سه‌رۆكی حكومه‌ت وه‌زاره‌تی سامانه‌ سروشتییه‌كانی راسپاردووه‌ بۆ دابینكردنی به‌نزین و نه‌وتی سپی

له‌ راگه‌یه‌ندراوێكدا، جوتیار عادل، گوته‌بێژی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان رایگه‌یاند، سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان وه‌زاره‌تی سامانه‌ سروشتییه‌كانی راسپاردووه‌ بۆ دابینكردنی نه‌وتی سپی به‌سه‌ر هاووڵاتییاندا و گوتیشی: حكومه‌تی هه‌رێم هه‌وڵه‌كانی له‌گه‌ڵ كه‌رتی تایبه‌ت بۆ هاورده‌كردنی به‌نزین چڕ كردووه‌ته‌وه‌، بۆ ئه‌وه‌ی له‌ داهاتوودا رووبه‌ڕووی هیچ قه‌یرانێك نه‌بێته‌وه‌.

ده‌قی راگه‌یه‌ندراوی گوته‌بێژی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان:

حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌ ماوه‌ی رابردوودا به‌رده‌وام له‌ هه‌وڵی ئه‌وه‌ دابووه‌ به‌نزین بۆ هاووڵاتیان دابین بكات به‌ نرخێكی گونجاو، به‌ڵام به‌ هۆی ئه‌وه‌ی به‌شێكی زۆری به‌نزین له‌ ده‌ره‌وه‌ی هه‌رێم هاورده‌ ده‌كرا كه‌ ئه‌وه‌ش په‌یوه‌ست بوو به‌ نرخی نه‌وت، و له‌ رابردووشدا نرخی نه‌وت لەسەر ئاستی جیهاندا به‌رزبووه‌وه‌ كه‌ هاوكات بووه‌ هۆی به‌رزبوونه‌وه‌ی نرخی به‌نزینیش، هەروەها هەناردەکردنی بەنزین بۆ هەرێمی کوردستان لە هەندێك دەروازە راگیراوە، بۆیه‌ سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ‌وه‌زاره‌تی سامانه‌ سروشتییه‌كانی راسپاردووه‌ سه‌ردانی به‌غدا، بكه‌ن بۆ گفتوگۆكردن به‌ مه‌به‌ستی چاره‌سه‌ركردنی به‌شێك له‌ گرفته‌كان، له‌ لایه‌كی دیكه‌شه‌وه‌ سه‌رۆكی حكومه‌ت وه‌زاره‌تی سامانه‌ سروشتییه‌كانی راسپاردووه‌ هه‌ماهه‌نگی بكه‌ن له‌گه‌ڵ كه‌رتی تایبه‌ت، بۆ ئه‌وه‌ی پلانی گونجاو بۆ هاورده‌كردنی به‌نزین دابنرێت، تاوه‌كو له‌ داهاتوودا قه‌یران دروست نه‌بێت.

سه‌باره‌ت به‌ نه‌وتی سپی، وه‌زاره‌تی سامانه‌ سروشتییه‌كان راسپێردراوه‌ بۆ چاره‌سه‌ركردنی ئه‌م بابه‌ته‌ له‌ رێگه‌ی دابینكردنی نه‌وتی سپی و دابه‌شكردنی به‌سه‌ر هاووڵاتیان له‌ زووترین كاتدا. بۆیە هاووڵاتیان دڵنیا دەکەینەوە کە حکومەت هەموو هەوڵێك دەدات بۆ چارەسەر کردنی ئەم گرفتە.

جوتیار عادل

گوتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان

14ی تشرینی یەکەمی 2021