د. خەلیل غازی، بەربژێری پارتی لە دهۆک: هەوڵی من لە بەغدا دوورخستنەوەی شەڕی پەکەکە و تورکیایە لە ناوچە سنوورییەکان

بەربژێرێکی پارتی لە سنووری پارێزگای دهۆک، دەڵێ، یەکەم کاری من لە بەغدا دوورخستنەوەی شەڕی پەکەکە و تورکیایە لە گوند و ئاواییەکانی ناوچە سنوورییەکان، لەگەڵ قەرەبووکردنەوەی ئەو خەڵکە کە زیانی گیانی و ماددییان بەر کەوتووە، لەگەڵ ئەوەدا شەڕی بەدەستهێنانی مافە یاسایی و دەستوورییەکانی هەرێمی کوردستانیش دەکەم.

د.خەلیل غازی دۆسکی، بەربژێری پارتی دیموکراتی کوردستان ژمارە ٢٣ لە بازنەی دهۆک – ئامێدی بۆ پەرلەمانێ عێراق، بۆ “هەولێر” گوتی:” ئەگەر متمانەی خەڵکی سنووری دهۆک-ئامێدی بەدەست بێنین، ئەوە درێژە بە خەباتی خۆمان دەدەین بۆ بەرگری لە خەڵکی کوردستان لە چوارچێوەی فراکسیۆنی پارتی لە خولی داهاتووی پەرلەمانی عێراقدا و هەر یەکێک لە ئێمە بەگوێرەی پسپۆڕیی خۆی ئەرکەکانی جێبەجێ دەکات”.
ئەو بەربژێرەی پارتی، دەشڵێ: “بەردەوام خەڵکی کوردستان متمانەی بە پارتییە و لە ڕەوشی زۆر ناخۆشدا جەماوەری کوردستان هەڵوێستی پارتییان لەبەرچاوە، ئەوەش وای کردووە خەڵکی ئێمە زۆر ڕێز لە کاندیدانی پارتی بگرن، بەتایبەتی دوایین پەیامی سەرۆک بارزانی لە ڕۆژانی ڕابردوودا کاریگەرییەکی زۆری لەسەر خەڵکی کوردستان داناوە و ئەوەش زیاتر هانمان دەدات خۆمان بە خزمەتکاری خەڵکی کوردستان بزانین”.
د.خەلیل غازی دۆسکی، بەربژێری پارتی دیموکراتی کوردستان ژمارە ٢٣ لە بازنەی دهۆک – ئامێدی بۆ پەرلەمانێ عێراق، ئاشکراشی کرد: “یەکەم کاری ئێمە لە بەغدا فشارخستنەسەر حکوومەتی عێراقە، بۆ ئەوەی بە رۆڵی خۆی هەستێت و دەستوور جێبەجێ بکات، هەروەها کار بۆ دوورخستنەوەی پەکەکە لە گوند و ئاواییەکانی هەرێمی کوردستان بکات و ئەو خەڵکە قەرەبوو بکاتەوە کە لە ناوچە سنوورییەکان زیانی گیانی و ماددیان بەر کەوتووە”.
بەربژێری ژمارە ٢٣ ی پارتی لە بازنەی دهۆک – ئامێدی بۆ پەرلەمانێ عێراق، دەڵێ: “داکۆکیکارێکی سەرسەختی مافەکانی خەڵکی کوردستان دەبم، هەروەها کار بۆ گەڕانەوەی شایستە داراییەکانی خەڵکی کوردستان دەکەم، لەگەڵ ئەوەدا کار بۆ گەڕاندنەوەی پێشمەرگە بۆ ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی هەرێمی کوردستانیش دەکەم”.

ھەواڵی زیاتر