ھۆکاری ڕانەگەیاندنی ناوی قوتابیانی وەرگیراو لە زانکۆ و پەیمانگەکان ئاشکرا کرا

سەرۆکی لیژنەی پەروەردە و خوێندنی باڵا له‌ پەرلەمانی کوردستان هۆکاری ڕانه‌گه‌یاندنی ئەنجامی وەرگرتنی قوتابییان لە زانکۆ و پەیمانگەکان ئاشكرا كرد.

عەبدولسەلام دۆلەمەری سەرۆکی لیژنەی پەروەردە و خوێندنی باڵا له‌ پەرلەمانی کوردستان ڕایگه‌یاند: به‌گوێره‌ی به‌دواداچوونه‌كانمان لە پێنجشەممەی ڕابردووەوە ناوەندی وەرگرتن ڕێککارەکانی وه‌رگرتنی قوتابیان (زانكۆلاین) کۆتاییان هاتووە، بەڵام گرفت هه‌یه‌ لەوانەی کە ڕاستەوخۆ مامەڵەی وەرگرتنیان پێشکەش کردووە.

هەروەها ڕایگەیاند: بۆیە ئەمڕۆ ئەنجامەکانی زانکۆلاین ڕانەگەیەندرا و دواخرا تا خوێندنەوەیەکی باشتری بۆ بکرێت، بۆ ئەوەی ھەڵەکانی ساڵی پار دووبارە نەبنەوە. 

سەرۆکی لیژنەی پەروەردە و خوێندنی باڵای پەرلەمانی کوردستان داوای له‌ قوتابیان كرد پشوو درێژبن و جه‌ختیش ده‌كاته‌وه‌ كه‌ لە ماوەیەکی نزیکدا ئەنجامەکان ڕادەگەیەنرێت.