و دەبێتە ناسنامە بۆ کوردستان و کێشەکانی هەرێمی کوردستان چارە دەکات، بەڵام پێش ئەوەی دەستوور بنووسرێت دەبێت ژینگەیەکی سیاسی لەبار دروست بکرێت و سەرجەم پێکهاتە و لایەنە سیاسییەکان لەنووسینەوەی دەستووردا بەشدار دەبن، بۆ ئەوەی رەنگدانەوەی ویستی هەموویان بێت و خۆیان بە خاوەنی بزانن و لە کۆتاییدا ئەم دەستوورە دەبێتە هۆی سەقامگیری سیاسی لە کوردستان.
ئەو ئەندامەی لیژنەییاسایی لە پەرلەمانی کوردستان، دەشڵێ:” تا ئێستا میکانیزمی چۆنیەتی نووسینەوەی دەستوور دیاری نەکراوە، پێشتر لە پەرلەمانی کوردستان یاسای ژمارە 4 ساڵی 2015 دەرچووە و باسی چۆنیەتی نووسینی دەستوور دەکات، بەڵام دیار نییە ئایا بەپێی ئەم یاسایە دەبێت یان یاساکە هەموار دەکرێتەوە، یان بە تەواوەتی هەڵدەوەشێتەوە و یاسایەکی نوێ دەردەچێت، لە خولی پێشووتر زیاتر لە 70 ماددەی دەستوور نوسرابوون، ئایا ئەم ماددانە وەکو خۆی دەمێنەوە،یان سەر لە نوێ دەست بە نووسینەوەی دەکرێتەوە”.
خەدیجە عومەر، ئەندامی لیژنەی یاسایی لە پەرلەمانی کوردستان، ئاشکراشی کرد:” وەکو فراکسیۆنی پارتی تەئکید لەسەر ئەو بابەتە دەکەینەوە و پشتگیریشی لێ دەکەین، هەموو هەوڵێکیش دەدەین بۆ نووسینەوەی دەستوور، بۆ ئەوەی هەرێمی کوردستان ببێتە خاوەن دەستووری خۆی، هەتا سەرۆک بارزانی داوای کردووە کە پێویستە لەم خولەی پەرلەمان، هەرێمی کوردستان ببێتە خاوەن دەستووری خۆی”.