کوردستانیان خۆشحاڵن بە سەرکەوتنی پارتی

بەپێی ئەنجامە بەراییەکانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق کە دەست “هەولێر” کەوتووە، زۆرترین کاندیدی پارتی لە هەرێمی کوردستان و عێراق گەیشتوونەتە پەرلەمانی عێراق کە بە پێی ئەنجقامە بەراییەکانی کۆمیسیۆن بێت ٣٢ کورسی مسۆگەر کردووە.

خەڵکی کوردستانیش دەڵێن؛ بۆ کوردستانێکی بەهێز و دەستکەوتی زیاتر دەنگمان بە پارتی دا، ئێستاش خۆشحاڵین بە سەرکەوتنی پارتی، چونکە ئەگەر پارتی هەبێت ئێمەش هەین، ئەگەر پارتی نەبێت ئێمە و کوردستانیش نابین، بۆیە زۆر خۆشاڵین بە سەرکەوتنی پارتی لە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق. چاودێرێکی سیاسییش، دەڵێ، هیچ هێز و لایەنێکی سیاسی لەناو کوردستان ناتوانێت کێبڕکێی پارتی بکات.
بەپێی ئەنجامی بەرایی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق لە کوردستان و لە سنووری پارێزگای مووسڵ زۆرترین دەنگی بەدەستهێناوە و بە جیاوازییەکی زۆر یەکەمە. بە گوتەی بەرپرسی لقەکانی پارتی لە شاروشارۆچکەکانی هەرێمی کوردستان، پارتی لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق بەراورد لەگەڵ هەڵبژاردنی رابردوو دەنگەکانی زۆر زیادی کردووە.
د. شەوکەت بەشار، چاودێری سیاسی لە دهۆک، بۆ “هەولێر” دەڵێت:” ئەوەی بۆتە هۆی پاراستنی ئاسایش و جێگیر بوون و دروستبوونی دەرفەتی کار و سەرنج راکێشانی ناوەندە نێودەوڵەتییەکان، بۆ ئەوەی روو لە هەرێمی کوردستان بکەن، پارتییە، ئاوەدانی و خۆشگوزەرانی لە کوردستان رۆژبەرۆژ پەڕەی پێ دەدرێت، ئەمە هەموو وجوودی پارتییە، هەر ئەوەش وای کردووە کە جارێکی دیکە کوردستانیان متمانە بە پارتی بکەنەوە و دەنگی خۆیان پێ بدەن.
د. شەوکەت بشار، دەشڵێ:” هیچ هێز و لایەنێکی سیاسی لە ناو کوردستان ناتوانێت کێبڕکێی پارتی بکات، چونکە پارتی دەستکەوتەکانی زۆر و گەورەن، پارتی خاوەنی دەیان داستان و هەزاران شەهیدە، خاوەنی ئاوەدانکردنەوەی کوردستانە، بۆیە ئەگەر پارتی نەبێت کوردستانیش نابێت، بۆ ئەوەی کوردستانێکی بەهێزمان هەبێت، دەبێت پارتی بەهێزەوە لە بەغدا بێت، بۆ ئەوەی بەرگری لە مافە دەستووری و یاساکانی خەڵکی هەرێمی کوردستان بکات”.
نەقیب کەمال محەمەد، کە لە مێرگەسۆر دەنگی داوە، بۆ “هەولێر” گوتی:” بە ئازادانە دەنگی خۆم دا، دەنگم بە کاندیدی ئەو حزبەدا کە بەرگری لە کوردستان دەکات و کار دەکات بۆ باشترکردنی ژیان و گوزەرانی پێشمەرگە و کەسوکاری شەهیدان.
مامۆستا ئاسیا حەمید، بۆ “هەولێر” گوتی:” کاندیدانی پارتی بەرگری لە مافەکانی خەڵکی کوردستان دەکەن، داکۆکیکار دەبن لەو مافە رەوانەی کە عێراق پێشێڵی کردوون، هەروەها پارێزگاری لە دەستکەوتەکان دەکەن دەستکەوتی زیاتریش بۆ خەڵکی کوردستان بە دەست دەهێنن، بۆیە دەنگی من و خەڵکی دیکە بۆ کاندیدانی پارتی بووە”.
مریەم حادێ، دایکە شەهیدێک، کە بە گڕوتینەوە بەشداری لە هەڵبژاردن کردبوو، بە “هەولێر”ـی گوت:” پارتی پارێزەری خاکی کوردستانە، حزبی قوربانیدان و شەهیدانە، هەر بۆیە ئێمە وەکو خانەوادەی سەربەرزی شەهیدان دەنگمان بە کاندیدەکانی پارتی دا، چونکە پارتی زامنی دەستکەوتەکانی کوردستانە، چەندین کەسمان بەخشیوە، بۆ ئەوەی بگەین بە ئامانج، بێگومان ڕێگایەکی زۆرمان بڕیوە و زۆریشمان لەبەردەمدا ماوە، بۆ ئەوەی بگەین بە سەرکەوتنی یەکجارەکی، کە خۆی لە سەربەخۆییدا دەبینێتەوە”.
نازم حەمید، لاوێکی رواندزە، بۆ “هەولێر” گوتی:” بە درێژایی ٧٥ ساڵی ڕابردووی خەبات و قوربانیدان، پارتی ئامادە نەبووە سازش لەسەر مافەکانی گەلی کوردستان بکات، لە رابردوو و ئێستاشدا دەبینین کاتێک پارتی بەهێز بووە، کوردستانیش بەهێز بووە و لەسەر ئاستی ناوخۆ و نێودەوڵەتییش کاتێک پارتی پێگەیەکی بەهێزی هەبووە، خەڵکی هەرێمی کوردستانیش بەرەو خۆشگوزەرانی و ئارامی چووە، لەبەر ئەوە زۆرترین جەماوەری کوردستان لە چوار دەورەی پارتی کۆبۆتەوە، تا دێت بەهێزتریش دەبێت، بۆیە زۆربەی خەڵکی کوردستان دەنگیان بە کاندیدەکانی پارتی دا”.
ئاری جەلال، لە دهۆک، بۆ “هەولێر” دەڵێت:” زۆر خۆشحاڵین بە سەرکەوتنی کاندیدەکانی پارتی، هیوادارم هەر پارتی حزبی یەکەم بێت، چونکە ئەگەر پارتی هەبێت ئێمەش دەبین، ئەگەر پارتی نەبێت ئێمەش نابین و مافەکانمان دەکەونە مەترسییەوە”.

ھەواڵی زیاتر