میلیشیاکان بە ئەنجامەکانی هەڵبژاردن رازی نین و، لە پشت ئاڵۆزییەکانی عێراقن

سلێمان تاشان – هه‌‌ولێر

هەڵبژاردنی پێشوەختە بەڕێوە چوو و کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن ئەنجامەکانی کۆتایی راگەیاند. لە دوای ئەم دەرەنجامانەوە دیسان شەقامەکانی پارێزگاکانی ناوەڕاست و باشووری عێراق ئاڵۆز بوون و ئەم جارە خۆپێشاندەران نوێن و ئەوانە نین لە دوو ساڵی رابردوودا خۆپێشاندانیان دەکرد.

کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان، دەرەنجامی کۆتایی هەڵبژاردنی لە عێراقی راگەیاند بەڵام ئەو دەرەنجامە بەدڵی هەموو لایەنێکی سیاسی نەبووە. بەشیک لە لایەنە سیاسییەکانی عێراق کە ژمارەی کورسییەکانیان زۆر دابەزیوە تانەیان لە دەرەنجامەکە داوە و رەتیان کردووەتەوە. ئەوان خەڵکی خۆیان هێناوەتە سەر شەقام.
لە ١٠ی ئەم مانگەدا، هەڵبژاردنی خولی پێنجەمی ئەنجوومەنی نوێنەران بەڕێوە چوو، سەرەتای ئەم هەفتەیەش کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان ئەنجامی کۆتایی هەڵبژاردنی راگەیاند. بە گوێرەی دەرەنجامەکە لە ئاستی عێراقدا رەوتی سەدر زۆرترین کورسیی بەدەست هێنا و بەشێک لە لایەنەکانی شیعەش بە تایبەتی ئەوانەی رێبەرایەتیی میلیشیاکان دەکەن و لە ئێران نزیکن کورسییەکانیان دابەزی و بۆیەش دەرەنجامی هەڵبژاردنیان رەت کردەوە. لە هەرێمی کوردستانیش پارتی زۆرینەی رەهای کورسییەکانی بردەوە و بە پێچەوانەی عێراق لایەنەکان بە دەرەنجامەکە رازین.
بەپێی ئەنجامەکە رەوتی سەدر ٧٢ کورسی، تەقەدوم کە محەمەد حەلبووسی سەرۆکی پێشووی پەرلەمانی عێراق سەرۆکایەتیی دەکرد ٣٧ کورسی و سەربەخۆکان ٣٥ کورسییان بەدەست هێناوە. پارتی دیموکراتی کوردستان ٣٣ کورسی و دەوڵەتی یاسا بە سەرۆکایەتی نووری مالیکی ٣٣ کورسی مسۆگەر کرد. هاوپەیمانی فەتح ١٦ کورسی و هاوپەیمانی کوردستانیش ١٦ کورسی بەدەست هێنا. ئەوانەی تر کورسییەکانیان لە خوارووی ئەو ژمارەیەیە و ئەوەی جێی تێڕامان بوو دابەزینی کورسییەکانی فەتح و هاوپەیمانییەكەی عەبادی و عەمار حەکیم بوو کە کورسییەکانیان بە رێژەیەکی بەرچاو کەمی کرد.
دوای راگەیاندنی دەرەنجامەکان، شەقامەکانی بەغدا ئاڵۆز بوون و حکوومەتی عێراقیش بۆ رووبەڕووبوونەوەی هەر بارگرژییەک هێزی جووڵاندووە و مەترسیی ئەوە لە ئارادا بووە دۆخەکە بە تەواوی بشێوێت، چونکە ئەوانەی ئەنجامەکەیان رەت کردەوە، خاوەنی هێزی میلیشیان.
هەر ئەوکات حەشدی شەعبی لە راگەیەنراوێکدا داوای لە لایەنگرانی کرد لە هەموو شارەکانی عێراق بڕژێنە سەر شەقامەکان. لە بەرانبەردا کۆمسیۆنیش گوتی هیچ کاتێک بەشێک نەبووە لە ململانێکان، بەڵکو ئەرکی پیشەیی خۆی بۆ بەڕێوەبردنی هەڵبژاردنێکی پاک و بێگەرد بەجێ گەیاندووە. جگە لە فەتح کە لە لایەن هادی عامری سەرۆکایەتی دەکرێ هەریەک لە نەسر و نەهجی وەتەنی و رەوتی نیشتمانی و چەند لایەنێکی تری شیعە تانەیان لە هەڵبژاردن دا.
هەر چەندە رێژەی بەشداری لە هەڵبژاردن کەمترین رێژە بووە کە لەوەتەی عێراقی فیدراڵ دامەزراوە، بەڵام ئەوەی جێی سەرنجە هەڵبژاردنەکە لەچاو هەڵبژاردنەکانی تر زۆر پاک بووە و کەمترین ساختەکاری تێدا کراوە.
لە پارێزگاکانی زیقار، بابل، بەغدا، دیالە، نەینەوا و بەسڕا و زۆربەی پاریزگاکانی عێراق خۆپێشاندان کراوە و خۆپێشاندانەکانیش لە لایەن میلیشیاکانەوە رێک خراوە و بۆیە مەترسیی ئەوە هەیە ببێتە تێكهەڵچوونی چەكداری و دۆخی عێراق بشێوێت.
بەشێک لە چاودێرانی سیاسی هۆکاری شکستی لایەنەکانی نزیک لە حەشدی شەعبی و ئێرانیان بۆ ئەوە گەڕاندووەتەوە، ئەوان لە خۆپێشاندانەکانی دوو ساڵی رابردوودا رۆڵیان هەبووە لە سەرکوتکردنی خۆپێشاندەران.
ئاژانسی فرانس پرێس پێش هەڵبژاردن ئاماژەی دابوو کە ناڕەزایەتییەکانی شەقامی شیعە لە رابردوودا ئەوە بووە نایانەوێ لە لایەن ئێرانەوە دەستوەردان لە کاروباری عێراق بکرێ و پێشبینی کردبوو دوای هەڵبژاردن هەژموونی ئێران کەم ببێتەوە.
لایەنەکانی کوردستان لەو کێشانە بێبەرین و لای خۆیان دەستیان بە دانوستانەکان کردووە تا بەیەکگرتوویی لەگەڵ لایەنەکانی عێراق بۆ دامەزراندنی حکوومەتی داهاتووی عێراق بکەونە گفتوگۆ و بۆ ئەو مەبەستەش پارتی دیموکراتی کوردستان وەک براوەی سەرەکیی کوردستان، دەستپێشخەریی کردووە و رۆژی دووشەم لە سلێمانی سەردانی یەکێتی و چەند لایەنێکی سیاسیی کرد. ئامانجەکە ئەوەیە کورد لەسەر بنەمای مافە دەستوورییەکان لەگەڵ لایەنەکانی شیعە و سوننە بکەوێتە گفتوگۆ و گەرەنتی مافەکانی گەلی کورد بکرێت و وەک مەحمود محەمەد ئەندامی مەکتەبی سیاسیی پارتی لە سلێمانی بۆ میدیاکان خستیە ڕوو، پارتی چیتر نایەوێ بەغدا بە ٢٠٠ ملیار دینارەکە، خەڵکی کوردستان سەرقاڵ بکات لە کاتێکدا ئەمە شایستەی داراییە، کێشەی زۆر گرنگتری وەک پرسی پێشمەرگە و نەوت و گاز و مادەی ١٤٠ هەن دەبێ چارەسەر بکرێن.