فازڵ میرانی: په‌كه‌كه‌ هاتووه‌ ئه‌م ئه‌زموونه‌ تێكبدات

له‌ كه‌رنه‌ڤاڵی پشتیوانی و سه‌رخستنی كاندیدانی پارتی دیموكراتی كوردستان له‌ دهۆك، فازڵ میرانی، سكرتێری مه‌كته‌بی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان وتارێكی پێشكه‌شكرد و تێیدا رایگه‌یاند، ئه‌و دیموكراتیه‌ته‌ی له‌ توركیا هه‌یه‌، له‌ عێراق و سووریا و ئێران نییه‌ و په‌كه‌كه‌ هاتوون ئه‌زموونی هه‌رێمی كوردستان تێكبده‌ن. له‌ سلێمانی ده‌ستدرێژی و ده‌ستوه‌ردانی په‌كه‌كه‌ له‌ كاروباری هه‌رێم زیاتره‌ له‌و براده‌رانه‌ی ئیداره‌ ده‌كه‌ن.

فازڵ میرانی گوتی: پرسیارێك دێته‌ پێشه‌وه‌، بۆچی په‌كه‌كه‌ له‌ ناوخۆی وڵاتی خۆیدا به‌ره‌ڤانییه‌ك ناكات و بۆچی حكومه‌تی ئه‌و حزبه‌ له‌ ناو وڵاتی خۆی هیچی به‌رامبه‌ر ناكات و بۆچی ئه‌و وڵاتانه‌ی وڵاتی ئێمه‌یان دابه‌ش كردووه‌، یارمه‌تیده‌ری ئه‌و حزبه‌ن.

گوتیشی: په‌كه‌كه‌ دوێنێ وتیان چوار پارچه‌ رزگار ده‌كه‌ین، دواتر وتیان مافی ئیداری و نه‌ته‌وه‌ییمان ده‌وێت، دوای ئه‌وه‌ی رێبه‌ره‌كه‌یان گیرا، ده‌ڵێن فیدراڵییه‌تی ئیداری دیموكراتی درووست ده‌كه‌ین، ئه‌مه‌ پرسیاره‌، ئایا هیچ وڵاتێكی دنیا فیدراڵییه‌ت له‌گه‌ڵ جوڵانه‌وه‌یه‌ك درووست ده‌كات، به‌ تایبه‌تی ئه‌و جوڵانه‌وه‌یه‌ نیشانه‌ی پرسیاری گه‌وره‌ی له‌سه‌ر بێت و له‌ خانه‌ی خراپه‌دا پۆلێن كرابێت.

هه‌روه‌ها گوتی: ئه‌و لایه‌نه‌ شه‌ڕی وڵاتی خۆی له‌ ده‌ره‌وه‌ی وڵاته‌كه‌ی ده‌كات. باوه‌ڕناكه‌م یه‌كێك پارێزگاری له‌ خێزان و وڵاتی خۆی نه‌كات و بێت و بڵێت پارێزگاری له‌ وڵاتی ئێوه‌ و ماڵی ئێوه‌ ده‌كه‌م، پێویسته‌ گه‌نجانی ئێمه‌ جیاوازی ئه‌و بابه‌تانه‌ بكه‌ن.

فازڵ میرانی روونیكرده‌وه‌، په‌كه‌كه‌ ده‌ڵێن هیچ دۆزێكی نه‌ته‌وه‌ییمان نییه‌، ئه‌ی بۆ له‌ چیاكانن، به‌ هه‌موو  پێوه‌رێك ئه‌و دیموكراتییه‌ی له‌ توركیا هه‌یه‌، نه‌ له‌ سووریا، نه‌ له‌ عێراق و نه‌ له‌ ئێران نییه‌. خه‌باتی خۆتان به‌ دیموكراتی بكه‌ن، پێش دوو مانگ حكومه‌تی توركیا 100 ملیۆن دۆلاری دایه‌ فراكسیۆنی هه‌ده‌په‌، چونكه‌ یاسایه‌ له‌ په‌رله‌مانی توركیا و نه‌یانوت، ئێوه‌ كوردن ئه‌و پاره‌یه‌تان ناده‌ینێ، ئێ ئه‌وه‌ نه‌ له‌ ئێران و نه‌ له‌ عێراق و سووریا نییه‌.

فازڵ میرانی، سكرتێری مه‌كته‌بی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان دووپاتیكرده‌وه‌، په‌كه‌كه‌ هاتوون ئه‌م ئه‌زموونه‌ تێك بده‌ن. تێكدانه‌كه‌ ئامانجی ئه‌و نییه،‌ به‌ڵكو ئه‌و ئامرازی ئه‌و تێكدانه‌یه‌. ئه‌وان درووست بوون بۆ ئه‌وه‌ی كورد نه‌بێته‌ هیچ، ئه‌گه‌رنا سنجار، كه‌لار، خانه‌قین و سلێمانی له‌سه‌ر سنوور نین.

فازڵ میرانی هه‌روه‌ها گوتی: ئێمه‌ نیگه‌رانی ئه‌وه‌ نین له‌ پارچه‌ زه‌وییه‌ك بمێننه‌وه‌، به‌ڵكو ئێمه‌ نیگه‌رانی ئه‌وه‌ین، خۆیان بكه‌نه‌ به‌دیلی بڕیاردانی سیاسی و ئیداری له‌ هه‌رێمی كوردستان، كه‌ به‌داخه‌وه‌ له‌ سلێمانی ده‌ستدرێژی و تێكه‌ڵی و ده‌ستوه‌ردانیان له‌ كاروباری هه‌رێم گه‌یشتووه‌ته‌ ئه‌وه‌ی ئه‌وان زاڵتر بن به‌سه‌ر بڕیار و حوكمدانی ئه‌و براده‌رانه‌ی حوكمڕانی ده‌كه‌ن.

له‌ به‌شێكی دیكه‌ی وتاره‌كه‌یدا، فازڵ میرانی باسی له‌وه‌ كرد، گه‌نجێكی خه‌ڵكی ده‌ربه‌ندیخان و ده‌رچووی كۆلیژی زانست، له‌ ئه‌زمڕ به‌ فڕۆكه‌ی توركان كوژرا، ده‌وترا شه‌هید، به‌ڵام من وتم ئه‌وه‌ كوژراوه‌، چونكه‌ ئه‌و له‌ دوای راپه‌ڕین له‌دایكبووه‌ و  گه‌وره‌ بووه‌ و چووه‌ چه‌كی هه‌ڵگرتووه‌ دژی ئه‌و زانكۆیه‌ی كه‌ ئه‌وی په‌روه‌رده‌ كردووه‌، كاتێك سه‌ربازانی حكومه‌ت ده‌هاتنه‌ چیا و شه‌ڕی ئێمه‌یان ده‌كرد، كه‌س پێی نه‌ده‌وتن شه‌هید، ئه‌رێ كه‌س كچی خۆی ده‌كاته‌ قوربانی كوڕی خه‌ڵكی.