کاندیدێکی پارتی: لە بەغدا کار بۆ قەربووکردنەوەی پێکهاتەکانی مووسڵ دەکەین

کاندیدێکی پارتی دیموکراتی کوردستان لە مووسڵ، رایگەیاند، ئەم جارە پارتی بە جۆرێک جەماوەری زۆر بووە کە زۆرترین کورسی بەدەست دێنێت و دەبینە نوێنەری ئەوان و داکۆکیکارێکی سەرسەختی مافەکانیان دەبین، کار دەکەین بۆ ئەوەی خزمەتی هەموو پێکهاتەکانی ناوچەکە بکەین کە زیانێکی زۆریان پێ گەیشتووە و پێویستە قەرەبوو بکرێنەوە، چونکە ئەوە مافی خۆیانە.

شەریف سلێمان عەلی، کاندیدی ژمارە ٢٤ی بازنەی دووی مووسڵ کە ناوچەکانی شێخان و تلکێف و فایدە و باشیک دەگرێتەوە، بۆ “هەولێر” دیار کرد: “لە سنووری بازنەی ئێمە خەڵک پێشوازییەکی باشمان لێ دەکەن و بانگەشە زۆر گەرموگوڕە و هەموو پێکهاتەکان، بە عەربیشەوە پشتگیریمان دەکەن.”
ئەو کاندیدەی پارتی لە مووسڵ، دەشڵێ: “بچینە بەغدا یەکەم کارمان ئاوەدانکردنەوەی ناوچەکەیە بۆ هەموو پێکهاتەکان بەبێ جیاوازی، چونکە ئەو خەڵکە زیانی زۆریان پێ گەیشتووە و لەسەر حکوومەتی عێراق پێویستە قەرەبوویان بکاتەوە، چونکە لە ژیانێکی سەختدا دەژین و ئێمە فشارێکی زۆر لە حکوومەتی عێراق دەکەین تا قەرەبوو دەکرێنەوە، لەگەڵ ئەوەی کار دەکەین بۆ جێبەجێکردنی ماددەی ١٤٠ کە خواستی هەموو پێکهاتەکانە، چونکە دەزانن بگەڕێنەوە سەر هەرێمی کوردستان ناوچەکانیان ئاوەدان دەکرێتەوە و ئەمنیەت لە ناوچەکانیان جێگیر دەبێت”.
شەریف سلێمان عەلی، کاندیدی ژمارە ٢٤ی بازنەی دووی مووسڵ کە ناوچەکانی شێخان و تلکێف و فایدە و باشیک دەگرێتەوە، ئاشکراشی کرد: “کار بۆ گەڕانەوەی هێزی پێشمەرگە دەکەین بۆ ئەو ناوچانە، ئەوە داوای سەرەکیی خەڵکی ئەو ناوچانەشە، چونکە بە گەڕانەوەی پێشمەرگە ئەمن و ئەمان لەو ناوچانە پەیدا دەبێت و خەڵک هەست بە ئاسوودەی دەکات”.
کاندیدی ژمارە ٢٤ی بازنەی دووی مووسڵ کە ناوچەکانی شێخان و تلکێف و فایدە و باشیک دەگرێتەوە، گوتیشی: “پارتی دیموکراتی کوردستان ئەم جارە دەنگەکانی زیاد دەکات، بەهۆی ئەوەی لە ماوەی ڕابردوودا لە سنووری مووسڵ تەعدایەکی زۆر لە پێکهاتە و نەتەوەکان کراوە و پارتییش خۆی بە خاوەنی هەمووان دەزانێت، بۆیە ئەم جارە پێشبینی دەکەین زۆرترین کورسی بەدەست بێنین، چونکە خەڵکی مووسڵ تێگەیشتوون کە پارتی وەکو یەکەم حزب لە سەر ئاستی عێراق، پارتێکی دیموکراسی و پارتی پێکەوەژیان و ئاوەدانکردنەوە ‌و داواکاریی زۆر خەڵک هەیە کە ئیدارەی حوکم لە عێراق یان لەسەر ئاستی مووسڵ، بدرێتە کورد و لە نێو کوردیشدا پارتی”.

ھەواڵی زیاتر