ئەوانەی لە بەغداوە دژایەتیی مافەکانی خەڵکیان دەکرد، خەڵکی کوردستان سزای دان

بە گوێرەی بۆچوونی چاودێرێكی سیاسی، گەلی كوردستان پارتییان كردەوە بە مەرجەع و زۆرینە، ئەوانەشی سووكایەتیان بە كوردستان و پیرۆزییەكانی دەكرد و، لە بەغداوە ببوونە بڵنگۆی شۆڤێنزمی عەرەبی و گاڵتەیان بە كورد دەكرد، سزا دران.

بەختیار تاڵەبانی چاودێری سیاسی، ئاماژە دەدات، گەلی كوردستان پارتییان كردەوە بە مەرجەع و زۆرینە، ئەوانەشی سووكایەتیان بە كوردستان و پیرۆزییەكانی دەكرد و لە بەغداوە ببوونە بڵنگۆی شۆڤێنزمی عەرەبی و گاڵتەیان بە كوردبوون دەكرد، سزا دران، چونكە خیتابەكەیان بێمۆڕاڵیی پێوە دیار بوو.
مێژوو پێمان دەڵێت: زۆرن ئەو پارتە سیاسیانەی لە بانگەشەی هەڵبژاردندا، زۆرترین درۆیان كردووە و بەڵێنەكانیان نەبردووەتە سەر، بەڵام لەسەر سندووقی دەنگدان گەل سزای داون.
بۆیە بەختیار دەڵێت: “ئەوانەی لە یانگەشەی هەڵبژاردندا، زۆرترین ناڕاستیان بە گوێی خەڵكدا دەدا و گوتار و رەخنەكانیان لە جیاتی ئەوەی ئاڕاستەی بەغدا بكەن، ئاڕاستەی حكوومەتی هەرێمیان دەكرد، ئەم گوتارەش بەسەر چوو، چونكە خەڵك لەوە هۆشیارترە.”
لە لایەكی ترەوە، چەند شڕۆڤەكارێكی تری سیاسی، سەركەوتنی پارتی بۆ ئەو هەڵوێستە گرنگانە دەگێڕنەوە، كە بۆ كورد و كوردستانی هەبووە.
ئەحمەد كوردی، پێی وایە پارتی بۆیە براوەی هەڵبژاردنە، چونكە گرنگییەكی زۆر بە قەوارەی هەرێم دەدات و هەر ئەوەشە وای كردووە، خەڵك دەستبەرداری نەبێت.
باسی لەوەش كرد، سەركەوتنی پارتی لە كەركووك ئەوەی سەلماند، كە خەڵك خاك و ئاڵای لە مووچە زۆر پێ گرنگترە، پارتییش هەر ئەوە دروشمی بووە.
پارتی توانیی ژمارەی كورسییەكانی زیاد بكات، ئەمەش دەریدەخات، كە پارتی هێزێكە بەردەوام لە پێشڤەچوونە، بە پێچەوانەی ئەوانەی دەیانگوت پارتی بەرەو كاڵبوونەوە دەچێت.
سەردار زرار، یەكێكە لە دەنگدەرانی پارتی، دەڵێت بە هۆی ئەوەی پەنجەمۆرم نەخوێندرایەوە، رێگەیان نەدا دەنگ بدەم، هەرچەندە هەوڵم دا دەنگەكەم بەفیڕۆ نەچێت، بەڵام گوتیان نابێت و دەبێت بڕۆیت.
بۆیە دەڵێت: “ئەوانەی دەیانگوت دەنگی پارتی ساختەكاری تێدایە، ئەم هەڵبژاردنە پێمانی گوت، نەخێر پارتی دەنگەكانی هیچ ساختەیەكی تێدا نییە، بە پێچەوانەوە، زۆرێك لە ئەندامەكانی نەیانتوانیوە دەنگ بدەن، چونكە كێشە لە ئامێری پەنجەمۆر هەبووە.”
لە كۆتاییدا، بەختیار تاڵەبانی دەڵێت: “هەموو ئەوانەی بە درێژایی بانگەشەی هەڵبژاردن بۆ سواڵكردنی دەنگ، بە چەپ و راست پەلاماری پارتییان دەدا، خەڵك گوێی لێ نەگرتن و دەركەوت دەنگدەر مامەڵە لەگەڵ فاكت و خیتابی واقعی دەكات.”

ھەواڵی زیاتر