ئومێدمان بەوە بوو هەڵبژاردنی پێشوەختە ڕێچکەی سیاسی لە عێراق بگۆڕێت
پێویستە کارنامەی حکوومەتی نوێی عێراق تەعبیر لەسەرجەم پێکهاتە دینی و نەتەوەییەکان بکات
دوێنێ لە میانەی بەڕێوەچوونی مێزگردێک دەربارەی تەگەرەکانی عێراق لە قۆناغی دوای هەڵبژاردن، مەحموود محەمەد، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی پارتی و گوتەبێژی پارتی، بۆچوونی خۆی لەبارەی دۆخی سیاسی لە عێراق خستە ڕوو.
مەحموود محەمەد، لە قسەکانیدا ئاماژەی بەوە کرد، عێراق لەسەرەتای دامەزراندنییەوە هەندێک كلتووری سەقەتی تێدا بووە و گوتی؛ كلتوورێک لە عێراق هاتووەتە پێشەوە، کە کێشەکان چارەسەر ناکات، بەڵکو کێشەکان لەسەر یەک کەڵەکە دەکات، ئەمەش دەبێتە هۆی ئەوەی بەردەوام ناسەقامگیری لە عێراق هەبێت. ئاماژەی بەوەش کرد، هەر ئەو كلتووری کەڵەکەکردنی کێشەکان بووەتە هۆکاری ئەوەی پێکدادان هەبێت لە نێوان نەتەوە و مەزهەبە جیاوازەکان و ئایینە جیاوازەکان، یان تەنانەت پێکدادان لەگەڵ دەرودراوسێکانیشی، هەموو ئەم پێکدادانانەش ئەنجامی چارەسەرنەکردنی کێشەکان و کەڵەکەکردنیانە بە شێوەیەک، نە کێشەی کورد چارەسەر کراوە نە کێشەی سوننە و نە کێشەی شیعە.
مەحموود محەمەد، نموونەی بە کێشەی کورد هێنایەوە لە عێراقدا و گوتی؛ بۆ ساڵانێکی دوورودرێژ کێشەی نەتەوەی کورد لە عێراقدا مایەوە، چونکە عەقڵیەتی چارەسەرکردنی کێشەکان نەبوو، ئەم کێشەیە بووە سەبەبی کۆمەڵێک کێشەی دیکەی زۆر گەورە، کە لە ئەنجامدا عێراق تووشی کارەساتی گەورە بوو. گوتیشی؛ ساڵی ١٩٧٥ لە جێگای ئەوەی کێشەی کورد لە عێراقدا چارەسەر بکرێت، هەڵسان خاکی عێراقیان دا بە وڵاتێکی تر، بەڵام ئامادە نەبوون کێشەی کورد چارەسەر بکرێت.
گوتیشی؛ بەداخەوە تا ئێستاش ئەم عەقڵیەتە لەناو بەشێکی زۆری دەسەڵاتدارانی عێراقدا ماوەتەوە.
مەحموود محەمەد، باسی لە هەڵبژاردنی پێشوەختەی عێراقیش کرد و ڕایگەیاند؛ ئومێد دەکەین ئەم هەڵبژاردنە، ببێتە مایەی ئەوەی ئەم دید و بۆچوونە گۆڕانکاریی بەسەردا بێت و هەموومان بەو ئومێدە بووین کە ئەم هەڵبژاردنە پێشوەختە بۆ ئەوە بێت کە شێوازێک بدۆزرێتەوە کە چارەسەری کێشەکانی پێ بکرێت بۆئەوەی کە هیچی دیکە ئەم ناسەقامگیرییە لە عێراقدا بەردەوام نەبێت کە بووەتە هۆی دواکەوتنی هەموو عێراق.
ئاماژەی بەوەدا، ئەم هەڵبژاردنە بە قوربانیدانی کۆمەڵێک کەس کرا کە سنگی خۆیان دایە بەر گوللە و چاویان لەوە بوو لە ڕێگای هەڵبژاردنەوە ئەو قۆناغەی عێراق بهۆڕدرێت و گەتی؛ ئایا دەتوانین ئەمە بکەین یان نا؟ ئەوەی لەبەرچاوە ئێستا وەک چارەسەر ئەوەیە تەفاهومێک هەبێت لە نێوان پێکهاتە سەرەکەییەکانی عێراقدا، عێراق وڵاتێکە فرەئایین و فرەمەزهەب و فرەنەتەوە، بە یەک مەزهەب بە یەک ئایین و نەتەوە بەڕێوە ناچێت.
باسی لەوەش کرد، سوننەکان چەندین ساڵ بە ئاگر و ئاسن حوکمیان کرد نە شیعەیان پێ ڕازی کرا و نە کوردیان پێ ڕازی کرا، ئێستاش فەترەیەکی دوور و درێژە شیعە حوکم دەکات، نە توانیویەتی سوننە ڕازی بکات نە توانیویەتی کورد ڕازی بکات. مەحموود محەمەد، گوتی؛ ئەم ڕێچکەیە دەبێت بگۆڕدرێت. دەبێت هەموومان پیكەوە بڵێین خەڵکی ئەم وڵاتەین و ئەم گۆڕانکارییە بکەین و شەراکەت و تەوازن و تەوافق لەناو کایەی سیاسیدا ببێتە چەمکێک هەمووکات کاری پێ بکرێت و قبووڵی بکەین.
مەحموود محەمەد، باسی لەوەش کرد، پێویستە هەموو پێکهاتەکان لەسەر کاربنامەیەک ڕێک بکەون کە کارنامەکە وەسیەتی هەموو خەڵک و پێکهاتەکانی عێراق بێت، بۆ ئەوەی حکوومەتی داهاتوو لە ڕیگای ئەو کارنامەیەوە بتوانێت ئەو کێشانەی هەیە چارەسەری بکات چ ئەو کێشانەی لە شارەکانی باشوور هەیە و چ لە کوردستان هەیە.
باسی لە هەنگاوەکانی خۆیان کرد لە کوردستان و گوتی؛ دەستمان بە هەندێک جموجۆڵ کردووە، هەموو حزبەکانی کوردستان یەکدەنگ بین و بەم یەکدەنگییە بە بەهێزی لە پرۆسەی سیاسیی عێراقدا بەشدار بین و کاریگەریمان هەبێت لەسەر ئەوەی ئەم کابینەیەی پێک دێت کارنامەیەکی ڕێکوپێکی هەبێت و ئەو کارنامەیە تەعبیر بێت لە ویست و خواستی کورد و عەرەب و تورکمان و کلدان سریان ئاشووری و موسڵمان و ئێزدی. گوتیشی؛ بەداخەوە تا ئێستا لە عێراق نە سوود لە سەرمایەی مرۆیی و لەسەر زەوی و نە سەرمایەی ژێر زەوی وەرگیراوە، هەمووی بە هەدەر دراوە و ئەمەش دەبێتە کارەسات لە دواڕۆژدا و دەبینە یەکێک لە دەوڵەتە هەرە دواکەوتووەکان لە جیهاندا.