كاكەییەكان دڵخۆشن كە ئافرەتێکی کاکەیی دەبێتە نوێنەریان لە پەرلەمانی عێراق

بۆ یەكەمجارە لە مێژووی عێراق، كوردێكی كاكەیی دەبێتە پەرلەمانتار، ئەویش لەسەر بازنەی دووی شاری كەركووك و لەسەر لیستی پارتی دیموكراتی كوردستان.

بۆ هەڵبژاردنی ١٠١٠٢٠٢١، پارتی دیموكراتی كوردستان، بە قورساییەكی زۆرەوە چووە كەركووك و، بە جیاوازیی ژمارە دەنگێكی زۆرەوە دوو كورسی لەو شارە بۆ خۆی مسۆگەر بكات، كە “شاخەوان عەبدوڵا” توانیی لەسەر بازنەی یەك، زۆرترین دەنگ لەسەر ئاستی شارەكە بەدەست بهێنێت و “نەجوە حەمید كاكەییش”، توانیی لە بازنەی دوو زیاتر لە یانزە هەزار دەنگ کۆ کاتەوە و بچێتە پەرلەمانی عێراق.
نەجوە، دەبارەی ئەوەی وەكو یەكەم كوردی كاكەیی دەچێتە پەرلەمانی عێراق گوتی: “پارتی حزبێكی گەورە و جێی هەموو پێكهاتەكانی تێدا دەبێتەوە و باوەش بۆ هەموویان دەكاتەوە، ئەمەش بۆ دانایی سەرۆك بارزانی دەگەڕێتەوە، بۆیە كاكەییەك توانی بچێتە پەرلەمانی عێراق“.
كوردانی كاكەیی، لەسەر ئاستی عێراقدا رێژەیان زۆرە و زۆربەشیان لە كەركووك، نەینەوا، هەڵەبجە و خانەقیندا دەژین. گروپە تیرۆریستییەکەی داعشیش، زیانێكی زۆری لە دێ و لادێ كاكەییەكان دا لە سنووری نەینەوا.
هەروەها، بەشێكی زۆری دێ و لادێكانیان كەوتووەتە سنووری داقووق، كە بە هۆی گروپە تیرۆریستییەکەی داعشەوە، كاكەییەكان شوێنی خۆیان بەجێ هێشت.
بەیار سەلیم كاكەیی، خەڵكی داقووقە و لەم هەڵبژاردنە دەنگی بە “نەجوە” داوە و دەڵێت زۆربەی كاكەییەكانی داقووق دەنگیان بە “نەجوە” داوە.
ئەو دەڵێت: ” ئومێد دەكەین، نەجوە كێشە و گرفتی كاكەییەكان بگەیەنێتە شوێنی مەبەست، چونكە زڵمێكی زۆریان لێ كراوە و پێویستە لە پەرلەمانی بەغدا، شەڕ بۆ گێڕانەوەی مەفەكانمان بكرێت. ئێمە پێمان وایە، نەجوەی كاندیدی پارتی دیموكراتی كوردستان، دەتوانێت لە پەرلەمانی عێراق، ئەو شەڕەمان بۆ بكات“.
زۆربەی كاكەییەكان، خۆشحاڵن كە نوێنەرێكیان لە پەرلەمانی عێراق دەبێت، هەروەها سوپاسی پارتی دیموكراتی كوردستان دەكەن، كە توانیویەتی كاكەییەکی وا كاندید بكات کە سەر بکەوێت.
لاوێن سەمەد كاكەیی، پێی وایە گرنگە كاكەییەك بچێتە پەرلەمانی عێراق، بەتایبەت ئەگەر ئەو كاكەییە كاندیدی پارتی بێت و سەرۆك بارزانی پشتی بێت، چونكە لە پەرلەمان پێگەی بەهێزی دەبێت و دەتوانێت زۆر شتمان بۆ بكات.
ئەو گوتی ”چەندین هەڵبژاردن بوو، پارتە سیاسییەكانی عێراق كاكەیییان كاندید دەكرد بۆ پەرلەمانی عێراق، بەڵام كەسیان دەنگی پێویستیان نەدەهێنا. سوپاس بۆ جەنابی سەرۆك و پارتی دیموكراتی كوردستان، كە توانییان نەجوە ببەنە پەرلەمانی عێراق و بە دەنگی خۆی و لە بازنەی دووی كەركووک، توانی سەركەوتن بەدەست بهێنێت، ئەمە سەركەوتنە بۆ پارتی و بارزانی و هەموو كاكەییەكانی كوردستان و عێراق“.
لە پەرلەمانی كوردستانیش، لیزا فەلەكەین كاكەیی، پەرلەمانتارە لەسەر لیستی پارتی دیموكراتی كوردستان، واتە كاكەییەكان، لە پەرلەمانی كوردستان و عێراق نوێنەریان هەیە و دەنگیان بەرزە.