سێشەممە, تشرینی دووه‌م 26, 2024

قۆناغى دووەمى شه‌قامی ١٥٠ مه‌تری هه‌ولێر بە خێرایی جێبەجێ دەکرێت

یه‌كێك له‌ پڕۆژە‌ گرنگ و ستراتیژییه‌كانی پایته‌ختی هه‌رێمی كوردستان، پڕۆژە‌ی شه‌قامی بازنه‌یی ١٥٠ مەترییه‌ ‌كه‌ له ‌لایه‌ن كۆمپانیای هێمن گرووپه‌وه‌ بە چەند قۆناغ جێبه‌جێ ده‌كرێت. له‌ قۆناغى یەکەمیدا، ڕێگه‌ی سه‌ره‌كی شه‌قڵاوه‌ تا ڕێگه‌ی به‌حركه‌ کرایەوە و ئێستاش كاركردن له‌ قۆناغى دووه‌می ده‌ستی پێ كردووه‌ و به‌ ته‌واوبوونیشی هه‌ردوو ڕێگه‌ی سه‌ره‌كی هه‌ولێر ـ شه‌قڵاوه‌ و هه‌ولێر ـ سلێمانی به‌ یه‌كتر ده‌به‌ستێته‌وه‌ كه‌ ئه‌وه‌ش ئاسانكارییه‌كی ته‌واو بۆ هاووڵاتیان ده‌كات و ئه‌و قەرەباڵغى نێو شارى هەولێر کەم دەکاتەوە.

کۆى پڕۆژەکە کەى تەواو دەبێت؟!

شه‌قامی بازنه‌یی ١٥٠ مەتری هه‌ولێر له‌ پێنج قۆناغ پێك دێت. له‌ ماوه‌ی ڕابردوودا به‌شی یه‌كه‌می قۆناغی یه‌كه‌م كاره‌كانی ته‌واو بوو و به‌ ڕووی شۆفێراندا كرایه‌وه‌ کە ڕێگه‌ی شه‌قڵاوه‌ تا ڕێگه‌ی به‌حركەیە‌ به‌ درێژی ١٠ کیلۆمەتر، ئێستاش كاركردن له‌ قۆناغى دووه‌می ده‌ستی پێ كردووه‌.

ئه‌ندازیار ئه‌میر عه‌بدولخالق به‌ڕێوه‌به‌ری پڕۆژە‌ی ١٥٠ مەترى، سه‌باره‌ت به‌كاره‌كانی قۆناغى دووه‌می ئه‌م شه‌قامه‌ تایبه‌ت به‌ فه‌رمانگه‌ی میدیا و زانیاری گوتی: به‌شی دووه‌می ئه‌م شه‌قامه‌ كه‌ له‌ ڕێگه‌ی شه‌قڵاوه‌ تا ڕێگه‌ی كۆیه‌ كاری تێدا ده‌كرێت، له‌ ڕێكه‌وتی ٣١/٨/٢٠٢١  ده‌ستی پێ كردووه‌ و وا بڕیاره‌ له‌ كۆتایی ساڵی ٢٠٢٢ ته‌واو بكرێت کە درێژیه‌كه‌ی ٧.٦ كیلۆمەترە‌ و بڕی گوژمه‌ی خه‌مڵێنراویش بۆ ته‌واوكردنی ئه‌و به‌شه‌یان بریتییه‌ له‌ ٨٧ ملیۆن دۆلار.

ڕەخساندنى هەلێکى زۆرى کار:

سه‌باره‌ت به‌ چۆنیه‌تی كاركردن له‌م پڕۆژە‌یه‌ و ژماره‌ی ئامێر و كرێكاره‌كان، ئه‌ندازیار ئه‌میر عه‌بدولخالق گوتی: له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ئه‌م پڕۆژە‌یه‌ پڕۆژە‌یه‌كی ستراتیژی و گه‌وره‌ی پایته‌ختی هه‌رێمی كوردستانه‌، بۆیه‌ ده‌مانه‌وێت به‌ باشترین شێوه‌ كاره‌كانی به‌ڕێوه‌ بچێت تا له‌ كات و ساتی خۆیدا بتوانین ته‌واوی بكه‌ین، بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ش ڕۆژانه‌ ٤٠٠ ئامێری جۆراوجۆر كاری تێدا ده‌كه‌ن ئه‌مه‌ جگه‌ له‌وه‌ی ١١٠٠ كارمه‌ند و كرێكاریشمان هه‌یه‌ كه‌ ڕۆژانه‌ به‌ به‌رده‌وامی بۆ ماوه‌ی ١٢ بۆ ١٤ كاتژمێر كار ده‌كه‌ن، ئه‌وه‌ی جێگه‌ی دڵخۆشیشه‌ ئه‌وه‌یه‌ كه‌ زۆربه‌ی زۆری كارمه‌ند و كرێكاره‌كانمان كوردن كه‌ ئه‌وه‌ش به‌و واتایه‌ دێت كه‌ ئێمه‌ له‌ رێگه‌ی پڕۆژە‌یه‌كی وەهاوە توانیومانه‌ هه‌لی كار بۆ زۆر له‌ گه‌نج و لاو و خه‌ڵكی خۆمان بڕە‌خسێنین، هه‌روه‌ها خاڵێكی تر كه‌ گرنگه‌ ئاماژە‌ی پێ بده‌م ئه‌وه‌یه‌ كه‌ ئه‌و ماددانه‌ی له‌ دروستكرنی ئه‌و پڕۆژە‌یه‌دا به‌ كار هاتوون هه‌ر هه‌مووی به‌رهه‌می ناوخۆی هه‌رێمی كوردستانه‌، چونكه‌ ئێمه‌ له‌ كۆمپانیای هێمن گرووپ دوو كارگه‌ی قیرى گەورە و مەسفایەکى قیر و كارگەیەکی به‌ردی شكاو و سێ كارگه‌ی كۆنكرێتمان هه‌یه‌، كه‌ ئه‌مانه‌ هه‌مووی وا ده‌كات سوود و قازانجی فره‌لایه‌نی بۆ كوردستان هه‌بێت.

پێكهاته‌ی قۆناغى دووەمى پڕۆژەکە:

ئه‌و به‌شه‌ی ئێستا كاری تێدا ده‌كرێت له‌ شه‌قامێكی سه‌ره‌كی به‌ دوو ئاراسته پێک دێت، كه‌ پانی هه‌ر یه‌كێكیان ٢٠ مه‌ترە و نێوانى هەردوو سایدەکەش (دوورگه‌ی ناوه‌ندی)‌ ٢٠ مه‌تره‌ كه‌ له‌ داهاتوودا ده‌توانرێت سوودی لێ وەربگیردرێت بۆ سەوزکردن و یا فراوانکردنى شه‌قامه‌كه‌. له‌ هه‌ردوو لای ڕاست و چه‌پی شه‌قامه‌كه‌‌، شه‌قامی خزمه‌تگوزاریی هه‌یه‌ كه‌ پانیی هه‌ر شه‌قامێكیان ٢٣ مه‌تره‌ و دوو سایدیشه‌. لەم قۆناغەدا‌ چوار پردی سه‌ره‌كی هەن كه‌ دوو پردیان بۆ سووڕانه‌وه‌یه‌ له‌ چوارڕیانی هه‌ولێر ـ كۆیه‌ و دوو پردیشیان بۆ سوڕانه‌وه‌ و گۆڕینی ئاڕاسته‌یه‌. هەر لەم قۆناغەى پڕۆژەکەدا ١٣ ئاوبه‌ری سندووقیی جۆراوجۆر هەن،‌ ئه‌مه‌ جگه‌ له‌ دیواری پاڵپشتیی كۆنكرێتی و ته‌واوی بڕگه‌كانی كه‌ پێویسته‌ له‌ دروستكردنی ڕێگاکەدا هه‌بێت وه‌ك هێماكان و په‌رژینی خۆپاراستن و سیسته‌می ئاوه‌ڕۆ بۆ ته‌واوی ڕێگاكه‌.

كوالێتی جیهانیی لە جێبەجێکردنى پڕۆژەکە:

زۆر جار ده‌گوترێت دوای ته‌واوبوونی هه‌ر پرۆژە‌یه‌ك گرنگترین قۆناغ ده‌ست پێ ده‌كات ئه‌ویش قۆناغی چاودێری و چاككردنه‌وه‌یه‌ بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌و پڕۆژە‌یه‌ به‌ ته‌واوی به‌و شێوه‌یه‌ بێت كه‌ به‌رنامه‌ و پلانی بۆ داڕێژراوه‌، له‌م باره‌وه‌ ئه‌ندازیار ئه‌میر عه‌بدولخالق وتی: ئێمه‌ به‌ گوێره‌ی مواسه‌فاتی جیهانیی و تایبه‌تمه‌ندییه‌كانی ئاشتۆی ئه‌مریكی كاره‌كانی ئه‌م به‌شه‌ ئه‌نجام ده‌ده‌ین له‌ ڕووی كوالێتی و به‌كارهێنانی جۆری كه‌ره‌سته‌كان، به‌ڵام ده‌بێت ئه‌وه‌ بزانین كه‌ قۆناغێكی پێویست و گرنگ هه‌یه‌ له‌ دوای  قۆناغی دروستكردن ئه‌ویش قۆناغی به‌رده‌وامیدان و پاراستنی ڕێگه‌كه‌ و چاككردنه‌وه‌یه‌تی.

جێی ئاماژە‌یه‌ درێژیی شه‌قامی بازنه‌یی ١٥٠ مه‌تری شاری هه‌ولێر ٧٠ كیلۆمەتره‌ ئێستا به‌ هه‌ردوو به‌شی قۆناغی یه‌كه‌م و دووەم ١٧.٦ كیلۆمەتی ته‌واو ده‌بێت و دوای ته‌واوبوونی به‌شی دووه‌می ئه‌م قۆناغه‌ ئه‌و قه‌ره‌باڵغی و لۆده‌ زۆره‌ی له‌ سەر شه‌قامه‌كانی دیکەى هه‌ولێر هه‌یه‌ به‌ تایبه‌تی له‌ ده‌روازه‌كانی شار، كه‌م ده‌بێته‌وه‌ و ده‌بێته‌ هۆی به‌ستنه‌وه‌ی ڕێگه‌ی سه‌ره‌كی هه‌ولێر ـ سلێمانی و جێبه‌جێكردنی ئه‌م پڕۆژە‌یه‌ش بە هه‌ماهه‌نگیی حكوومه‌ت ‌بووه‌ و بۆ ته‌واوكردنیشى سه‌رۆكایه‌تی شاره‌وانی هه‌ولێر ته‌واوی ئاسانكارییەکى ئەنجام داوە.

حکومەتى هەرێمى کوردستان

فەرمانگەى میدیا و زانیارى