سیستەمی هەڵبژاردن لە هەرێمی کوردستان نیمچە کراوەیە

ڕائیب جادر – هە‌ولێر

ئەو سیستەمەی لە هەرێمی کوردستان پەیڕەو دەکرێت، دادپەروەرترین سیستەمە باشترین و کاریگەرترین سیستەمی هەڵبژاردن ئەوەیە کە لەگەڵ واقعی کۆمەڵگە و دۆخی سیاسی وڵات بگونجێت ئەوەی تا ئێستا لە هەرێمی کوردستان هەیە، هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمانی کوردستان بە لیستی نیمچەکراوە بەڕێوە دەچێت، کە هەموو کوردستان یەک بازنەی هەڵبژاردنە. شارەزایانی بواری هەڵبژاردنیش، دەڵێن، باشترین و کاریگەرترین سیستەمی هەڵبژاردن ئەم سیستەمەیە کە لەگەڵ واقعی کۆمەڵگە و دۆخی سیاسی وڵات بگونجێت و زەمینە بڕەخسێنێت بۆ ئاڵوگۆڕی ئاشتییانەی دەسەڵاتی سیاسی و کاریگەری هەبێت لەسەر یەکگرتوویی و جێگیری سیاسی و حوکمڕانی وڵات.

خەدیجە عومەر مزووری، ئەندامی لیژنەی یاسایی لە پەرلەمانی کوردستان، بۆ “هەولێر” دەڵێت: “یاسای هەڵبژاردن بە یەکێک لە گرنگترین یاسای وڵاتان دادەنرێت، رەهەندێکی سیاسی هەیە، چونکە سیما و سیستەمی پڕۆسەی سیاسیی وڵات وێنە دەکات، لە لایەکی ترەوە بۆ هەرێمی کوردستان کە تا ئێستا دەستووری نییە رەهەندێکی دەستووری هەیە، بۆ داڕشتنەوە پێویستی بە گەنگەشە و گفتوگۆی زۆری لایەن و پارتە سیاسییەکانە.
ئەو ئەندامەی لیژنەی یاسایی لە پەرلەمانی کوردستان، دەشڵێ: “لە جیهاندا زۆر سیستەمی هەڵبژاردن هەن، سەرەکیترینەكەیان بریتین، لە سیستەمی زۆرینە، سیستەمی نوێنەرایەتیی رێژەیی و سیستەمی تێکەڵاو.
خەدیجە عومەر مزووری، ئاشکراشی کرد: “لە عێراق و هەرێمی کوردستان سیستەمی نوێنەرایەتی رێژەیی پەیرەو کراوە، کۆتا هەڵبژاردنی عێراق کە پێش چەند رۆژێک بەڕێوەچوو سیستەمێکی نوێ پەیڕەو کرا کە بریتی بوو لە سیستەمی یەک دەنگی نەگوێزراو بە شێوازی فڕە بازنەیی، دەنگدەر دەتوانێت تەنیا دەنگ بە پاڵێوراو بدات بەبێ لیست، بەوەش هانی پارتە سیاسییەکان دەدات کە لە رووی رێکخستنی ناوخۆوە خۆیان زیاتر کۆ بکەنەوە و کار بکەن بۆ ئاراستەکردنی دەنگدەرانیان لە پێناو دابەشکردنی دەنگەکانیان هەتا بتوانن بردنەوەی کورسی مسۆگەر بکەن، بۆیە ئەم سیستەمە زیاتر لە بەرژەوەندی ئەم پارتە سیاسییانەیە کە رێکخراوتر و خاوەن دیسپلینی زیاترن و پارتە بچووکەکان دەرفەتی سەرکەوتنیان کەمترە.
خەدیجە عومەر مزووری، ئەندامی لیژنەی یاسایی لە پەرلەمانی کوردستان، گوتیشی: “هەموو جۆرە سیستەمێکی هەڵبژاردن لایەنی ئەرێنی و نەرێنی خۆی هەیە، دەستنیشانکردنی جۆری سیستەمی هەڵبژاردن بابەتێکی سەرپێ و تەکنیکی نییە، بەڵکو لە ناوەڕۆکدا پرسێکی سیاسییە و کۆمەڵێک فاکتەری مێژوویی، کەلتووریی، ژینگەی ناوخۆیی وڵات و سازانی سیاسی نێوان پارتە سیاسییەکان رۆڵی تێدا دەگێڕن و هیچ سیستەمێکی هەڵبژاردن نییە کە لەگەڵ هەموو سیستەمە سیاسییەکان و کۆمەڵگەدا بگونجێت و لەسەر ئاستی جیهان هیچ پێوەرێک نییە بۆ دیاریکردنی باشترین سیستەمی هەڵبژاردن، بۆیە باشترین و کاریگەرترین سیستەمی هەڵبژاردن ئەم سیستەمەیە کە لەگەڵ واقعی کۆمەڵگە و دۆخی سیاسی وڵات بگۆنجێت و زەمینە بڕەخسێنێت بۆ ئاڵوگۆڕی ئاشتییانەی دەسەڵاتی سیاسی و کاریگەری هەبێت لەسەر یەکگرتوویی و جێگیری سیاسی و حوکمڕانی وڵات.
یاساناس ئارام برادۆستی، شارەزا لە بواری هەڵبژاردن و بەڕێوەبەری پێشووی ئۆفیسی پارێزگای هەولێری کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان، بۆ “هەولێر” گوتی:”هەڵبژاردنی ئەلیکترۆنی ئەگەر وەکو خۆی بڕوات پرۆسەیەکی زۆر سەرکەوتووە، ئەوەی ئێستا لە عێراق کرا هەڵبژاردنێکی زۆر سەرکەوتوو و خاوێن بوو، بەڵام ئەو سیستەمە لە بەرژەوەندی حزبە بچووکەکان نەبوو، کە لە زۆر بازنەدا هەر کاندیدیان نەبووە و دەنگیان دیار نییە، بەڵام ئەوەی گرنگە چۆن مامەڵە لەگەڵ ئەو سیستەمە بکرێت، هەندێک حزب سەرکەوتوو بوون، هەندێک حزبیش زەرەریان کرد، بەڵام گەلی عێراق ئەزموونێکی لەگەڵ ئەو سیستەمە پەیدا کرد و سەرکەوتوو بوو لە عێراق.
سەبارەت بە سیستەمی هەڵبژاردن، یاساناس ئارام برادۆستی، گوتیشی:” ئەوە دەمێنێتەوە بۆ بۆچوونی پارتە سیاسییەکان کە راوبۆچوونیان لە هەرێمی کوردستان چۆن دەبێت، بەڵام بارودۆخی هەرێمی کوردستان جیاوازترە لە عێراق، ئەوەی بۆ عێراق دەخوازێت لەوانەیە بۆ هەرێم جیاواتر بێت، چونکە هەرێمی کوردستان وەکو عێراق کێشەی نییە، لە کوردستان کێشەی پێکهێنانی حکوومەت نییە، بۆیە دەکرێت بڵێین ئەو سیستەمەی لە عێراق پیادە کرا مەرج نیە لە هەرێمی کوردستان جێبەجێ بکرێت، لە هەرێمی کوردستان تا ئێستا سیستەمەکە یەک بازنەیە، ئەوە دادپەروەرترین سیستەمە چونکە هەموو لایەنەکان بە گوێرەی دەنگی خۆیان دەچنە پەرلەمان، تاکە دەنگی یەک حزبیش بەفیڕۆ ناچێت و کەم ناکرێتەوە، ئینجا دەمێنێتەوە سیستەمی لیست هەر وەکو خۆی دەمێنێتەوە کە نیمچە کراوەیە، یان بەرەو کرانەوەی تەواو دەڕوات، یان بەرەو داخراوی دەڕوات، بۆچوونێک هەیە کە سیستەمی داخراو پەیڕەو بکرێت، هەر چەندە ئەوە بە باش نازانم ئێمە بەرەو دواوە بگەڕێینەوە، بەلایەنی کەم ئەگەر وەکو عێراقیش نەبین سیستەمی نیمچە کراوە بمێنێتەوە.
ئەو یاساناسە، روونیشیکردەوە:” وەکو شارەزایەکی بواری هەڵبژاردن لەگەڵ ئەوەم لە هەرێمی کوردستان سیستەمی تێکەڵاو پەیڕەو بکرێت، چونکە پێم وایە ئەوە لە بەرژەوەندی هەرێمی کوردستانە، بۆ نموونە 50%ی کورسییەکانی هەر لایەنێک لە رێگەی ئەو نووسراوە بێت کە حزبەکان پێشکەشی کۆمیسیۆن دەکەن، ئەوەی دیکە بە هەڵبژاردن و سیستەمی نیمچە کراوە بێت، لە هەرێمی کوردستان بە گوێرەی یاسای هەڵبژاردن، یەک بازنەیە، سیستەمی نیمچە کراوە پەیڕەو دەکرێت، زەحمەتە گۆڕانکاری لە یاسای هەڵبژاردنی هەرێم بکرێت، چونکە کەمتر لە ساڵێک ماوە بۆ هەڵبژاردن، هەر بەو شێوەیە بمێنێتەوە باشترە لەوەی کە پێشتر لە هەرێمی کوردستان پیادە کراوە، بەڵام باشتریش هەیە لەوەی کە ئێستا هەیە”.