حکومەتى هەرێم لە بەرژەوەندى بەڵێندەران و کۆمپانیاکان بڕیارێکى دەرکرد

بە پێى فەرمانى دکتور ئومێد سەباح عوسمان سەرۆکى دیوانى ئەنجومەنى وەزیران، دوو بڕیار لە بەرژەوەندى و قەرەبووکردنەوەى بەڵێندەران و کۆمپانیاکان دەرکران.

دواى ئەو بۆشاییە کارییەی لەبەر کەرەنتین و قەدەغەى هاتوچۆى هاووڵاتیان لە هەرێمى کوردستان و بڵاوبوونەوەى پەتاى کۆڕۆنا دروست بوو و کاریگەریی لەسەر بەرەوپێشچوونى جێبەجێکردنى پڕۆژەکان هەبوو و زۆریان لە کار وەستان، سەرۆکى دیوانى ئەنجومەنى وەزیران گشتاندنێکى دەرکرد. لەو گشتاندنەى کە بۆ گشت وەزارەت و لایەنە نەبەستراوەکان بە وەزارەت و پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکان نێردراوە و لەپێناو بەردەوامى گەیاندنى خزمەتگوزارى بۆ هاووڵاتیان، دوو بڕیار لە بەرژەوەندى و قەرەبووکردنەوەى بەڵێندەران و کۆمپانیاکان دراوە بەم شێوەیەى خوارەوە:
بڕیارى یەکەم: قەرەبووکردنەوەى ماوەى کەرەنتین و قەدەغەى هاتوچۆ بە هەژمارکردنى بەهێزى زاڵ (القوة القاهرة) بۆ ئەو پڕۆژانەى کە پابەندنەبوونى جێبەجێکردنیان کەوتووەتە ئەو ماوەیە.
بڕیارى دووەم: پێدانى دەسەڵات بۆ جێبەجێکردنى خاڵى (یەکەم)ى سەرەوە بە وەزارەتەکان و لایەنەکانى نەبەستراو بە وەزارەت بە پشتبەستن بە بڕیارەکانى لیژنەى باڵاى بەرەنگاربوونەوەى پەتاى ڤایرۆسى کۆڕۆنا.