تەندروستیی حكوومەتی هەرێمی كوردستان دەڵێت، ڤاكسین دەكرێتە مەرج بۆ دەوامكردنی فەرمانبەران و مامۆستایان و لەمەودوا وەرگرتنی ڤاكسین سەرەگرتنی ناوێت.
سامان بەرزنجی، وەزیری تەندروستیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە لێدوانێكی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، دەیانەوێت بگەنە ئەو بڕیارەی كوتان بە ڤاكسین بكەنە مەرج بۆ مامۆستایان و فەرمانبەران بۆ دەوامكردنیان لە دامودەزگاكانی دەوڵەتدا و چی دیکە وەرگرتنی ڤاكسین سەرەگرتنی نەوێت.
ئاماژەی بەوەش دا کە ژمارەی بنكەكانی پێدانی پێكوتە زیادیان كردووە، بۆیە فشار لەسەر بنكەكان نەماوە و هەر كەسێك بیەوێت، دەتوانێت ڕاستەوخۆ سەردان بكات و، دەستبەجێ ڤاكسین وەردەگرێت و ناویشی دەخرێتە ناو سیستمی ئەلیكترۆنی.
ئەوەشی ڕوون کردەوە کە لە كۆبوونەوەی لیژنەی باڵای بەرەنگاربوونەوەی كۆرۆنادا باسی كەرەنتینە و داخستنی قوتابخانە و زانكۆكان لە ئارادا نییە و، ناگەڕێنەوە بۆ ڕاگەیاندنی كەرەنتینە.