گوتەبێژی پارتی: گرنگە دوای هەڵبژاردن پێکەوە لە بەغدا بەرامبەر بەرنامەی خەڵکی دیکە بووەستین

گوتەبێژی پارتی دیموکراتی کوردستان رایگەیاند، ئەوەی پێویست بووە ئەنجامدراوە بۆئەوەی بەربژێرەکانی حیزبەکەی سەرکەوتن بەدەستبهێنن و ئەو کەسانەش بەربژێر بکەن کە توانای نوێنەرایەتیکردنی خەڵکی کوردستانیان هەیە؛ بە گرنگیشی دەزانێت دوای هەڵبژاردن لایەنەکان “پێکەوە لە بەغدا بەرامبەر بەرنامەی خەڵکی دیکە بووەستن”. 

مەحموود محەممەد، گوتەبێژی پارتی دیموکراتی کوردستان بە میدیاکانی راگەیاند، “پێمانوایە ئەو متمانەیەی خەڵک لە رابردوودا بە ئێمەیان هەبوو، لە داهاتووشدا دەیانبێت”. گوتەبێژی پارتی ئەمڕۆ لە یەکێک لە بنکەکانی دەنگدان لە هەولێر دەنگی دا و گوتی، دوای کۆتاییهاتنی پرۆسەی دەنگدان نیازی یەکهەڵوێستییان هەیە لەگەڵ لایەنەکانی دیکە، بە گرنگیشی دەزانێت “دوای هەڵبژاردن هەموومان پێکەوە وەکو هێزێکی کوردستانی لە بەغدا لە بەرامبەر پلان و بەرنامەی خەڵکی دیکە بووەستین، چونکە پێکەوەبوونمان پتەوبوونی پرۆسەی سیاسییە لە کوردستان و رەنگدانەوەشی لەسەر پرۆسەی سیاسیی عێراق دەبێت و هێزی ئێمە لە پێکەوەبوونماندایە، بۆیە بە دڵنیاییەوە دەرگا کراوە دەبێت و هەوڵیشمان زۆر دەبێت بۆئەوەی نێوماڵی کورد رێکبخەین بۆئەوەی بتوانین کێشە کەڵەکەبووە چارەسەرنەکراوەکانمان چارەسەر بکەین”. 

سەبارەت بە پێشبینیی ئەوان بۆ دەنگ و کورسییەکانی پارتی لەم هەڵبژاردنەدا، مەحموود محەممەد ئاماژەی بەوە کرد، “ئێمە پشت ئەستوورین بە متمانەی خەڵکی کوردستان، پێمانوایە ئەمجارە خەڵک بە هەمان شێوەی پێشوو پشتیوانیی پارتی دەکەن بۆئەوەی کورسییەکانمان کەم نەکەن و هەنگاو بۆ کورسیی زیاتر دەنێین، چونکە خەڵک پێیانوایە ئەگەر کێشەی کورد لە دەستی پارتیدا بێت، گەرەنتیکراوتر دەبێت”. لە پرۆسەی دەنگدانی گشتی کە ئەمڕۆ 10-10-2021 بەڕێوەدەچێت، 24 ملیۆن و 29 هەزار و 927 دەنگدەر لە عێراق و هەرێمی کوردستان مافی دەنگدانیان هەیە بۆ هەڵبژاردنی 329 ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، کە لە هەشت هەزار و 273 ناوەندی دەنگدان لە هەموو عێراق و هەرێمی کوردستان دەبێت، ئەو ناوەندانەش بریتین لە 55 هەزار و 41 وێستگەی دەنگدان، لە هەر وێستگەیەکیش نزیکەی 450 دەنگدەر مافی دەنگدانیان دەبێت.