ئەمڕۆ دوایین رۆژی بانگەشەی خولی پێنجەمی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراقە و ئەوەی چارەنووسی ٣٢٩ کورسییەکەی پەرلەمانی عێراق دیاری دەکات و دەبێتە سەنگی مەحەک سندووقی دەنگدان و ئەو خەڵکەیە کە لە هەڵبژاردن بەشداری دەکەن. بەرپرسێکی هەڵبژاردنی پارتی پێی وایە پارتی کورسییەکانی لە پەرلەمانی ئەم جارەی عێراق زیاد دەکات.
لە ماوەی رابردوودا چ لە ئاستی عێراق و چ لە سەر ئاستی هەرێمی کوردستان سەرجەم حزب و هاوپەیمانی و لایەنەکان ئازادانە خەریکی بانگەشەی هەڵبژاردن بوون و کاندیدەکان خۆیان بە خەڵک ناساندووە.
کاوە گەردی بەرپرسی بەشی تەکنیکی دەزگای هەڵبژاردنی پارتی دیموکراتی کوردستان بۆ هەولێر ئاماژەی دا پارتی دیموکراتی کوردستان بە گوێرەی پرەنسیبەکانی هەڵبژادن لە ماوەی رابردوودا بانگەشەی کردووە و ئەوەندەی لە توانایدا بێت هەوڵی داوە کاندیدەکان و بەرنامەی خۆی بە خەڵک و دەنگدەران بناسێنێت و ئەوەی دەمینێتەوە رۆژی هەڵبژاردن و سندووقەکانی دەنگدانە کە دەرەنجامەکەی دەری دەخات کاندیدی کام پارت و لایەنی سیاسی متمانەی زۆرینەی جەماوەر دەستەبەر دەکات.
ئەو روونی کردەوە لەو ماوەیەی بانگەشەی هەڵبژاردن هەبووە بە گشتی بەربەستێکی ئەوتۆ لەبەردەم بانگەشە نەبووە جگە لەو بەربەستەی لە شنگال بۆ کاندیدەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان لەو سنوورە هاتە کایەوە. بە پێی یاساکانی هەڵبژاردن کاندید بۆی هەیە ئازادانە بانگەشە بکات و خۆی بە جەماوەرەکەی بناسێنێت و پەیام و بەرنامەی خۆی پێشکەش بکات بەڵام لە چەند رۆژی رابردوودا رێگری لە تیمی بانگەشەی پارتی دیموکراتی کوردستان لەو سنوورە کرا.
جێی باسە لە چەند رۆژی رابردوودا پارتی دیموکراتی کوردستان ویستی بانگەشە بۆ کاندیدەکانی لە سنووری شنگال بکات بەڵام لە رێگا چەکدارانی پەکەکە لە جلکی مەدەنیدا رێیان لە کاندیدەکان گرت و رێیان نەدا کاندیدەکان بانگەشە بۆ خۆیان بکەن و ئەمەش پێشێلکردنی یاساکانی هەڵبژاردنە لە عێراق.
ئەو روونی کردەوە ئەگەر لە بانگەشەدا کێشە هەبێت ئەوا لە رۆژی دەنگدانیشدا تێبینییان لەسەر چۆنیەتیی هەڵبژاردن بە تایبەتی لە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم هەیە و گومانیان هەیە بەشێک لە خەڵکی ئەو ناوچانە بە تایبەتی ئاوارەکان بتوانن بەشداری هەڵبژاردن بن، چونکە لە رۆژی هەڵبژاردندا قەدەغەی هاتوچۆیە و ئاوارەکان بە ئاسانی ناتوانن بگەڕێنەوە و بەشداری لە دەنگداندا بکەن.
جگە لەو ئاوارانەی شنگال کە بەشێکی زۆریان لە پاریزگای دهۆکن، لە دوای ١٦ی ئۆکتۆبەری ٢٠١٧ەش ژمارەیەکی زۆر لە هاوولاتیانی کەرکووک و ناوچەکانی تری دەرەوەی ئیدارەی هەرێم ئاوارە بوون و رێوشوێنێکی گونجاو بۆ بەشداریکردنی ئەوانە لە دەنگدان دانەنراوە.
لەبارەی پێشبینییەکانیان لەوەی پارتی دیموکراتی کوردستان لەم هەڵبژاردنە دەتوانێ چەند کورسی دەستەبەر بکات، کاوە گەردی روونی کردەوە هەڵبژاردنی ئەم جارە فرە بازنەییە و جیاوازە لە هەڵبژاردنەکانی پێشوو و خەڵک دەنگ بە کاندیدەکان دەدەن و تەنانەت یەک دەنگیش کاریگەری لەسەر دەرەنجامی سەرکەوتنی کاندیدەکە هەیە و رەکابەرییەکان لە نێو بازنەکان بەهێزن.
ناوبراو پێشبینی دەکات پارتی دیموکراتی کوردستان لەم هەڵبژاردنەدا ژمارەی کورسییەکانی بەرز ببێتەوە و زیاتر لە خولی پێشووی پەرلەمانی عێراق نوێنەر رەوانەی بەغدا بکات.
جێی باسە ١٦٧ حزب و پارتی سیاسی لە هەڵبژاردنی ئەمجارە بەشدارییان کردووە و لەوانەش ٥٨ حزبیان لە چوارچێوەی هاوپەیمانی بەشدارن. ژمارەی گشتی کاندیدەکان بە هەموو حزب و هاوپەیمانی و سەربەخۆکانەوە سێ هەزار و ٢٤٩ کاندیدن و لەو ژمارەیەش ٩٥١ کەسیان ژنن. ٧٨٩ کەس وەک سەربەخۆ بەشدارییان کردووە و ٨٠٠ چاودێری نێودەوڵەتی جاودێریی هەڵبژاردن دەکەن.
کۆمەڵگەی عێراق و هەرێمی کوردستان و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیش بە بایەخەوە دەڕواننە ئەم هەڵبژاردنە و پێیان وایە ئەگەر بێ ساختەکاری و کێشە بەڕێوە بچێت کاریگەری لەسەر سەقامگیریی سیاسیی عێراق لە داهاتوودا دەبێت و پێچەوانەکەشی عێراق بەرەو دۆخێکی نەخوازراو و نادیار دەبات.