گوتەبێژی پارتی: هەر کاتێک یەکگرتووی ئیسلامی ئامادەییان دەربڕی ئێمە ئامادەین لەگەڵیان کۆببینەوە

پارتی دیموکراتی کوردستان لەگەڵ زۆربەی لایەنەکانی هەرێمی کوردستان کۆبووەتەوە، گوتەبێژی پارتی سەبارەت بە کۆبوونەوەیان لەگەڵ یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان دەڵێت، لەگەڵ هەموولایەنەکان کۆدەبنەوە و “بۆ یەکگرتووش هەر کاتێک ئەوان ئامادەبوون ئێمە لەگەڵیان کۆدەبینەوە.

مەحموود محەممەد، گوتەبێژی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی “بڕیارمانداوە لەگەڵ هەموو لایەنە کوردستانییەکان کۆببینەوە، سەردانی هەموو ئەو لایەنانەمان کردووە کە ئامادەییان هەبووە لەگەڵیان دانیشتووین و ئەنجامی باشی هەبووە، بیروڕای زۆر باشمان لەسەر دیدگا جیاوازەکان لە کوردستان گۆڕیوەتەوە و باسمان کردووە، ئەمەش بۆ ئەوەی بزانین لە مەودوا حکومڕانی لە کوردستان چۆن بێت، کوردستانییەکان چۆن بەشداریی حکومڕانی بکەن و لەسەر ئەو پرەنسیپانە بووەستین و بڵێین ئەمانە پێویستن بۆ ئەوەی عێراق بە دۆخێکی جێگیردا بڕوات و لەگەڵ لایەنەکان رێککەوتنێک هەیە بۆ چارەسەری کێشەکان.”

مەحموود محەممەد، گوتەبێژی پارتی دیموکراتی کوردستان باسی لە بابەتێکی تر کرد، سەبارەت بەوەی کە پارتی پرۆژەیان هەیە بۆ ئەوەی رێککەوتنێکی کۆنکرێتی لەگەڵ لایەنەکانیی شیعە و سوننە بکەن کە حکومەتی داهاتوو پێکبهێنن بە تایبەت لەسەر بودجە و مووچەی کوردستان کە ساڵانە بنێردرێت.

مەحموود محەممەد دەڵێت “دەمانەوێت ئەو دیدگایەی هەمانە و ئەو پرۆژەیەی هەمانە لەڕووی ئیداری، سیاسیی و ئابووری هەوڵبدەین لەنێو کوردستاندا پاڵپشتی کۆی ئەندامانی بۆ پەیدابکەین و ببێتە بەشێک لە کارنامەی حکومەتی داهاتوو، بۆ ئەوەی چیدیکە ئەمە روونەداتەوە، بابەتی مووچە و بودجە ئەوە شەڕفرۆشتنە بە کوردستان دەیفرۆشن، هیچ شتێک نییە کە مفاوەزاتی لەسەر بکرێت، ئەوە مافی ئەو خەڵکەیە و مادام بەشێکە لە عێراق و عێراق پێخۆشە کوردستان بەشێک بێت لێی دەبێت مافەکانی رەچاو بکات. بۆیە دەبێت ئەو مافانە حکومڕان جێبەجێی بکات و دەبێت لە کارنامەی داهاتوودا وای لێبکەین و چیدیکە ئەو ماددانە یارییان پێنەکرێت و وەک کارتی فشار بۆ مەرامی دیکە بەکارنەهێنرێت.”

وتەبێژی پارتی دیموکراتی کوردستان ئاماژە بەوە دەدات کە پارتی بۆ پێکهێنانی حکومەت لە هەموو لایەنەکان نزیکە و دەشڵێت “پێش هەڵبژاردن شاندەکانی ئێمە سەردانی لایەنەکانیان کرد و لەگەڵ لایەنە شیعەکان و سوننەکان کۆبووینەتەوە، هەموو هەوڵەکانیش ئەوەبووە کە چ لایەنێک نزیکن لە ئێمە و هەموویان هەڵوێستێکی دیاریکراویان هەبووە و هەموویان بە جۆرێک نزیکن.”

لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا ئەوەی روونکردەوە کە “پۆستی سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیران ئەوە بەشی شیعەی عێراقە و ناچینە نێو ئەو پرۆسەوە کە ببینە تەڕەف لە دیاریکردنی، پێمانخۆشە ئەوان خۆیان ساخی بکەنەوە. هەروەها ئەوانیش نابێت دەستێوەردان بکەن بۆ ئەو کەسەی کە بۆ سەرۆکی کۆمار دیاری دەکرێت، هەروەها پێمانباشە نە ئێمە و نە شیعەش دەستوەردان لە دیاریکردنی پۆستی سەرۆکی پەرلەمان نەکەین کە بۆ سوننەکانە. بۆیە ئەگەر ئەوە یەکلایی بوویەوە ئێمە لەگەڵ لایەنەکان قسە دەکەین.” 

سەبارەت بە پۆستی سەرۆککۆماری عێراق، گوتەبێژی پارتی دەڵێت، بە مافی خۆیانی دەزانن و دەشڵێت “لەنێو پارتی ئەوە ساخبووەتەوە کە پۆستی سەرۆککۆمار بۆ کوردستان و خەڵکی کوردستانە و کۆتایی پێهاتووە، بۆیە لەگەڵ لایەنی سوننی و شیعی رێککەوتنێکی نەنووسراوی جێنتڵمانانەمان هەیە. کێ دەبێتە سەرۆککۆمار جارێ ئەوە دەبێت گفتوگۆی لەسەر بکەین.” 

لەبارەی پارێزگاری داهاتووی کەرکووکیش، مەحموود محەممەد دەڵێت “پارێزگاری کەرکووکیش بە حوکمی ئەوەی کە دەبێت کورد بێت و ئیستحقای کوردە ئەوەش لای ئێمە ساخ بووەتەوە، بەڵام دەبێت ئەوە گفتوگۆی لەبارەوە بکرێت.”