رۆژنامەی ھەولێر

گەورەترین پڕۆژەی بەرھەمی ئاژەڵ لە دھۆك جێبەجێ دەكرێت

سەرۆكی دەستەی وەبەرھێنان لە ھەرێمی كوردستان گوتی، پڕۆژەیەكی بەرھەمی ئاژەڵ لە دھۆك جێبەجێ دەكرێت، كە گەورەترین پڕۆژەیە لەسەر ئاستی ھەموو عێراق و ئێستا لە قۆناغی جێبەجێكردندایە، كە لە قۆناغی یەكەمدا بە گوژمەی ٤٠ملیۆن دۆلار دروست دەكرێت.

دكتۆر محەمەد شوكری، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان رایگەیاند: “پڕۆژەیەكی بەرھەمی ئاژەڵ لە ھەڵَەبجە تەواو بووە و ئێستا دەستیان بە كار كردووە و ئاژەڵیان ھاوردە كردووە، كە مۆڵەتی ھاوردەی كەرستەی بەرھەمی ئاژەڵیشمان پێیان داوە و تا ئێستا ٣٠٠بزنی ھۆڵەندی ھاوردە كراون، بۆیە بڕیارە وردە وردە كارەكانیان فراوانتر بكەن، بۆ ئەوەی پێداویستیی ناوخۆ پڕ بكەنەوە”.

شوكری گوتیشی: “جگە لەوە، مۆڵەتی پڕۆژەیەكی دیكەمان داوە بۆ بەرھەمی ئاژەڵ لە دھۆك، كە كۆمپانیای كاڤین گرووپ ئەو پڕۆژەیە جێبەجێ دەكات، ئێستاش مۆڵەتمان پێ داون و كار لەسەر دروستكردنی پڕۆژەكە دەكرێت، كە لە قۆناغی یەكەمدا بە گوژمەی ٤٠ملیۆن دۆلار دروست دەكرێت و دواتر زیاتر دەبێت”.

ناوبراو باسی لەوەش كرد، ئەم پڕۆژەیە تەواو بێت، یەكەم پڕۆژە دەبێت لەسەر ئاستی عێراق، كە لەسەر رووبەری ھەزار دۆنم زەوی دروست دەكرێت.