چاودێرانی سیاسی:داکۆکیکردن لە ماف و سەروەرییەکانی خەڵکی هەرێمی کوردستان پارتی گەیاندووەتە لوتکە

پارتی دیموکراتی کوردستان، وەکو هێزی یەکەم هەم لەسەر ئاستی عێراق، هەمیش لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستان سەرکەوتنێکی یەکجار گەورەی بەدەست هێناوە و بە رێژەیەکی زۆر لە پێشەوەی لایەنەکانی دیکە دێت. بە بڕوای چاودێران، خەڵکی کوردستان جارێکی دیکە متمانەیان بەو حزبە دایەوە کە بەرگرییان لێ دەکات و دەستکەوتی زیاتریش بە دەست دێنێت، بۆیە سەرکەوتنی پارتی مانای ئەوە دەگەیەنێت هاووڵاتیان متمانەیان بەو حزبە هەیە و پێیان وایە لەم قۆناغەشدا ئەو حزبەیە دەتوانێت لە بەغدا نوێنەرایەتییان بکات.

ئیسماعیل خورشید، چاودێری سیاسیی، بۆ “هەولێر” دەڵێت:” زۆر هۆکار هەن کە وای لە خەڵکی کوردستان کرد کە جارێکی دیکە متمانە بە پارتی ببەخشنەوە، یەکێک لەو هۆکارانە پارتی خاوەن خەباتێکی دوورو درێژە، خاوەن رێبازێکی پاک و بێگەردە، خاوەن سەرکردایەتیەکی تۆکمە و لێهاتووە، ئەوە لە رابردوو، لە ئێستاشدا ئەوەی داکۆکی لە ماف و سەروەرییەکانی خەڵکی کوردستان دەکات پارتی دیموکراتی کوردستانە، چ لە شەڕی داعش، چ لە شەڕەکانی دواتر ئەو بەرگرییەی هێزی پێشمەرگەی کوردستان، بەتایبەتی پێشمەرگە قارەمانەکانی پارتی نەبووایە هێزەکانی عێراق دەگەڕانەوە هەولێر و دهۆک و شتێک نەدەما بەناوی قەوارەی هەرێمی کوردستان، خەڵک ئەوەی لەبەرچاوە، دەزانێت ئەگەر پارتی بەهێز بێت و لە مەیدان بێت کوردستان بەهێز دەبێت و مافەکانی کورد پارێزراو دەبن، مساومە لەسەر مافەکانی کورد ناکات، ئەمە و چەندین هۆکاری دیکە هەن کە خەڵکی کوردستان بەرچاوی روونە لەوەی کە لە بەرژەوەندی ئەو بووە دەنگ بە پارتی بدات.
لە بارەی پێکهێنانی حکوومەتی داهاتوو، ئەو چاودێرەی سیاسی، دەشڵێ:” پێکهێنانی حکوومەتی داهاتوو کەمێک زەحمەت دەبێت، چەند هۆکارێک هەن کە وا دەکات پێکهێنانی حکوومەت دوا بکەوێت، یەکێک لە هۆکارەکان ئەوەیە دابەشبوونی پێکهاتەکان بەسەر چەندین قەوارە و لیستی جیاجیا، بەڵام دەبێت عێراق لەسەر بنەمای تەوافق دابمەزرێت و هەموو پێکهاتەکان بەشدار بن و کەس پەراوێز نەخرێت، لە کوردستانیش پارتی پشتگیری لە حکوومەتی تەوافقی دیموکراسی دەکات، چونکە دەتوانێت مافی پێکهاتەکان گرێنتی بکات و ئەمن و ئاسایش لە عێراق بەرقرار بکات.
حامد خەلیل، چاودێری سیاسی، بۆ “هەولێر” گوتی:” هەڵوێستە نەتەوەیی و نیشتمانییەکانی پارتی کاریگەریی لەسەر دەنگەکانی هەبوو، لە کاتی هێرشەکانی عێراق بۆ سەر کوردستان، ئەگەر پارتی نەبووایە لە پردێ و سحێلا چەکدارانی حەشدی شەعبی دەهاتنە هەرێمی کوردستان، بۆیە هەر هێزێکی سیاسی شەڕی نەتەوەیی بکات، بێگومان دەنگێکی زۆر بەدەست دەهێنێت، خەڵکی کوردستان جارێکی دیکە متمانەیان بەو حزبە دایەوە کە بەرگرییان لێ دەکات و دەستکەوتی زیاتریش بە دەست دەهێنێت، بۆیە سەرکەوتنی پارتی مانای ئەوە دەگەیەنێت هاووڵاتیان متمانەیان بەو حزبە هەیە و پێیان وایە ڕاستگۆترین حزبە دەتوانێت لە بەغدا نوێنەرایەتییان بکات”.