چوارشەممە, تشرینی دووه‌م 6, 2024
Image default

سەرۆکى هەرێمى کوردستان لەگەڵ باڵیۆزى بەریتانیا کۆبووەوە

بەیانیى ئەمڕۆ پێنجشەممە 2021/10/21 بەڕێز نێچیرڤان بارزانى، سەرۆکى هەرێمى کوردستان، پێشوازى لە بەڕێز مارک برایسن ڕیچاردسن، باڵیۆزى بەریتانیا لە عیراق کرد.

لە کۆبوونەوەیەکدا پەیوەندییەکانى هەرێمى کوردستان و عیراق لەگەڵ بەریتانیا، دوایین پێشهاتەکانى دۆخى عیراق، هەڵبژاردنى ئەنجومەنى نوێنەران و ئەنجامەکانى، پێشکه‌وتنی پرۆسه‌که‌ له‌چاو جارانی پێشوو و گرنگیی یه‌کلاکردنه‌وه‌ی هه‌ر کێشه‌یه‌ک به‌ ڕێکاره‌ یاسایییه‌کان، پەیوەندییەکانى هەولێر ـ بەغدا، سەردانى مانگى ڕابردووى سەرۆک نێچیرڤان بارزانى بۆ لەندەن، هەنگاوەکانى بەرەنگاربوونەوەى پەتاى کۆڤید_19، شەڕى تیرۆر و بەرەنگاربوونەوەى داعش، تاوتوێ کران.

هەردوولا جەختیان لە برەودان بە پەیوەندییەکان کردەوە و هاوڕا بوون لەوەى حکوومەتى داهاتووى عیراق وەڵامدەرەوەى خواست و چاوەڕوانییەکانى خەڵکى هاووڵاتیان بێت. بۆ ڕووبەڕووبوونەوەى پەتاى کۆڤید_19 و کاریگەرییەکانیشى بەتایبەتى لە بوارى پەروەردە و ئابووریدا، فراوانکردنى پرۆسەى کوتانیان بە ڤاکسینى دژى پەتاکە بە پێویست و گرنگ زانى، هەروەها خۆشحاڵییان بە پرۆسەى هەماهەنگیى پێشمەرگە و سوپاى عیراق بە یارمەتیى هاوپەیمانیى نێودەوڵەتی بۆ بەرەنگاربوونەوەى داعش، نیشان دا.

لە بەشێکى دیکەى کۆبوونەوەکەدا سەرۆک نێچیرڤان بارزانى جەختى لە گرنگیى یەکڕیزیى لایەنە کوردستانییەکان لە بەغدا و هەوڵەکانى سەرۆکایەتیى هەرێمى کوردستان لەم پێناوەدا کردەوە، هەروەها سوپاسى پشتگیری و هاوکارییەکانى بەریتانیاى بۆ عیراق و هەرێمى کوردستان کرد و ئاماژەى بە بەردەوامیى بەدواداچوونى ئەنجامى سەردانیان بۆ لەندەن و دیدار و کۆبوونەوەکانى لەگەڵ بەڕێز سەرۆک وەزیران و بەرپرسانى دیکەى بەریتانیا دا و ستایشى ڕۆڵى باڵیۆزخانە و کونسولخانەى بەریتانیاى لە بەغدا و هەولێر لەمبارەیەوە کرد.

تاوتوێکردنى دۆخى ناوچەکە بەگشتى و چەند پرسێکى جێى بایەخى هاوبەش، تەوەرێکى دیکەى کۆبوونەوەکە بوون کە بەڕێز کونسولى گشتیى بەریتانیاش تیایدا ئامادە بوو.