سەنگی پارتی لە پێکهێنانی کابینەی نوێی حکوومەتی عێراقدا قورستر دەبێت

بەپێی ئەنجامە بەراییەکانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق، پارتی دیموکراتی کوردستان براوەی یەکەمی کوردستان و عێراقە. لە بازنەی یەک کە قەزای شەقڵاوە و ئیدارەی سۆران لەخۆ دەگرێت، وەکو هەڵبژاردنەکانی رابردوو پارتی زۆرینەی دەنگەکانی بەدەست هێناوە و هەر چوار کورسییەکەی سنووری سۆرانی بردووەتەوە. چاودێرێکی سیاسی، دەڵێ، هیچ بڕیارێک لە بارەی کوردستانەوە بەبێ پارتی نادرێت، لەگەڵ ئەوەی سەنگی پارتی هاوکار دەبێت بۆ پێکهێنانی حکوومەتی داهاتووی عێراق.

کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا ئەنجامی بەرایی بڵاو کردەوە، کە لە بازنەی یەکی هەولێر کاندیدی پارتی نەهرۆ رواندزی، یەکەم بووە و زیاتر لە ٤٥ هەزار دەنگی بەدەست هێناوە، سیپان شێروانی دووەم بووە و زیاتر لە ٣٧ هەزار دەنگی بەدەست هێناوە، محەممەد سدیق سێیەم بووە و نزیکەی ٣٥ هەزار دەنگی بردووەتەوە، جوان عەبدوڵڵا، نزیکەی ١٥ هەزار دەنگی بە دەست هێناوە”.
ئەیاد ئەحمەد، چاودێری سیاسی، بۆ “هەولێر” ئاشکرای کرد: “٧٥ ساڵ لە خەبات و ماندووبوون، پارتی هێزێکی لەبننەهاتووە، پارتی بەسەربەرزی بردییەوە، ئەو ئەنجامانە لە ئەنجامی خەبات و ماندووبوون و دڵسۆزی سەرکردایەتیی پارتییە.
ئەیاد ئەحمەد، گوتیشی: “پرۆسەی هەڵبژاردن زۆر بە رێکوپێکی بەڕێوە چوو، دوای راگەیاندنی ئەنجامەکان، لایەنەکان هەوڵی پێکهێنانی حکوومەتی داهاتوو دەدەن، دەبێت حکوومەتی داهاتوو بە تەوافق بێت و هەموو پێکهاتەکان لە حکوومەتدا بەشدار بن، لەسەر مێزی دانوستان
هیچ شتێک بەبێ پارتی ناکرێت، هیچ بڕیارێک لە بارەی کوردستانەوە بەبێ پارتی نادرێت، لەگەڵ ئەوەی سەنگی پارتی هاوکار دەبێت بۆ پێکهێنانی حکوومەتی داهاتووی عێراق”.
حەسەن حەدۆ، بەرپرسی لقی ٢٦ی گوڵان لە باڵەکایەتی، بۆ “هەولێر” گوتی: “لە سنووری باڵەکایەتی دەنگییەکەمان بەدەستهێناوە، ئەوەش بەهۆی قوربانیدان و خەباتی خەڵکی ئەم دەڤەرەیە، سیاسەتی حەکیمانەی سەرۆکە، هەروەها قوربانیدانی پێشمەرگە قارەمانەکان و خانەوادەی سەربەرزی شەهیدانە کە لە رۆژی تەنگانەدا کوردستانیان پاراست و خۆیان کردە قوربانی لە پێناو ئازادبوونی کوردستان و پاراستنی دەستکەوتەکانی گەل ئەویش حکوومەتی هەرێمی کوردستانە”.
بەرپرسی لقی ٢٦ی گوڵان، گوتیشی:” پێش ئەوەی کورد بچێتە بەغدا پێویستە یەکڕیز و تەبا بێت، هەر وەک سەرۆک بارزانی فەرمووی، پێویستە لە بەغدا یەکگرتوو بین و وەکویەک تیم کار بکەین، بۆ ئەوەی پەرلەمانتارانمان بتوانن بەرگری لە مافە دەستووریەکانی خەڵکی هەرێمی کوردستان بکەن، بۆ ئەوەی دەستکەوتی باش بەدەست بێنن”.

ھەواڵی زیاتر