د. سەباح هەورامی: كوتانی ئیجباری تاكە چارەسەرە بۆ ئەوەی پڕۆسەی پەروەردە تووشی گرفت نەبێت

بەهۆی كەمی خۆپارێزی لە پەتای كۆرۆنا، بە گوێرەی ئامارەكانی وەزارەتی تەندروستی حكوومەتی هەرێم جارێكی تر كۆرۆنا هەڕەشە لە هاووڵاتیانی هەرێمی كوردستان دەكات.

شه‌پۆلی‌ نوێی كۆرۆنا تێكه‌ڵ به ‌شه‌پۆلێكی په‌تایی پایزه ‌بووه‌، بێباكی هاووڵاتیانیش لە خۆپارێزییان ئەركی خزمەتگوزاری تەندروستی گرانكردووە، بەرپرسانی تەندروستی داوا لە هاووڵاتیان دەكەن كە گرنگی زیاتر به‌ رێكاره‌كانی خۆپارێزی بده‌ن.
د. ئاسۆ حەوێزی، گوتەبێژی وەزارەتی تەندروستی، ڕایگەیاند: ” ئەگەر چی لە ئێستەدا ژمارەی تووشبووان زۆر زیادی نەكردووە، بەڵام حاڵەتەكانی داخڵبوون لە نەخۆشخانە زۆر بووە و لە زۆربەی نەخۆشخانەكانی كۆرۆنا قەڕەوێڵەكان پڕبوون”.
لەلایەن خۆشییەوە، د. كاروان یاسین نانەكەلی، بەڕێوبەری نەخۆشخانەی فریاكەوتنی ڕۆژئاوە لە هەولێر كە لە ئێستادا تەرخانكراوە بۆ نەخۆشانی كۆرۆنا ڕایگەیاند: “زۆرینەی ئەو نەخۆشانەی كە دێنە نەخۆشخانەكەیان كاتێك پەنا بۆ نەخۆشخانە دەهێنن باری تەندروستییان ناجێگردەبێت، لە سەرەتای نەخۆشكەوتنیان بە كۆرۆنا نایەن بۆ نەخۆشخانە و لە ماڵەوە چارەسەری وەردەگرن، كە ئەمەش گرفتی گەورەی بۆ دروستكردون بە تایبەت بۆ بەشی چاودێری.
هەروەها دكتۆر هێرش حه‌یده‌ر، سه‌رپه‌رشتیاری رووبه‌رووبووه‌نه‌وه‌ی نەخۆشی كۆرۆنا لە تەندروستی سلێمانی ڕایگەیاند، ته‌ندروستی زۆربةی‌ تووشبووان له‌ سلێمانی ناجێگیره‌ ، ئەمەش وایكردوە كە ئەوان ناچارن لە ‌نه‌خۆشخانه‌كان ته‌نها ئه‌و توشبووانه‌ وه‌ربگرن، كه‌ باری ته‌ندروستیان مام ناوه‌ند و خراپه.
بژار موسا، وتەبێژی بەڕێوبەرایەتی گشتی تەندروستی هەولێر، ڕایگەیاند كە وەرگرتنی ڤاکسین و پشکنینی پێشوەختە هەموو لایەك سەلامەت دەکات و کارئاسانیی دەبێت بۆناوەندەکانی چارەسەری.
گوتیشی: “پێویستە هاووڵاتیان لە كاتی هەبوونی نیشانەكانیان بە پەتای وەرزی پێویستە بەكۆرۆنای وەربگرن و بێن پشكنین بكەن نەك خۆیان بڕیار بدەن، بەڵكو پێویستە لە لایەن پزیشكەوە نەخۆشییەكەیان دەستنیشانبكرێت و پشكنینی كۆرۆنای بۆ بكرێت. ئەگەر هاتوو نەخۆشی كۆرۆنا بوو ئەوكات ڕێنمایی پێویستی پێدەدرێت بۆ خۆپارێزی وە ئەگەر كۆرۆناشی نەبوو بەهەمان شێوە ڕێنوێنی دەكرێت بۆ پاراستنی تەندروستی خۆی.
بە گوێرەی ئاماری وەزارەتی تەندروستی حكوومەتی هەرێم تا ڕۆژی هەینی لە هەرێمی كوردستان لە سەرەتای هاتنی ڤایرۆسی كۆرناوە ٣٢٩٠١٢٣ كەس پشكنینیان بۆ كراوە و لەوانەش ٣٥٤ هەزار و ٩٨١ كەس توشی ڤایرۆسەكە بوون، هاوكات ٦ هەزار و ٢٣٧ كەسیش بەهۆی ئەو پەتایەوە گیانیان لەدەستداوە.
ئەگەر چی بەشێكی زۆری هاووڵاتیان هەڵكشان و زیادبوونی شەپۆلی كۆرۆنا بۆ بەردەوامی خوێندن لە ناوەندەكانی خوێندن دەگەڕیینەوە و داوا دەكەن دەرگای قوتابخانەكان دابخرێن و خوێندن ڕابگیرێت، بەڵام د. سامان بەرزنجی، وەزیری تەندروستیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە لێدوانێكی ڕۆژنامەوانیدا ئەوەی ئاشكرا كرد كە، دەیانەوێت بگەنە ئەو بڕیارەی كوتان بە ڤاكسین بكەنە مەرج بۆ مامۆستایان و فەرمانبەران بۆ دەوامكردنیان لە دامودەزگاكانی دەوڵەتدا و چی دیکە وەرگرتنی ڤاكسین سەرەگرتنی نەوێت.
هاوكات دكتۆر سه‌باح هه‌ورامی، به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی ته‌ندروستی سلێمانی ڕایگه‌یاند: “ئه‌گه‌ری داخستنی ناوه‌نده‌كانی خوێندن به‌هۆی زۆربوونی په‌تای كۆڕۆنا، ئه‌گه‌رێكی زۆر لاوازه‌”.
د. سەباح هەورامی دەشڵێت: كوتانی ئیجباری تاكە چارەسەرە بۆ ئەوەی پڕۆسەی پەروەردە تووشی گرفت نەبێت.