له چوارچێوه‌ی به‌سه‌ركردنه‌وه‌ی پڕۆژه‌ی شه‌قامی (150) مه‌تری له لایه‌ن وه‌زیری شاره‌وانی و گه‌شتوگوزار، ئاماژه‌ی به‌وه كرد، ئه‌م پڕۆژه‌یه له لایه‌ن كرێكار و كۆمپانیای خۆماڵی جێبه‌جێ ده‌كرێت.
ساسان عه‌ونی وه‌زیری شاره‌وانی و گه‌شتوگوزار، له كۆنفراسێكی رۆژنامه‌وانی رایگه‌یاند، پڕۆژه‌ی شه‌قامی 150 مه‌تری، یه‌كێكه له پڕۆژه ستراتیژییه‌كانی وه‌زاره‌تی شاره‌وانی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، كه له لایه‌ن كه‌رتی تایبه‌ته‌وه جێبه‌جێ ده‌كرێت، به سوپاسه‌وه كۆمپانیای هێمن گرووپ یه‌كێكه له كۆمپانیا دیاره‌كانی هه‌رێمی كوردستان، كه توانای جێبه‌جێكردنی پڕۆژه‌ی ستراتیژیی گه‌وره‌ی هه‌یه، ئه‌و پڕۆژه‌یه‌ی بریتییه له به‌شی دووه‌می قۆناغی یه‌كه‌می شه‌قامی 150 مه‌تری.
راشیگه‌یاند، به‌شی دووه‌م / له قۆناغی یه‌كه‌م، درێژاییه‌كه‌ی (7.2) كیلۆ مه‌تره، كارێكی زۆر باشی كاری تێدا كراوه، چوار به‌رزه پردی تێدایه، به درێژایی شه‌قامه‌كه ئاوه‌ڕۆی تێدا دروست كراوه، جیا له جووت سایدی خزمه‌تگوزاری.
جه‌ختیكرده‌وه، 350 ئامێری خزمه‌تگوزاری كار له‌م پڕۆژه‌یه ده‌كات، جیا له 900 كرێكاری ناوخۆیی له‌و پڕۆژه‌یه‌دا كار ده‌كه‌ن.
وه‌زیری شاره‌وانی دووپاتی كرده‌وه، حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، له ناخۆشترین بارودۆخه‌كاندا و له‌كاتی هه‌بوونی قه‌یران، رژد بووه له جێبه‌جێكردنی پڕۆژه‌كان و خزمه‌تكردنی هاووڵاتیان و ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ی شار‌و شارۆچكه‌ی كوردستان.
ئاماژه‌یپێكرد، له كاتی ته‌واوبوونی پارچه‌ی به‌ری لای شه‌قامی كه‌سنه‌زان، ده‌بێته هۆی به‌ستانه‌وه‌ی به رێگای دهۆك، به‌و واته‌ی پارێزگای دهۆك به رێگای شه‌قڵاوه تا حاجی ئۆمه‌ران و رێگای كه‌سنه‌زان به‌ره‌و سلێمانی ده‌به‌ستێته‌وه، كه كاریگه‌ری ده‌بێت بۆ ئاسانكاری هات و چۆی هاووڵاتیان، جیا له‌وه‌ش ئاسانكاری بۆ هام و شۆی ناوخۆیی دروست ده‌كات.