چوارشەممە, تشرینی دووه‌م 6, 2024
Image default

سەرۆکى هەرێمى کوردستان پێشوازى لە باڵیۆزى سوید کرد

پێشنیوەڕۆى ئەمڕۆ پێنجشەممە 2021/10/21 بەڕێز نێچیرڤان بارزانى، سەرۆکى هەرێمى کوردستان، پێشوازى لە بەڕێز یۆناس لۆڤێن، باڵیۆزى تازەى سوید لە عیراق کرد.

لە دیدارێکدا سەرۆک نێچیرڤان بارزانى پیرۆزباییى دەستبەکاربوونى لە بەڕێز باڵیۆز کرد، هیواى سەرکەوتنى بۆ خواست و هەموو پشتگیرییەکى بۆ سەرکەوتنى ئەرکەکەى دووپات کردەوە، هەروەها ستایشى یارمەتییەكانی سویدى بۆ هەرێمی كوردستان كرد.

لاى خۆیەوە بەڕێز باڵیۆزى سوید باسی لە بایەخدانى وڵاتەكە بە پەیوەندییەكانی لەگەڵ عیراق و هەرێمی كوردستان لە هەموو بوارەكاندا کرد بەتایبەتیش هاندانی كۆمپانیا سویدییەكان بۆ وەبەرهێنان لە عیراق و هەرێمی كوردستان.

سەرۆک نێچیرڤان بارزانى هەموو ئامادەیییەکى هەرێمى کوردستانى بۆ پێشوازى لە وەبەرهێنانى سویدى دەربڕى، هەروەها پوختەیەکى دەربارەى یاسای هەڵبژاردن لە عیراق و پرۆسەى دەنگدان و ئەنجامەکانى خستە ڕوو. لەمبارەیەوە سوپاسى هاریکاریى یوونامی، یەكێتیی ئەورووپا و هاوبەشە نێودەوڵەتییەكانى لەگەڵ كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنی عیراقدا کرد.

برەودان بە پەیوەندییەکان، تاوتوێکردنى دۆخى ناوچەکە بەگشتى، كاریگەرییەكانی گۆڕانی كەشوهەوا بەتایبەتى لەسەر عیراق، كار و چالاكییەكانی نوێنەرایەتیی حكوومەتی هەرێم و ڕەوەندی كوردستانى لە سوید، تەوەرێکى دیکەى دیدارەکە بوون.