خەڵکێکی زۆر لە سنووری سلێمانی و هەڵەبجە پەیوەندیان بە ڕیزەکانی پارتییەوە کردووە

بەرپرسی دەزگای هەڵبژاردنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە سنووری سلێمانی-هەڵەبجە دیار کرد، وەک دەزگای هەڵبژاردنی پارتی لە سلێمانی تەواوی ئامادەکارییەکانمان بۆ چوونە نێو هەڵبژاردن‌ تەواو کردووە. دەشڵێ، دوای هاتنی نێچیرڤان بارزانی بۆ سلێمانی ئێستا خەڵک زیاتر رووی لە پارتی کردووە.

ڕۆژی ١٠ی ١٠، دەنگدانی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراقە، ئەمڕۆش ٨ی مانگ دەنگدانی تایبەتە کە زیاتر هێزە سەربازییەکان دەگرێتەوە، هەڵبژاردنی ئەم جارەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق دابەش کراوە بۆ ٨٣ بازنەی هەڵبژاردن، پارتی دیموکراتی کوردستان لە زۆربەی ناوچە کوردستانییەکان و ناوچە عەرەبنشینەکان و تەواوی پارێزگاکانی کوردستان بەربژێری هەیە، ئاستی پێشوازی لە پارتی و ئاهەنگ و کەمپینەکانی لەوپەڕی بەهێزی و نەرمونیانیدا وای کردووە کە سەرنجی سەرجەم حزبەکان بۆ خۆی ڕاکێشێت و تا دێت ئاستی جەماوەری و پەیوەندیکردن بە پارتییەوە زیاتر دەبێت.
ڕزگار ئەژی گۆران، بەرپرسی دەزگای هەڵبژاردنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پارێزگای سلێمانی-هەڵەبجە، بە”هەولێر”ـی گوت:” وەک دەزگای هەڵبژاردنی ئەنجومەنی سەرکردایەتیی سلێمانی-هەڵەبجەی پارتی دیموکراتی کوردستان، لە چوارچێوەی بڕیار و ڕێنمایییەکانی دەزگای هەڵبژاردنی گشتیی پارتیماندا ئامادەکاریی تەواو و پێویستمان لە ‌بازنەکانی هەڵبژاردنی ‌سنوورەکە کردووە کە‌ پێنج بازنەی هەڵبژاردنە‌، بۆ هەریەک لە بازنەکان لە ڕووی دیموگرافی و جەماوەرییەوە بەپێی تایبەتمەندیی هەر بازنەیەک میتۆدێکی تایبەتمان گرتووەتە بەر، بۆ ئەم هەڵبژاردنە کۆمیسیۆنیش ئامادەکاری باشی کردووە و بنکەی دەنگدانی زیاد کردووە، بۆ ئەوەی پاڵەپەستۆ لەسەر بنکەکان دروست نەبێت، داواش لە هێزە ئەمنییەکان دەکەین دەست لە کاروبارەکانی کۆمیسیۆن وەرنەدەن، بۆ ئەوەی پرۆسەکە بە باشی بەڕێوە بچێت.
ڕزگار ئەژی گۆران، گوتیشی: “پارتی بانگەشەیەکی نەرمی کردووە،‌ ئەوەش وای کردووە کە خەڵک ڕوو لە پارتی بکەن، لەم هەڵبژاردنەدا‌ پارتی کورسییەکانی و جەماوەرەکەی فراوانتر دەبێت و هۆکاری ئەم فراوانبوونەی ئاستی جەماورەیی پارتی‌ ئەوەیە کە حزبێکە لە ‌بەغدا مساومەی لەسەر مافە دەستووری و یاسایییەکانی کوردستان نەکردووە، خەڵکی سلێمانی لەوە تێگەیشتووە بە ئیشکردن لەسەر پارتی دەنگ کۆناکرێتەوە، بەڵکو بە ئیشکردن بۆ خەڵک دەنگ کۆ دەکرێتەوە، بۆیە پارتی خاوەنی کردارە و هەر بەڵێنێک بدات دەیباتە سەر و ئەمەش بووەتە جێگای متمانەی خەڵک”.
بەرپرسی دەزگای هەڵبژاردنی پارتی لە پارێزگای سلێمانی-هەڵەبجە، ئاشکراشی کرد: “لە سنووری سلێمانی هەر رێگرییەک لە کاندیدەکانی پارتی کرابێت، یان زۆرجار پۆستەرەکان شێوێنراون و دڕێنراون، بەپێی ئەو بەڵگە و زانیاریانەی هەمان بووە بە سکاڵا پێشکەشی کۆمیسیۆن کراون.
ڕزگار ئەژی گۆران، بەرپرسی دەزگای هەڵبژاردنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پارێزگای سلێمانی-هەڵەبجە، روونیکردەوە:” هاتنی نێچیرڤان بارزانی، جێگری سەرۆکی پارتیمان بۆ سنووری سلێمانی، گوڕوتینێکی زۆری داوەتەوە بە ڕێکخستنەکانی پارتی و بۆ خەڵک ڕوون بووەتەوە ئەو حزب و لایەنانە تەنیا بۆ مەڕامەکانی خۆیان ئەوان بەکار دەهێنن، بۆیە ئێستا خەڵک زیاتر رووی لە پارتی کردووە و رۆژانە چەندین کەس لەناوچە جیاجییەکانی سنووری سلێمانی و هەڵەبجە پەیوەندی بە ڕیزەکانی پارتییەوە دەکەن، بۆیە داوا لە خەڵکی سلێمانی و دەوروبەری دەکەین کە دەنگ بە کاندیدانی پارتی بدەن، بۆ ئەوەی لە بەغدا بەرگری لە مافەکانی ئەوان بکەن و جێبەجێ کردنی ئەو ماددانەی کە پەیوەستن بە خەڵکی کوردستانەوە”.

ھەواڵی زیاتر